لە ساڵیادی كەوتنی تەلەعفەردا: "بێسەروشوێنەكانمان بۆ بدۆزنەوە"

كەركوك/ 2ی شوباتی 2021/ گردبونەوەی ژمارەیەك لە چالاكوانان و رێكخراوەكانی ژنانی توركمان تیایدا داوای چارەنوسی رفێنراوەكانیان كرد فۆتۆ: كەركوك ناو

كەركوك ناو – نەینەوا

خەڵكی قەزای تەلەعفەر لە پارێزگای نەینەوا لە هەشت ساڵەی كەوتنی قەزاكەیاندا، داوادەكەن چارەنوسی سەدان توركمانی بێسەروشوێن لە نێویاندا منداڵ و ژن ئاشكرابكرێت، بۆ ئەوەش روی دەمیان دەكەنە حكومەتی عیراق و رێكخراوە نێودەوڵەتییەكان.

ئەو داواكارییە لە 16ی حوزەیران، لە گردبونەوەیەكیاندا هات لە هەشت ساڵەی هێرشی چەكدارانی داعش بۆ سەر قەزاكەیان. گردبونەوەكەیان لەناو خێمەیەكدا لەناو تەلەعفەر بەڕێوەچوو و ناویان نابوو ساتێك وەستان بۆ یادكردنەوە.

چەكدارانی دەوڵەتی ئیسلامی لە عیراق و شام (داعش)، لە 16ی حوزەیرانی 2014 هێرشیانكردە سەر تەلەعفەر و عەشیرەتەكانی ناوچەكە شانبەشانی هێزە ئەمنییەكان 10 رۆژ توانیان بەرگری بكەن لە پێشڕەوی داعش، بەڵام لە 26ی هەمان مانگ قەزاكە كەوت، دوای ئەوەی چەكی پێویست و هاوكاریی ئەوتۆیان پێنەگەیشت و پەیوەندیان لەگەڵ سوپادا پچڕا. داعش لەوكاتەدا لەپاڵ نەینەوا پێشڕەوی بۆ چەند پارێزگایەكی تر كردبوو، لەوانە كەركوك، سەڵاحەدین و دیالە و ئەنبار.

فەیسەڵ مەحمود، یەکێک لە رێکخەرانی ئەو یادەوەرییە، بە (كەركوك ناو)ی وت "یادكردنەوەكە بۆ ئەوەیە داوا لە دەزگاکانی حکومەت و رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان بكەین كە كاری جدیی بكەن بۆ ئاشکراکردنی چارەنوسی سەدان تورکمانی بێسەروشوێنکراوی خەڵکی تەلەعفەر، کە دوای کۆنترۆڵکردنی قەزاكە لەلایەن داعشەوە رفێنران و بێسەروشوێن بون".

یادكردنەوەكە بۆ ئەوەیە داوا لە دەزگاکانی حکومەت و رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان بكەین كە كاری جدیی بكەن بۆ ئاشکراکردنی چارەنوسی سەدان تورکمانی بێسەروشوێنکراو

بەپێی ئاماری تۆماركراوی چالاکوانانی ناوخۆیی و رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی لە تەلەعفەر، لەكۆی هەزار و 300 كەسی رفێنرا و لە سەردەمی دەسەڵاتدارێتی داعشدا لە نێویاندا سەدان ژن و منداڵ، تەنیا 48 كەسیان ئازادكراون، لە نێویاندا 23 لە رەگەزی مێ و 25 كەس لە رەگەزی نێر.

لە نێو ئەو 23 كچ و ژنەی کەرزگاریان بووە، "دانیانبەوەداناوە كە توشی دەستدرێژی سێكسی و لەباربردنی منداڵ بونەتەوە لەلایەن چەكدارانی ئەو رێكخراوەوە".

لە شوباتی 2021، ئیستەبڕەق یەزار ئۆغڵۆ، لێپرسراوی رێکخراوە جەماوەرییەکانی بەرەی تورکمانی، ئاشكرای كرد كە لەو هەزار و 300 رفێنراوەی توركمان، 470 ژن، 700 پیاو و 130 منداڵن.

photo_2022-06-16_19-49-37
نەینەوا/ 16ی حوزەیرانی 2022/ گردبونەوەی خەڵكی قەزای تەلەعفەر لە هەشت ساڵەی كەوتنی قەزاكەیاندا، دوای هێرشی چەكدارانی داعش، فۆتۆ: كەركوك ناو

خەڵكی قەزای تەلەعفەر کە ژمارەی دانیشتوانەکەی زیاتر لە 524 هەزار كەس دەبێت، بەپێی خەمڵاندنی وەزارەتی پلاندانانی عیراق بۆ ساڵی 2019، پشكی شێریان لەو تاوانانە بەركەوت كە لەلایەن چەكدارانی داعشەوە بۆ سەر پێكهاتە ئایینی و نەتەوەییە جیاوازەكان گیرایەبەر.

