تەواوی پەرلەمانتاران و كارمەندانی پەرلەمانی عیراق ئاگاداركرانەوە كە بینای پەرلەمان چۆڵبكەن، ئەوەش بەهۆی فراوانبونی خۆپیشاندانەكانی ناوچەی سەوز لە بەغدا.
دواینیوەڕۆی ئەمڕۆ سێشەممە 7ی حوزەیران، دەزگا ئەمنییەكانی عیراق، ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەرانیان ئاگاداركردەوە كە بینای پەرلەمان چۆڵبكەن، دوابەدوای فراوانبونی خۆپیشاندانی كارمەندانی گرێبەست كە داوادەكەن لە چوارچێوەی پڕۆژە یاسای ئاسایشی خۆراكدا بكرێن بە هەمیشەیی.
شەریف سلێمان، ئەندامى ئەنجومەنى نوێنەرانى عیراق لە فراکسیۆنى پارتى بە (کەرکوک ناو)ى وت "تا كاتژمێر 1:30 خولەكی دواینیوەڕۆ لە بینای پەرلەمان بوم، دواتر ئاگاداركراینەوە كە پێویستە لەپێناو سەلامەتی گیانمان بیناكە چۆڵبكەین، ئەوەبوو چۆڵمان كرد".
ئاگاداركراینەوە كە پێویستە لەپێناو سەلامەتی گیانمان بیناكە چۆڵبكەین، ئەوەبوو چۆڵمان كرد
هاوكات جەمال کۆچەر، ئەندامى ئەنجومەنى نوێنەرانى عیراق لە فراکسیۆنى یەکگرتوی ئیسلامی، وتی "رێنماییەكە ئەوەبووە كە دەبێت ئەمڕۆ بینای پەرلەمان چۆڵبكەن، ئەوەش بەهۆی خۆپیشاندانی كارمەندانی گرێبەست سەر بە وەزارەتی كارەبای عیراق".
خۆپیشاندانەكە هاوكاتە لەگەڵ گفتوگۆی پەرلەمانی عیراق لەسەر پڕۆژە یاسای ئاسایشی خۆراك كە بڕیارە سبەی چوارشەممە 8ی حوزەیران دەنگی لەسەر بدرێت.
پڕۆژە یاساكە بەپێی وتەی جەمال كۆچەر، خۆی دەبینێتەوە لە تەرخانكردنی 25 ترلیۆن دینار بۆ كۆمەڵێك سێكتەری خزمەتگوزاریی لەوانە كارەبا، ئاسایشی خۆراك، كشتوكاڵ، گەشەپێدانی پارێزگاكان و چاودێری كۆمەڵایەتی.
جەمال كۆچەر وتی "خۆپیشاندەران دەیانەوێت لە چوارچێوەی ئەو پڕۆژە یاسایەدا گرێبەستی كاركردنیان بۆ بكرێت بە هەمیشەیی، بەڵام لەناو پڕۆژەكەدا هیچ ئاماژەیەك بەوە نەكراوە".
خۆپیشاندەران دەیانەوێت لە چوارچێوەی ئەو پڕۆژە یاسایەدا گرێبەستی كاركردنیان بۆ بكرێت بە هەمیشەیی
ئەو باسی لە گرنگی تێپەڕاندنی پڕۆژە یاساكە كرد و وتی "دەرگا بۆ پەرلەمان و حکومەت دەکاتەوە کە بتوانن دواتر یاسای بودجە پێشكەش بكەن، لەگەڵئەوەشدا پارەیەكی باش لەبەردەم ئەم حكومەتەی ئێستادا دەبێت كە بۆ خزمەتگوزاریی خەرجی بكات".
لەبارەی ئەوەی ئایا خۆپیشاندانەكە كاریگەری لەسەر دانیشتنەكەی سبەی چوارشەممە دەبێت كە بڕیارە تیایدا دەنگ لەسەر پڕۆژە یاساكە بدرێت، جەمال كۆچەر وتی "بە بڕواى من كاریگەری نابێت و سبەى دەنگدان لەسەر پڕۆژەکە دەکرێت، چونکە هیچ دەرفەتێك نەماوە".