سایلۆكانی پارێزگای نەینەوا، لەنێویاندا سایلۆی شنگال، پڕۆسەی وەرگرتنی گەنمی جوتیارانی دەستپێكرد كە بۆ هەر تەنێك 850 هەزار دینار بە جوتیاران دەدا، ئەوەش لەسەر بڕیاری وەزارەتی بارزگانی عیراق.
لە نەینەوا كە گەورەترین پارێزگای عیراقە لە بەرهەمهێنانی گەنم، حەوت سایلۆی تایبەت بە وەرگرتنی دانەوێڵە كراوەتەوە و یەكشەممە 29ی ئایار سایلۆی شنگال پێشوازیكرد لە چوار ترێلەی گەنمی جوتیاران، ئەوەش بەپێی وتەی فەرمانبەرێكی سایلۆكە، كە بەباشی نەزانی ئاماژە بە ناوەكەی بكرێت.
ئەو فەرمانبەرە وتی "بۆ هەر تەنێك گەنم 850 هەزار دینار بە جوتیاران دەدەین، ئەمساڵ وەكو ساڵی رابردوو گەنمی پلەیەك و پلە دوو نییە، وەزارەت پێی وتوین گەنمی خاوێن بە 850 هەزار دینار وەربگرن، ئەگەر كواڵیتییەكەی زۆر باش نەبێت بە كەمتر گەنمەكە لە جوتیاران وەردەگرین". زیاتر وتی "لە ئەمڕۆوە جوتیاران دەتوانن گەنمەكانیان بۆ سایلۆ بهێنن".
بۆ هەر تەنێك گەنم 850 هەزار دینار بە جوتیاران دەدەین
خالد قاسم، جوتیارە لە کۆمەڵگاى گۆهبەلە سەر بە ناحیەى سنونێ لە شنگال، دەڵێت ئاگادارە سایلۆكە دەستیكردووە بە وەرگرتنی بەرهەمی جوتیاران، بەڵام ئەو هێشتا دروێنەی گەنمەكەی نەكردووە و جارێ بڕیاریشی نەداوە گەنمەكەی بە وەزارەتی بازرگانی بدات یاخود خۆی لە بازاڕدا دەیفرۆشێت.
"ئەمساڵ 15 دۆنم زەویم بە گەنم چاندووە، چەند رۆژێكی تر دروێنەدەكەم و بڕیاردەدەم بیبەمە سایلۆ یاخود نا، چونكە بەرهەمی گەنم ئەمساڵ لە شنگال زۆر كەمە و دەبێت چاوەڕێ بكەم بزانم چۆن دەبێت".
له قهزای شنگال (120كم خۆرئاوای موسڵ)، زیاتر له 300 ههزار دۆنم زهوی كشتوكاڵی ههیه و بهشی ههره زۆری ئهو روبهرهش پشت به ئاوی باران دهبهستێت، ئەوەش لەكاتێكدایە دوو ساڵە لە تەواوی عیراق رێژەی باران بارین زۆر كەمبۆتەوە.
بەرەکات عیسا، بەڕێوەبەرى هۆبەى چاندن لە ناحیەى سنونێ سەر بە قەزای شنگال، وتی لە تەواوی ناحییەكەی ئەوان 9000 دۆنم زەوی كراوە بە گەنم، پێشبینی دەكەن 2500 تەن بەرهەمیان هەبێت.
"جوتیاران ئازادن لەوەی بەرهەمەكانیان دەدەنە حكومەت یاخود نا، ئازادیشن لەوەی لەكام سایلۆ لەو حەوت سایلۆیەی نەینەوا دایدەنێن"، بەرەكات وایوت.
جوتیاران ئازادن لەوەی بەرهەمەكانیان دەدەنە حكومەت یاخود نا
بەپێی وتەی بەرەكات عیسا، ئەگەر كواڵیتی گەنمەكە زۆرباش بێت، بۆ هەر تەنێك 850 هەزار دینار بە جوتیاران دەدرێت، ئەگەریش زۆرباش نەبێت ئەوا 750 هەزار دینار.
وتیشی "هێشتا بەرهەمی ئەمساڵ نازانرێت چەندە، بەڵام بەشێك لە جوتیاران خۆیان بۆ وشكەساڵی ئامادەكردبوو و ئامێری ئاودان و رشاندنی بەرهەمەكانیان كڕیبوو، بەدڵنیاییەوە بەرهەمی ئەمساڵ وەكو ساڵانی رابردوو نابێت رەنگە باشتر بێت".
ساڵی رابردوو 30 هەزار تەن گەنم لە قەزای شنگاڵ بەرهەمهێنرا، لەكاتێكدا ساڵی 2020 بەرهەمی قەزاكە 126 هەزار تەن بوو.
رەبیع یوسف ئەلیاس، بەڕێوەبەری كشتوكاڵی نەینەوا، لە مانگی شوباتی ئەمساڵ، بە (كەركوك ناو)ی وت كە وەزارەتی كشتوكاڵ گرنگی تایبەت بە نەینەوا دەدات، بەوپێیەی سەدا 60ـی بەرهەمی گەنم و جۆی عیراق لە پارێزگاكە بەرهەمدەهێنرێت.
وتیشی "ئێمە پشتگیری جوتیاران دەكەین لە دابینكردنی پەیینی كیمیایی و ئاسانكاری بە مەبەستی گواستنەوەی بەرهەمەكانیان بۆ پارێزگاكانی تر، لەگەڵ پشتگیركردنیان بۆ دابینكردنی ئامێرو تەكنەلۆجیای سەردەمی ئاودێری".