بەشێك لە جوتیارانی كەركوك ترسی ئەوەیان هەیە زیانی زۆریان لێبكەوێتەوە و نەتوانن وەك جاران زەوییەكانیان بچێنن، دوابەدوای بەرزبونەوەی نرخی پێداویستییەكانی كشتوكاڵ بۆ دوو هێندە، ئەوەش بەهۆی رێكارەكانی حكومەتی فیدراڵی عیراقەوە.
حكومەتی عیراق، لە مانگەكانی رابردودا بڕیاریدا چیتر خۆی بنەتۆ و پەیینی كیمیایی و چەندین پێداویستی دیكەی كشتوكاڵی هاوردە نەكات و رێگە بە كەرتی تایبەت بدات ئەو كار بكات.
ئەبو محەمەد، خاوەنی زەوییەكی كشتوكاڵییە لە ناحیەی تازە لە باشوری كەركوك، دەڵێت بەهۆی بڕیارەكەی حكومەتەوە نرخی ئەو پێداویستییانە بۆ دوو هێندە و زیاتریش بەرزبۆتەوە.
"حكومەت پێشتر یەك تەن پەیینی بە 450 بۆ 500 هەزار دینار بە جوتیاران دەفرۆشت بەڵام ئێستا جوتیار خۆی لە بازاڕەكاندا بە ملیۆنێك دینار و زیاتر دەیكڕێت" بەوتەی ئەبو محەمەد بۆ (كەركوك ناو).
حكومەت ساڵانە خۆی پێداویستی كشتوكاڵی هاوردە دەكرد و وەك هاوكاری بە نرخی كەمتر بە جوتیارانی دەفرۆشتەوە.
"ئەو رێكارەی حكومەت جوتیارانی كوشت لەبری ئەوەی خزمەتیان بكات" بەوتەی ئەبو محەمەد دەڵێت ئێستاش لە بازاڕدا ئەو پێداویستییانە تەنیا لەلایەن چەند كۆمپانیایەكەوە هاوردەدەكرێن و ئەوانیش جۆری باشیان نییە، ئەوەشی رونكردەوە گرنگی ئەو پێداویستییانە بۆ كشتوكاڵ هاوشێوەی گرنگی شەكر و پرۆتین و كاربۆهیدراتە بۆ مرۆڤ.
پەیینی كیمیایی، لەڕێی ئامێرەوە و لەگەڵ بنەتۆودا لە زەوی چێنراو بە گەنم بەكاردەهێنرێت، تا بەرهەم باشتری هەبێت.
ئەحمەد عەلی، جوتیارێكی دیكەی كەركوكە و دەڵێت هیچ پاڵپشتییەكی حكومییان نییە، بە پێچەوانەوەی رابردووەوە، ئێستا ساڵ بەساڵ كاری ئەوان زەحمەتتر دەبێت لەكاتێكدا نرخی بەرهەمەكانیان دادەبەزێت و بازاڕی باشیان بۆ ئامادەناكرێت، نرخی پێداویستی كشتوكاڵیش لەسەریان زیاددەكات.
ئەو جوتیارە بە (كەركوك ناو)ـی وت پێش ساڵی 2014 یەك تەن گەنم بە زیاتر لە 850 هەزار دینار دەفرۆشرا بەڵام ئێستا 400 هەزار دینار دەكات، لەكاتێكدا ئەوكات حكومەت هاوكاری جوتیارانیشی دەكرد.
جوتیاران لە ساڵێكدا دووجار پەیینی كیمیایی بۆ زەوییەكانیان بەكاردەهێنن ئەگەرنا ناچاردەبن وەك جاران بگەڕێنەوە بۆ بەكارهێنانی پاشماوەی ئاژەڵ وەك پەیین بۆ كشتوكاڵ.
مەحمود عەزی، سەرۆكی یەكێتیی جوتیاران لە كەركوك دەڵێت هۆكاری كێشەكان ئەنجومەنی كشتوكاڵییە، بۆیە پێویستە رێگەچارەی گونجاو هەبێت لەڕێی دابینكردنی پەیین و پێداویستی دیكەی كشتوكاڵی بۆ جوتیاران لەلایەن حكومەتەوە وەك پێشتر.
ئەنجومەنی كشتوكاڵی لە عیراق لە وەزارەتەكانی (دارایی، كشتوكاڵ، بازرگانی، سەرچاوەكانی ئاو و پلاندانان) پێكهاتون و ئەوان بڕیار لە كاروباری هەناردەی بەرهەم و هاوردەكردنی پێداویستییە كشتوكاڵییەكان دەدەن.
عەزی بە (كەركوك ناو)ی وت ئەوەی بەسەر جوتیاراندا دێت جێگەی قبوڵ نییە، چونكە بەشە پەیینی كیمیاییان كەمكراوەتەوە و كراوەتە پێنج كیلۆ بۆ هەر دۆنمێك، لەكاتیكدا پێویستە بۆ هەر دۆنمێك 45 كیلۆیان پێبدرێت، جگەلەوەی وتی "هیچ پاڵپشتییەك بۆ جوتیاران نییە و ئەمەش وایكردووە نرخی پێداویستییەكانیان لەنێویاندا پەیین بۆ دوو هێندە و زیاتر بەرزبێتەوە".
سەرۆكی یەكێتی جوتیاران دەڵێت پێویستە حكومەت لەبەرانبەر گرانبونی پەیین و پێداویستییەكانی دیكەدا نرخی گەنم و جۆ و بەرهەمەكانی تر بەرزبكاتەوە.
وەزارەتی كشتوكاڵی عیراق، لە بەیاننامەیەكدا و چەند هەفتەیەك لەمەوبەر بڵاویكردەوە هەوڵی تەواو هەیە بۆ گرەنتی بەردەوامی جوتیاران لە كارەكانیان، ئەوەش لەڕێی دابینكردنی بڕی پێویستی پەیین و پێداویستییەكانی ترەوە، بێ ئەوەی وردەكاری ئەو هەوڵانە ئاشكرابكات.