زوهەیر عەلی، بەڕێوبەری فەرمانگەی کشتوکاڵی کەرکوک ئاشكرای دەكات كە لە 10 رۆژی داهاتودا قۆناغی دووەمی پارەی گەنمی جوتیاران دەگاتە كەركوك، تائێستا پارەی 60 هەزار تەن گەنم دراوە بە جوتیاران لە كۆی وەرگرتنی 164 هەزار تەن.
زوهەیر عەلی لە لێدوانێكیدا بۆ (كەركوك ناو)، وتی "شاستەی دارایی تەواوی ئەو جوتیارانەی پارێزگای كەركوك ئامادەیە كە گەنمەكانیان رادەستی حكومەت كردووە، تا 31ی حوزەیران بەپێی بڕیاری حكومەت دەبێت هەموو شایستە داراییەكانی جوتیاران خەرجبكرێت".
بەپێی ئاماری كشتوكاڵی كەركوك، تا ئێستا 164 هەزار تەن گەنم لە پارێزگای كەركوك و لەڕێی سێ سایلۆوە لە (داقوق، ریاز و تازە) لە جوتیاران وەرگیراوە و پرۆسەكە بەردەوامە.
پلانی كشتوكاڵی ئەمساڵ چاندنی ملیۆنێك و 50 هەزار دۆنم زەوی بوو بۆ هەردوو دانەوێڵەی گەنم و جۆ.
زوهەیر عەلی، وتی "بەڵام 450 هەزار دۆنمی چووە دەرەوەی پلانی كشتوكاڵی، بەهۆی كەمی بارانبارین، 600 هەزار دۆنمەكەی تر پشتی بە ئاوی بیر و پڕۆژەی ئاودێری دەبەست"، جەحتیشیكردەوە "ئەو بڕە دانەوێڵەیەی ئەمساڵ بەرهەمهاتووە ئەگەر بەراورد بكرێت بە ساڵی رابردوو، زیاتر نەبێت كەمتر نییە".
هێشتا بەرهەمی ئەمساڵ بە تەواوی دەرنەكەوتووە، بەڵام ساڵی رابردوو نزیكبۆوە لە 500 هەزار تەن، ئەوەش لەكاتێكدایە لە ساڵی 2020دا بەرهەمی گەنم 600 هەزار تەنی تێپەڕاند.
وەزارەتی بازرگانی عیراق بۆ هەر تەنێك گەنم، بۆ ئەمساڵ 850 هەزار دینار بە جوتیاران دەدات و تائێستا تەنیا پارەی 60 هەزار تەن دراوە وەكو قۆناغی یەكەم.