ناوەندی تەلەعفەر كە بەدوری 69كم دەكەوێتە باكوری خۆرئاوای موسڵ لە پارێزگای نەینەوا،  دانیشتووانەكەی بە نزیكەی 220 هەزار كەس دەخەمڵێنرێت و هەمویان توركمانن، بەڵام لە ناحیە و گوندەكانی قەزاكەدا عەرەب و كورد نیشتەجێن.

قاسم محەمەد شەریف، سەرۆكی شارەوانی تەلەعفەر، دەڵێت "روخانی تەلەعفەر پیلانێكی پیس بوو بە سەركردایەتی هێزە تیرۆرستییەكان و ئایدۆلۆژیای توندڕەو، لەگەڵ هەندێك لایەنی سیاسی، كە لە ئەنجامدا قێزەونترین تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی لێكەوتەوە". زیاتر وتی "خەڵکی بێتاوان کوژران، ژنان کراون بە کۆیلە، دەستدرێژییان کراوەتەسەر. تەنانەت منداڵان، شوێنی پەرستش و شوێنەوارەكانیش كرانە ئامانج".

هێرشەكە بووەهۆی ئاوارەبونی زۆرینەی خەڵكی قەزاكە، ئەوانەیشی مانەوە بەر هێرش و رفاندنی چەكدارانی داعش كەوتن.

قەزاكە لە ئابی 2017ەوە لەژێر دەستی داعش دەرهێنرایەوە و لە ئێستادا، نزیكەی لەسەدا 60ی خەڵكەكەی گەڕاونەتەوە زێدی خۆیان. بەشێكی زۆریان لە پارێزگاكانی باشور و ناوەڕاستی عیراق بڵاوبونەتەوە، بەتایبەت لە نەجەف، كەربەلا و بابل، جگە لە هەرێمی کوردستان و کەرکوک. هەروەها بەشێكیان كۆچیان بۆ دەرەوەی وڵات كردووە، لەوانەش توركیا.

شێخ هاشم عەنتەر، پیاوێکی ئایینییە لە قەزاكە، دەڵێت "سەرەڕای هەوڵەکانی رێكخراوی قاعیدە لە ساڵی 2005 تا 2014  بۆ روخاندنی تەلەعفەر، بەڵام بەهۆی یەکگرتوی خێڵەکانەوە نەیتوانی قەزاكە بە ئامانج بكات، سەرەڕایی رۆڵی لاوازی حكومەت لەوكاتەدا".

"ئەگەر پیلانی هەندێک لە ناوەوە و دەرەوە نەبوایە، داعش نەیدەتوانی تەلەعفەر کۆنترۆڵ بکات". شێخ هاشم وایوت، بەبێ ئەوەی ناوی هیچ لایەنێك بهێنێت.

ئەگەر پیلانی هەندێک لە ناوەوە و دەرەوە نەبوایە، داعش نەیدەتوانی تەلەعفەر کۆنترۆڵ بکات

نەتەوە یەكگرتوەكان بۆ یەكەمجار لە 3ی ئابی 2016، لەڕێی بەیاننامەیەكی زەینەب بانكورا، نوێنەری تایبەتی سكرتێری گشتی رێكخراوەكە بۆ كاروباری توندوتیژی سێكسی دژی ژنان، ئاماژەی دا بە "هەبونی رفێندراو لە توركمانی شیعە مەزهەب كە روبەڕوی توندوتیژی سێكسی بونه‌ته‌وه‌ لەسەر دەستی چەكدارانی داعش."

لە ئاستی ناوخۆییشدا، دوای تێپەڕبونی پێنج ساڵ بەسەر پرۆسەی رفاندنیاندا، بەدیاریكراوی لە 17ی ئابی 2019، پێكهاتەی توركمان بۆ یەكەمجار لەبەردەم كەناڵەكانی راگەیاندن دانیان نا بەهەبونی حاڵەتی رفاندنی ژنان و كچانی توركمان لەلایەن داعشەوە و ئاماژەیان بەوەدا، كە دوچاری دەستدرێژی سێكسی بونەتەوە.

ئەوكات ئەرشەد ساڵحی، سه‌رۆكی ئەوكاتی به‌ره‌ی توركمانیی – بەهێزترین بەرەی توركمانییە لە عیراق-، له‌ كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامەوانیدا وتی "ژن و منداڵانی توركمانەكانیش دەستی تاوانی داعشیان پێگەیشت لە قەزای تەلعەفەر و ناحیەی بەشیر و كارەساتی گەورەیان بەسەردا هات، به‌ڵام کلتورى عەشایرى خۆمان رێگەى پێنەداین باس لەو تاوانانە بکەین لەكاتی خۆیدا".

یادكردنەوەی هەشت ساڵەی كۆنترۆڵكردنی قەزاكە لە 16ی حوزەیران، بەگشتی ئامانج لێی داواكردن بوو بۆ گەڕان بەدوای چارەنوسی رفێنراوەكانیان، بە زندویی بێت یان مردویی. بەڵام لەگەڵئەوەشدا داواكاربون ئاوڕی جدیی لە تەلەعفەر و ئەو ناوچانە بدرێتەوە كە بەر هێرش و پەلاماری داعش كەوتون و روبەڕوی وێرانكاریی بونەتەوە.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT