رێكخراوی یونیسێف ئیدانەی کوشتنی منداڵێکی تەمەن 12 ساڵ لە شەنگال دەکات و داوا لە هەموو لایەنەکان دەکات منداڵان لە توندوتیژی بپارێزن، ئەوەش لە راگەیەنراوێكدا كە 15ی حوزەیرانی 2022 بڵاوكراوەتەوە.
لە راگەیەنراوەكەدا كە لە ماڵپەڕەكەیاندا بڵاوكراوەتەوە تیایدا لەگەڵ ئیدانەكردنی كوشتنی ئەو منداڵە لە قەزای شنگال لە پارێزگای نەینەوا، جەختیشدەكاتەوە لەوەی "یونیسێف ئیدانەی هەموو کردەوەیەکی توندوتیژی بەرامبەر بە منداڵان دەکات... نابێت هیچ منداڵێک ببێتە قوربانی، شایەتحاڵ و ترس لە توندوتیژی".
یونیسێف داوا لە هەموو لایەنەکان دەکات کە ئەرکەکانیان بەپێی یاسا نێودەوڵەتییەکان بەجێبهێنن بۆ پاراستنی منداڵان و بەبێ دواکەوتن، "هەموو منداڵانی عیراق شایەنی ئەوەن ژیانی خۆیان بژین بەبێ هەڕەشەی بەردەوامی توندوتیژی".
دواینوەڕۆی 15ی حوزەیران منداڵێكی تەمەن 12 ساڵ لە ئەنجامی بۆردومانی فڕۆكەی توركیا بۆ سەر بارەگای ئەنجومەنی خۆبەڕێوەبەری شنگال لە ناحیەی سنونێ كوژرا، كاتێك لە بەردەم دوكانەكەیدا بوو كە نزیكە لەو بارەگایەی بۆردومانكرا.
لەگەڵ كوژرانی ئەو منداڵە، سێ ئەندامی یەكینەكانی بەرخودانی شنگال (یەبەشە) كە لە ناوبارەگاكەدا بون كوژران.
یەبەشە هێزێكی چەكدارە و ئەندامەكانیان زۆربەیان ئێزیدین و بە نزیك لە پارتی كرێكارانی كوردستان (پەكەكە) ناودەبرێت. زیاتر فەرمان لە ئەنجومەنی خۆبەڕێوەبەری شنگال وەردەگرن.
یونیسێف هەروەها دەڵێت بەکارهێنانی تەقەمەنی لە شوێنی نیشتەجێبونی هاوڵاتیان بەردەوام مەترسییە لەسەر ژیانی منداڵان و داوادەكات بەكارهێنانی تەقەمەنی بوەستێنرێت.
لە ماوەی پێنج ساڵی رابردودا لانیکەم 519 منداڵ لە عیراق و لە ئەنجامی ململانێیەكان روبەڕوی مەترسی بونەتەوە، ئەوەش بەهۆی تەقەمەنییەوە، بەپێی ئاماری یونیسێف.
یونیسێف داوا لە هەموو لایەنەکان دەکات سەلامەتی و خۆشگوزەرانی منداڵان و گەنجان مسۆگەر بکەن.