لە دوای هێرشەكانی روسیا بۆ سەر ئۆكرانیا لە كۆتایی شوباتی 2022ـدا، چەندین زانیاری هەڵە و دەنگۆ لەلایەن عیراقییەكانەوە لە سۆشیاڵ میدیا بڵاوكرایەوە كە ئاماژەیان بەوەدەكرد پەتای كۆڤید-19 فێڵێك بووە و پاڵنەری سیاسی لەپشتەوە بووە بۆیە ئێستا بەهۆی شەڕەكەی ئۆكرانیاوە كۆتایی هاتووە. بەڵام لە دەستپێكردنی شەڕەكەوە تا كۆتایی مانگی ئاداری 2022ـدا، ژمارەی حاڵەتە نوێیەكانی توشبون بەكۆڤید-19 لەسەرتاسەری جیهاندا (55,340,850) حاڵەت بووە و كۆی حاڵەتەكانی مردن بەهۆی پەتاكە لەو ماوەیەدا (200,712) حاڵەت بووە.
تەنیا لەعیراق؛ لە دەستپێكی شەڕی روسیا و ئۆكرانیاوە (24ـی شوباتی 2022) تا كۆتایی مانگی ئاداری هەمان ساڵ، (21,045) حاڵەتی نوێی توشبوون تۆماركراوە، جگە لە تۆماركردنی 232 حاڵەتی مردن بە پەتاكە لەو ماوەیەدا، ئەم داتایە لە پەیجی فەرمی وەزارەتی تەندروستی عیراق و وەزارەتی تەندروستی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە فەیسبوك بڵاوكراوەتەوە.
بەشی دووەمی ئەم پۆستە باس لەو گۆڕانكارییە دەكات كە لە ڕەنگی خوێن ڕوودەدات دوای وەرگرتنی ڤاكسین، خوێنی مرۆڤ رەنگی سوورە بەهۆی پرۆتینێك كە پێی دەوترێت هیمۆگڵۆبین، رەنگی سووری هێمۆگڵۆبین دەگەڕێتەوە بۆ پێكهاتەیەكی سوور كە پێی دەوترێت هیم (heme) كە یارمەتی گواستنەوەی ئۆكسجین دەدات لە لەشدا، بەبێ هیمۆگڵۆبین رەنگی خوێن زەردباو و كاڵتر دەبێت. ئەو كەسانەی بە ڤاكسینی كۆڤید-19 دەكوترێن ئاستی هیمۆگڵۆبین لەخوێنیاندا كەم نییە و ڤاكسینەكەش رەنگی خوێن ناگۆڕێت.
بایەخدانی میدیا بەمدواییە بە پەتای كۆڤید-19 كەمیكردووە، ئاشكرایە ئێستا سەرنجەكە زیاتر لەسەر شەڕی روسیا و ئۆكرانیایە، ئەمە بەو واتایە نییە پەتای كۆڤید-19 كۆتایی هاتووە، بەڵكو ئەولەویەتەكانی میدیا گۆڕاوە.