ژمارەیەك پارێزەر، چالاكوانی مەدەنی و سیاسی داوادەكەن كەیسی پێشمەرگە دیلەكانی لای داعش "دیزە بەدەرخۆنە" نەكرێت، بۆ ئەو مەبەستەش تیمێكی چاودێری بۆ كەیسەكە پێكدەهێنن و پارێزەری خۆبەخش بۆ یەكلاییكردنەوەی كەیسەكانیان بەشێوەیەكی یاسایی رادەسپێرن.
پێكهێنانی ئەو تیمە ئەمڕۆ دووشەممە 13ی حوزەیران لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا لە كەركوك راگەیەنرا، ئەوەش دوابەدوای بڵاوكردنەوەی راپۆرتێكی ماڵپەڕی (كەركوك ناو) هات كە تیایدا لێپرسراوێكی دەستگیركراوی باڵای دەوڵەتی ئیسلامی لە عیراق و شام (داعش) لە دانپێدانانێكدا دەڵێت "بڕیاری سەربڕینی هەموو پێشمەرگە دیلەكانی حەویجەم داوە"و شوێنی گۆڕە بە كۆمەڵەكانیشی ئاشكراكرد.
لەتیف فاتیح فەرەج، ئەندامێكی ئەو تیمە لە كۆنگرە رۆژنامەوانییەكەدا وتی "دوای بڵاوبونەوەی راپۆرتەكە لە ماڵپەڕی (كەركوك ناو)، ئێمە بەدواداچونی تریشمان كردووە لەسەر ئەو كەیسە، لەوانە لە پۆلیسی حەویجە زانیاریی ورد بەردەستە، بەتایبەت لەسەر دەستگیركردنی یەكێك لەو داعشانەی كە بەشداریی كردووە لە سەربڕینی پێشمەرگە دیلەكان و دانیشی پێداناوە، بۆیە ئێمە بۆ ئەوەی ئەو كەیسە لەڕوی یاساییەوە رێگەی خۆی بگرێتەبەر و تاوانبار بە سزای خۆی بگات، هەروەها بۆ ئەوەی ئەم كەیسە دیزە بە دەرخۆنە نەكرێت ئەم هەنگاوەمان ناوە".
دوای بڵاوبونەوەی راپۆرتەكە لە ماڵپەڕی (كەركوك ناو)، ئێمە بەدواداچونی تریشمان كردووە لەسەر ئەو كەیسە، لەوانە لە پۆلیسی حەویجە زانیاریی ورد بەردەستە
وتیشی "ئێمە كۆمەڵێك رێگای یاسایی و فشار دەگرینەبەر، رێگای سەرەكی ئەوەیە لەڕێی پارێزەری خۆبەخشەوە كار بۆ نەشاردنەوەی ئەو كەیسە دەكەین"، زیاتر وتی "رێگایەكی تر ئەوەیە پەیامی خۆمان دەگەیەنینە هەردوو حكومەتی فیدراڵ و هەرێم و سەرۆكایەتییەكانی ئەنجومەنی وەزیران و پەرلەمان و سەرۆكایەتییەكانی تر و دەڵێین ئەم كەیسە كەیسێكی گەورەیە و نابێت بشاردرێتەوە".
ڤیدیۆ: ناوبازاڕی حەویجە، ئەو شوێنەی داعش لە 2015دا ژمارەیەك پێشمەرگەی دیلی تیادا نمایشكرد / ئەرشیفی كەركوك ناو
"ئێمە لەڕوی یاساییەوە دەزانین دادگاكان ئیشی خۆیان دەكەن، بەڵام دەشزانین بەشێك لە كەیسەكان زۆركات تۆزی لەسەر دەنیشێت، نامانەوێت ئەم كەیسە تۆزی لەسەر بنیشێت"، لەتیف فاتیح فەرەج وای وت.
هاوكات مەلا فەرمان، چاودێری سیاسیی وتی "لەڕوی سیاسییەوە، ئێمە قسە لەگەڵ دامەزراوەكانی حكومەتی فیدراڵ و هەرێم دەكەین، هەروەها لەگەڵ ئیدارەی پارێزگای كەركوك و لایەنە سیاسییەكانی تر بۆ ئەوەی كەیسەكە بەهەندوەربگیرێت... ئەوەش تەنیا بە ئێمە ناكرێت، داوا لە كەسوكاری پێشمەرگەكان دەكەین زانیاریی تەواومان پێبدەین تا بەدوایدا بچین".
هەفتەی رابردوو و لە 9ی حوزەیران، ماڵپەڕی (كەركوك ناو) بڵاویكردەوە كە فەرماندەی سرییەی لەسێدارەدانی دەوڵەتی ئیسلامی لە عیراق و شام ناسراو بە (داعش)، لە ویلایەتی كەركوك، كە لە ئێستادا لە گرتوخانەی گرتن و گواستنەوەی كەركوك زیندانیكراوە، دانیناوە بەوەی بڕیاری سەربڕینی پێشمەرگە دیلەكانی قەزای حەویجەی دەركردووە و خۆی سەرپەرشتی پرۆسەكەی كردووە، ئەوەش بە ماوەیەكی كەم لە دوای نمایشكردنیان لەناو قەفەسی ئاسندا، جەختیشكردەوە "ئەو كارەم لە تۆڵەی كوشتنی براكەم بووە".
ئەو لێپرسراوە لە سەرەتای ئەمساڵ لەسەر دۆسییەی كوشتنی ئامۆزایەكی خۆی بەپێی ماددەی 406 لە یاسای سزادانی عیراقی لە هەڵمەتێكی هێزە ئەمنییەكان لە باشوری كەركوك دەستگیركراوە، بەڵام دوای لێكۆڵینەوە دەركەوتووە لە سەردەمی دەسەڵاتدارێتی داعشدا لە قەزای حەویجە لێپرسراوێتی هەبووە، لەوانەش فەرماندەی سرییەی لە سێدارەدان.
هەروەها دانیبەوەداناوە كە دەستی هەبووە لە چەندین تاواندا لە نێویاندا سەربڕینی پێشمەرگە دیلەكان، كوشتنی ئامۆزایەكی خۆی، كوشتنی موختارێك و هەوڵدان بۆ كوشتنی مامێكی، بەپێی سەرچاوەكانی (كەركوك ناو)، لەگەڵ بەشداریكردنی لەچەند شەڕێكدا دژی سوپا و هێزی پێشمەرگە لە نێوان ساڵانی 2014 – 2017.
لە بەرەبەیانی 30ی كانونی دووەمی 2015دا، چەكدارانی داعش، لە چوارقۆڵەوە (مریەم بەگ، مەلا عەبدوڵا، مەكتەب خالید و تەلوەرد) هێرشیانكردە سەر كەركوك، دوای كۆنترۆڵكردنی چەند ناوچەیەك و نزیكبونەوەیان لە كەركوك تێكشكان.
لەو شەڕەدا 17 پێشمەرگە كە زۆرینەیان خەڵكی كەركوك بون، بە دیلی كەوتنە دەست چەكدارانی داعش و دوای چەند هەفتەیەكی كەم لەناو قەفەسی ئاسندا لەناو حەویجە كە ئەوكات بەدەست چەكدارانی داعشەوە بوو، نمایشكران.
هەژار كاكەیی، كە وەكو پارێزەری ئەو كەیسە لەلایەن ئەو تیمەی ئەمڕۆ راگەیەنرا دیاریكراوە. وتی "ئەم كارەی ئێمە دوای راپۆرتەكەی (كەركوك ناو) بڕیاری لێدرا، ئێمە دەستخۆشیمان بۆیان هەیە...".
وتیشی "دوای بڵاوبونەوەی راپۆرتەكە بەدواداچونی زیاترمان بۆ ئەو بابەتە كردووە، هەربۆیە راگەیاندنی ئەم دەستپێشخەرییەمان بە پێویستزانی، دەمانەوێت بەشێوەی خۆبەخش كەیسەكە لە ئەستۆبگرین، دوای ئەم كۆنگرەیە هەوڵدەدەین لەگەڵ كەسوكاری پێشمەرگەكان كۆببینەوە و وەكو پارێزەری خۆبەخشی كەیسەكە لە دادگاكان كاربكەین. نامانەوێت ئەم كەیسە فەرامۆشبكرێت".
ڤیدیۆ: راگەیاندنی تیمێك بۆ دۆسییەی پێشمەرگە دیلەكان. ڤیدۆ: كەركوك ناو
وتیشی "لەگەڵ رێكخراوەكانی پەیوەست بە هەڵدانەوەی گۆڕە بە كۆمەڵەكانی سەر بە ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتیش قسە دەكەین. دەمانەوێت وەكو كەیسێكی جیهانی سەیری ئەم تاوانەی داعش بكرێت دژ بە گەلی كورد... هەروەها هەوڵبدەین روفاتەكانیان بهێنینەوە بۆ كەسوكاریان و لە ئەمڕۆوە هەوڵەكانمان بەشێوەی كرداری دەستپێدەكەین".
لە دانپێدانانیدا ئەو لێپرسراوەی داعش وتویەتی "لێپرسراوەكەی داعش جەختیكردۆتەوە لەوەی، تەرمی پێشمەرگەكان بەشێكیان لە گوندی بەگارەیە لە نزیك قەزای حەویجە و بەشێكی تریان لە خانوی ماڵی دادوەرێكن هەر لە حەویجە".
حكومەتی هەرێمی كوردستان لە ساڵی رابردوەوە لە هەوڵدایە شەهیدانە بۆ تەواوی پێشمەرگە دیل و بێسەروشوێنەكانی شەڕی داعش ببڕێتەوە كە ژمارەیان 62 پێشمەرگەیە، بەڵام هێشتا كەسوكاری بەشێكیان بەدوایاندا دەگەڕێن و ئومێدیان ماوە لە ژیاندابن، یان لانیكەم روفاتەكانیان بدۆزنەوە. هەموو ئەوانە لەكاتێكدایە هێشتا حكومەتی هەرێم بەڕەسمی چارەنوسی ئەو پێشمەرگانەی یەكلایینەكردۆتەوە.