دكتۆرەكانی پارێزگای كەركوك، ئامادەنین لە كلینیكە ئەهلییەكاندا بڕی 40 هەزار دینار بۆ بینینی نەخۆش وەربگرن، وەك لە بڕیارەكانی سەندیكای پزیشكانی عیراقدا دیاریكراوە.
سەندیكای پزیشكانی عیراق، لە چەند مانگی رابردودا نوسراوێكی رەوانەی كەركوك كردووە و رێگەدەدات بە وەرگرتنی بڕی 10 تا 40 هەزار دینار بۆ بینینی نەخۆش لە كلینیكە ئەهلییەكاندا، بەڵام لقی كەركوكی ئەو سەندیكایە بڕیارەكە رەتدەكاتەوە.
دكتۆر وەلید محەمەد عەلی، لێپرسراوی لقی كەركوكی سەندیكای پزیشكانی عیراق بە (كەركوك ناو)ـی وت "چەند مانگێكە ئەو نوسراوەمان بۆ هاتووە تا نرخی پشكنینی نەخۆش بكرێتە 10 بۆ 40 هەزار دینار، بەڵام ئێمە ئەو نرخەمان پێباش نییە، لەگەڵ ئەوەدا نین نرخەكە زیادبكرێت".
بەپێی بەدواداچونی (كەركوك ناو) نرخی پشكنین و بینینی نەخۆش لە كلینیكە ئەهلییەكانی كەركوك ماوەی زیاتر لە 10 ساڵە تەنیا 15 هەزار دینارە.
"ئەو نرخەی ئێستا زۆر باشە، نە زۆرە نە كەم، بۆیە هیوادارین گۆڕانكاری تیادا نەكرێت" فاتیمە رەشید وای وت، ئەو لە چلەكانی تەمەنیدایە و دەڵێت لەكاتێكدا خۆی هیچ كارێك ناكات، هاوسەرەكەی بە كرێكاری رۆژانە كەمتر لە 25 هەزار دیناری دەستكەوێت و لە توانایاندا نییە سەردانی دكتۆر بكەن ئەگەر نرخەكەی زیاد بكرێت.
فاتیمە سێ منداڵی هەیە و بۆ (كەركوك ناو) دەڵێت "ئەگەر منداڵێكمان نەخۆش بێت خۆ ئەبێت قەرزی بۆ بكەین ئەگەر نرخی عیادەكان زیاتر بكرێن، ئەوەش بەس بۆ بینینی دكتۆر، جگە لە پارەی فەحس و دەرمان و هاتوچۆ، بۆیە هیوادارین چاویان لە خەڵكانی هەژار بێت".
لە كەركوك نزیكەی 800 كلینیكی ئەهلی هەن لەگەڵ زیاتر لە 300 نەخۆشخانە و دامەزراوەی تەندروستی حكومی بۆ زیاتر لە ملیۆنێك و 700 هەزار دانیشتوی پارێزگاكە، ئەوەش بەپێی ئامارەكانی سەندیكای پزیشكان و دەزگای ناوەندی ئامار سەر بە حكومەتی فیدراڵی.
دەبێت بۆ سەردانیكردنی دكتۆر قەرز بكەین ئەگەر نرخی عیادەكان زیاتر بكرێن
روناك عەلی، دكتۆری پسپۆڕی نەخۆشییەكانی ژنان بە (كەركوك ناو)ـی وت "راستە مافی خۆمانە نرخی بینینی نەخۆش بەرزبكەینەوە وەك پارێزگاكانی دیكەی عیراق، بەڵام من بە هیچ شێوەیەك ئامادەنیم نرخەكە زیادبكەم، نەك هەر ئەوەش بەڵكو لە كلینیكی تایبەتی خۆم رۆژانی پێجشەممانم دیاریكردووە بۆ بینینی نەخۆشی كەمدەرامەت و ژنە شەهید بەبێ بەرانبەر".
دكتۆرە روناك دەڵێت لەگەڵ هەندێك تاقیگەشدا رێككەوتنی كردووە هەر كەسێك لە كلینیكەكەی ئەوەوە نوسراوی پێبوو ئەوا هاوكاری بكرێن و بە نیوەی نرخ پشكنینیان بۆ بكرێت.
ئۆفیسی سەرەكی سەندیكای پزیشكانی عیراق، لە كۆتایی نیسانی ئەمساڵدا رونكردنەوەیەكی بڵاوكردۆتەوە و دەڵێت نرخی 10 هەزار تا 40 هەزار دینار، بەپێی تەمەنی كاركردنی دكتۆر و پسپۆڕی و ئەزمون و بڕوانامەكانی دەگۆڕێت، ئەوانەی كۆتا نرخ دەیانگرێتەوە 10 ساڵە بڕونامەی بەرزیان بەدەستهێناوە، لەگەڵ ئەوەشدا زۆرینە نرخێكی مامناوەند وەردەگرن.
ڤیدیۆ: دكتۆرێكی كەركوكی لە كلینیكێكی خێرخوازیدا بێبەرانبەر چارەسەری نەخۆش دەكات
سەندیكای پزیشكان لە كەركوك زیاتر لە هەزار و 400 ئەندامی هەیە و بەخواستی خۆیان بڕیاردەدەن بڕی 40 هەزار دینار وەربگرن یان كەمتر، لە سەندیكاوە بۆ هیچ بڕیارێك ناچار ناكرێن.
لێپرسراوی لقی كەركوكی سەندیكا دەڵێت چەندین دكتۆر هەن لە هەفتەیەكدا رۆژێك یان دوو رۆژیان بۆ بینینی نەخۆش بە خۆڕایی تەرخانكردووە، ئەوەش بۆ كەسانی كەمدەرامەت و كەسوكاری شەهید و منداڵانی بێسەرپەرشت.
"بە پێچەوانەوەی كەركوكەوە لە هەندێك پارێزگا دكتۆری واهەیە نرخی بینینی نەخۆشی لە كلینیكەكەیدا كردۆتە 75 هەزار دینار، بەڵام ئێمە دڵنیایی بە هاوڵاتیان دەدەین بە هیچ شێوەیەك لای ئێمەوە نرخ بەرزناكرێتەوە" دكتۆر وەلید محەمەد وای وت.
لە كەركوك زیاتر لە هەزار و 40 دكتۆر هەن لەنێویاندا پسپۆڕییە جیاوازەكان لەگەڵ 433 دكتۆری ددان و 462 دەرمانساز، بەپێی ئامارەكانی دەزگای ناوەندی ئامار بۆ ساڵی 2018.