هەشت بێ لەمشت بێ
جوتیارانی خانەقین گەنمەكانیان بە حكومەت نادەن

عیراق: پرۆسەی وەرگرتنی ەنمی جوتیاران بۆ ساڵی 2022. فۆتۆ: وەزارەتی بازرگانی عیراق

لەیلا ئەحمەد – خانەقین

زۆرێك لە جوتیارانی خانەقین، ئامادەنین گەنمی ئەمساڵیان بدەن بە حكومەت و بە نرخێكی كەمتر لە بازاڕدا دەیفرۆشنەوە، نەبونی متمانە بە حكومەت یەكێكە لە هۆكارە سەرەكییەكان، لەپاڵ نەبونی سایلۆ لە قەزاكەدا.

حكومەتی عیراق لە كۆتایی مانگی ئایارەوە دەستیكردووە بە وەرگرتنی گەنمی جوتیاران لە پارێزگاكانی عیراق لەڕێی سایلۆكانەوە و بۆ هەر تەنێك بڕیاریداوە 850 هەزار دیناریان پێبدات. بەڵام ئەمساڵ زۆرترین جوتیاری قەزای خانەقین گەنمەكانیان بە نرخێكی هەرزانتر لەو نرخەكەی حكومەت لە بازاڕدا دەفرۆشت.

ئاراز مەجید، 50 تەن گەنمی بەرهەمهێناوە، دەستیكردووە بە فرۆشتنی گەنمەكەی لە بازاڕدا، وتی "هەندێكیم فرۆشتووە لە چەند رۆژی داهاتودا ئەوانەی تریش دەفرۆشم، هەر تەنێك بە 750 هەزار دینار... بەهیچ شێوەیەك ئامادەنیم یەك دەنكە گەنم ببەم بۆ سایلۆكانی حكومەت".

"متمانەم بە حكومەت نییە، هێشتا 16 ملیۆن دیناری پارەی گەنمی ساڵانی پێشوی پێنەداوم، باشترە لە بازاڕدا بیفرۆشمەوە، هەرچەندە ئەویش پارەكەی دوادەكەوێت، بەڵام وەكو حكومەت نییە"، ئاراز مەجید جوتیارە لە خانەقین جەختیكردەوە كە ئەوە هۆكاری سەرەكی فرۆشتنی گەنمەكەیەتی لە بازاڕدا. ئەوەش وەك ئەو پەندە كوردییەی كە دەڵێت "هەشت بێ لە مشت بێ، نەك نۆ بێ و لە دەشت بێ".

متمانەم بە حكومەت نییە، هێشتا 16 ملیۆن دیناری پارەی گەنمی ساڵانی پێشوی پێنەداوم

هۆكارێكی تر ئەوەیە دەبێت گەنمەكەی بباتە سایلۆی بەعقوبە –ناوەندی پارێزگای دیالە-، جگە لە كرێی هاتوچۆ، دەبێت هەفتەیەك لە سەرەدابێت و بۆ هەر شەوێكیش 25 هەزار دینار بداتە بارهەڵگرەكە.

حكومەتی عیراق هێشتا پارەی گەنمی جوتیارانی ساڵانی 2014ە و 2015ەی نەداوە، یەكێك لە هۆكارەكان ئەوە بووە كە گەنمی كڕدراو تێكەڵ بە گەنمی جوتیاران كراوە و بە سایلۆكانی حكومەت فرۆشراوەتەوە، ئەو پرسە چەند ساڵێكە یەكلایینەكراوەتەوە و بەهۆیەوە زۆرێك لە جوتیاران لە ناوچە جیاوەزەكانی عیراق زەرەرمەندبون و وایكردووە متمانەیان بە حكومەت نەمێنێت.

ganmdaquq
كەركوك/ 12ی ئایاری 2021/ دەستپێكردنی دروێنەی گەنم لە قەزای داقوق. فۆتۆ: محەمەد ئەڵماس

ئاراز مەجید وتی "دەبێت حكومەت تێبگات كە ئێمە پارەیەكی زۆر خەرجدەكەین تا بەروبومەكانمان پێدەگەیەنین، هەر لە پەین، بنەتۆ، دەرمان و كێلانی زەوی... تەنیا ئەمساڵ 25 ملیۆن دینارم زەرەركردووە، چونكە مەسروفەكەم كرد و بێ بارانی بوو، بەرهەم نەهات".

