ئاوی خواردنەوەی پێویست بە دانیشتووانی خانەقین ناگات، بەشیك لە هۆكارەكەشی بۆ كەمبونەوەی ئاوی بەنداوی ئەڵوەند و گرتنەوەی ئاوی سیروان دەگەڕێنرێتەوە كە دوو سەرچاوەی سەرەكی ئاوی پڕۆژەی خانەقینن.
گرفتی كەمبونەوەی ئاوی خواردنەوە لە خانەقین لەگەڵ هاتنی وەرزی گەرما دەستیپێكردووە و چاوەڕواندەكرێت بە هاتنی وەرزی هاوین هاوڵاتیان روبەڕوی كێشەی زیاتر ببنەوە.
سوعاد ئیبراهیم، دانیشتوی گەڕەكی ئەركەوازی لە خانەقین، وتی "دوو مانگە ئاو دەكڕین، هەر تەنكەرێك بە 15 هەزار دینار، ئەوە بۆ ئێمە زۆرە، هەر بۆیە بۆ ئەوەی ئاو زوو تەواونەبێت خۆشۆردنیشمان كەمكردۆتەوە".
دوو مانگە ئاو دەكڕین، هەر تەنكەرێك بە 15 هەزار دینار
سوعاد كە لە خێزانەكەیاندا شەش كەسن، وتی "هیوادارم حکومەت خەمێکمان لێ بخوات ئەمساڵ خراپترین ساڵ بووە لە بێئاویدا".
بەگشتی گەڕەك هەیە 10 رۆژ یان زیاتر ئاویان بۆ بەردەدرێتەوە، بەڵام چەند كاتژمێرێكی كەم، هەندێك گەڕەگ دۆخیان باشترە.
یوسف محەمەد، دانیشتوی گەڕەکى بەختیارى خانەقین، وتی "هەركاتێك ئاو تەواودەبێت تەنكەرێكی تر دەكڕین... ماوەیەك ئاوی بیرە ئیرتیوازییەكانی سەردەمی سەدام حسێنمان بەكاردەهێنا، بەڵام ئاوەكەی پیسە و بە كەڵكی خواردنەوە نایات".
خانەقین بۆ ئاوی خواردنەوە جگە لە نۆ پاڵاوگە و 27 بیری ئیرتیوازی، پشت بە پڕۆژەی ئاوی خانەقین دەبەستێت. ئەو پڕۆژەیە لە ساڵی 1968دا دروستكراوە كاتێك ژمارەی دانیشتووانی قەزاكە بەپێی ئیدارەی خانەقین شەش هەزار كەس بووە، بەڵام لە ئێستادا 90 هەزار كەس لە قەزاكە دەژین.
حەسەن ئاغاجان، بەڕێوبەرى فەرمانگەی ئاوى خانەقین بۆ (کەرکوک ناو)ی رونكردەوە كە دوو كێشەی سەرەكی هۆكارن بۆ كەمبونەوەی ئاوی خانەقین، "كەمبونەوەی ئاوی بەنداوی ئەڵوەند و گرتنەوەی ئاوی سیروان".
ئەو وتی "سەرچاوەی ئاومان وشكبووە، ئاو بە پڕۆژەی ئاوی خانەقین ناگات، جگە لە پڕۆژەی ئاوی خانەقین، نۆ پاڵاوگەی ترمان هەیە و ئاوی بۆ ناچێت".
سەرچاوەی ئاومان وشكبووە، ئاو بە پڕۆژەی ئاوی خانەقین ناگات
خانەقین بۆ ئاوی خواردنەوە پشت بە ئاوی سەرزەوی دەبەستێت، بەڵام بەهۆی كەمبونەوەی بڕی بارانبارین، ئاوی سەرزەویش كەمبۆتەوە.
ئیدارەی خانەقین سەر بە پارێزگای دیالە، هەفتەی رابردوو لەگەڵ ئیدارەی گەرمیان سەر بە پارێزگای سلێمانی كۆبونەتەوە و داوایانكردووە روباری سیروان بەربدەنەوە بۆ ئەوەی ئاو بە پاڵاوگەكانی خانەقین و پڕۆژەی ئاوی خانەقین بگات.
حەسەن ئاغاجان، وتی "لە چاوەڕوانیدان لەم هەفتەیەوە ئاو بەربدەنەوە، هەرچەندە ئەوە كێشەی كەمئاوی چارەسەرناكات، بەڵام باشترە".
لە ساڵی 2014 حكومەتی عیراق رەزامەندی نیشاندا، بە دروستكردین پڕۆژەیەكی سەرەكی ئاوی خواردنەوە بۆ خانەقین، هەرچەندە كۆمپانیایەك جێبەجێكردنی پڕۆژەكەی وەرگرت، بەڵام بەهۆی شەڕی داعش-ەوە لە ناوەڕاستی ئەو ساڵەدا، كارەكان راگیران.
حەسەن ئاغاجان، وتی "لە 2021 جارێكی تر داوای دروستكردنی ئەو پڕۆژەیەمان كردەوە، بڕیاربوو لە ئەمساڵدا دەستپێبكەنەوە بەڵام جارێ هیچ دەنگ نییە".
ئەوەش لەكاتێكدایە كێشەی گەورەی خانەقین لەئێستادا وەك حەسەن ئاغاجان دەڵێت كەمی ئاوی سەرزەوییە بۆ پاڵاوگەكانیان.
پێشتر (كەركوك ناو)، لە راپۆرتێكیدا بڵاویكردەوە كە پڕۆژەی ئاوی خانەقین لە كاتژمێرێكدا 800 مەتر سێجا ئاو بەرهەمدەهێنێت، لەكاتێكدا دانیشتووانی خانەقین پێویستیان بە 2000 مەتر سێجا ئاو هەیە لە هەمان ماوەدا.
ئاغاجان زیاتر وتی "پڕۆژەی ئاوی خانەقین و ئەو 27 بیرە ئیرتیوازییەی هەیە، هێشتا ناتوانن پێداویستی خەڵكی خانەقین پڕبكەنەوە".
ئەو داوایكرد ئەو گەڕەكانەی كە ئاویان باشتر بۆ دەچێت، دەست بە ئاوەوە بگرن و زیادەڕۆیی لە بەكارهێنانیدا نەكەن.