لە قەزای خانەقین 1000 جوتیار ناویان لە فەرمانگەی كتشوكاڵی خانەقین تۆماركراوە، لەو ژمارەیە 400 جوتیار ساڵانە گەنم و جۆ دەچێنن.

کامەران عەبدوڵا، بەڕێوەبەرى کشتوکاڵى قەزاى خانەقین بە (کەرکوک ناو)ی وت ئەمساڵ زۆرترین جوتیار ئامادەنین گەنمەكانیان بدەن بە سایلۆكان و وتی "خۆیان لە بازاڕدا دەیفرۆشنەوە".

بەپێی بەدواداچونی (كەركوك ناو)، ئەوانەی گەنمیان لە جوتیاران كڕیوە، خۆیان بەشێكی دەبەنە سایلۆكان و بۆ هەر تەنێك 100 هەزار دیناریان لەو مامەڵەیە دەستدەكەوێت بەكرێی هاتوچۆوە. بەڵام بەشێكیان بەرومەكە هەڵدەگرن.

لە قەزای خانەقین كە ناوچەیەكی جێناكۆكە لە نێوان هەردوو حكومەتی فیدراڵ و هەرێم و سەر بە پارێزگای دیالەیە، ئەمساڵ 13 هەزار دۆنم زەوی بەگەنم چێنرا، بەڵام ساڵی رابردوو 25 هەزار دۆنم زەوی كرابۆوە گەنم، ئەو كەمكردنەش بەپێی فەرمانگەی كشتوكاڵی خانەقین بەهۆی وشكەساڵییەوە بووە.

ئەکرەم حاتەم، جوتیارێكی تری خانەقینە، وتی "ئەمساڵ تەنیا 300 دۆنم زەویم بە گەنم چاندووە، چونكە ئاوی هەردوو روباری ئەڵوەند و سیروان كەمبۆتەوە، ئێمە بە پلەی یەكەم لە ئاودانی زەوییەكانمان پشتمان بەو دوو روبارە دەبەست، بەهۆیەوە تەنیا 20 تەن گەنمم بۆ بەرهەمهات، بەڵام ساڵی رابردوو 450 تەن گەنمم هەبوو".

ئەكرەم وتی "گەنمەكەم لە بازاڕدا تەنی بە 750 هەزار دینار دەفرۆشم و نایدەم بە حكومەت... چونكە هێشتا پارەی ساڵی رابردوم وەرنەگرتووە... لە بازاڕدا لانیكەم زوتر پارەكە وەردەگرم، هەرچەندە ئەویش دوادەكەوێت".

گەنمەكەم لە بازاڕدا تەنی بە 750 هەزار دینار دەفرۆشم و نایدەم بە حكومەت

لەبارەی هۆكاری چاوەڕواننەكردن بۆ پارەكەی حكومەت، وتی "ئێمە بەردەوام پێویستمان بە پارەیە بۆ ئەوەی لە كاری چاندن و كشتوكاڵی بەردەوامبین، ئەمساڵ 30 ملیۆن دینارم زەرەر كردووە، ناتوانم ئەوەندە چاوەڕێی حكومەت بكەم".

كامەران عەبدوڵا، بەڕێوەبەری كشتوكاڵی خانەقین، وتی "ژمارەیەكی زۆر كەم لە جوتیاران ناویان تۆماركردووە بۆ ئەوەی گەنمەكانیان ببەن بۆ سایلۆكان... هۆكاری سەرەكی دواكەوتنی پارەكانیانە".

ساڵی رابردوو 36 هەزار تەن گەنم لە قەزای خانەقین بەرهەمهات، بەڵام ئەمساڵ بڕەكە بۆ 15 هەزار تەن كەمبۆوە، هەر بەپێێ ئاماری كشتوكاڵ.

"داواکارم لە جوتیاران ئەگەر گەنمەکانیان لەبازاڕدا نەفرۆشتووە، رادەستی سایلۆكانی حكومەتی بكەن، چونكە ئەمساڵ عیراق روبەڕوی گرانی گەنم و كێشەی كەمی ئارد دەبێتەوە، لەگەڵئەوەشدا ئەگەری هەیە لەدواى تەواوبونی وەرگرتنی گەنم راستەوخۆ پارەكانیان پێبدرێت".

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT