تيمێكی شارەزای ئیتاڵی دەچنە تەلەعفەر، تا كنە و پشكنین بۆ شوێنەوارە زیانلێكەوتوەكانی قەزاكە بكەن، ئەوەش دوابەدوای چەندین داواكاریی دێت بۆ بنیاتنانەوەی شوێنەوارە وێرانبوەكانی دەستی داعش، لە نێویاندا قەڵای مێژویی كە خۆشحاڵیی خەڵكی ناوچەكەی لێكەوتۆتەوە.
قەزای تەلەعفەر لە خۆرئاوای نەینەوا؛ لە حوزەیرانی 2014ـدا كەوتە دەستی "دەوڵەتی ئیسلامی لە عیراق و شام – داعش" و جگە لە ئاوارەیی زۆرینەی دانیشتوانەكەی، بەهۆی شەڕەوە زیان بەر شارەكە و شوێنەوارەكانی كەوت، تا لە ئابی 2017ـدا كۆنتڕۆڵكرایەوە.
نیكۆلا ماركیتی، پرۆفیسۆری شوێنەوارناسی رۆژهەڵات لە زانكۆی بۆڵۆنیای ئیتاڵی بە (كەركوك ناو)ـی وت تیمی هاوبەشی ئیتاڵی – عیراقی ماوەیەكە لە موسڵی كۆن لە بەری راستی شاری موسڵ كاردەكەن و ئێستاش هەڵسەنگاندن بۆ شوێنەوارەكانی تەلەعفەر دەكەن، كە یەكێكە لە شارە دەوڵەمەندەكانی عیراق بە شوێنەوار، وەك قەڵا و سوبان و قەرەتەپە و تەل تایا و ئەبی ماریا و سەدان شوێنی دیكە لە خۆدەگرێت.
"قەڵای تەلەعفەر لەو شوێنەوارە جوانانەیە كە داعش وێرانی كردووە، چاوەڕێ نەبوین قەبارەی زیانەكان لەو ئاستە بەرزەدا بێت" ماركیتی وادەڵێت.
بەپێی سەرچاوە مێژوییەكان؛ قەڵای تەلەعفەر لە سەردەمی ئاشورییەكاندا بنتیانراوە و ئەوكات شارەكە بە (نمت عەشتار) بەناوبانگ بووە، واتە باخی خواوەندەكانی عەشتار، تا دواتر رۆمانەكان قەڵاكەیان نوێكردەوە و حوكمڕانییان كرد.
ئەمیرە عادل، هاوڵاتیی توركمانی تەلەعفەر بە (كەركوك ناو)ـی وت "سەرباری درەنگكەوتنی ئەو تیمەی كنە و پشكنین، بەڵام ئومێدمان هەیە ئەمە هەنگاوی یەكەمی ئاوەدانكردنەوەی قەڵا جوانەكەمانە، تا وەك جاران ببێتەوە بە رەمزی كۆكردنەوەمان لەسەر جیاوازییەكانمان" بە هیوایە لە زوترین كاتدا نۆژەنكردنەوە و بنیاتنانەویە قەڵا مێژوییەكەی تەلەعفەر ببینێت.
قەڵای تەلەعفەر لە ناوەڕاستی 2014ـدا داعش تەقاندییەوە و پارچە شوێنەوارییەكانی وەك شورا و دەروازەكانی روبەڕوی وێرانكاریی بونەوە و باڵەخانە حكومییەكانی ناو قەڵاكەش تا كۆتایی ئەو ساڵە بە تەواوی خاپور كران.
ئەمین عومەر، بەڕێوەبەری شوێنەواری تەلەعفەر بە (كەركوك ناو)ـی وت "شاری تەلەعفەر دەوروبەری 300 شوێنەواری تێدایە كە مێژوەكەیان بۆ سەردەمە جیاوازەكان دەگەڕێتەوە، لە دیارترینیان قەڵای تەلەعفەرە كە سەدا 100 زیانی بەركەوتووە و داعش بە تەواوی خاپوری كرد، تەنیا گردێك مایەوە بەبێ پارچە شوێنەوارییەكانی وەك شورا و بورج و وردەكارییەكانی دیكە".
ئەو داوا لە حكومەتی فیدراڵی و رێكخراوە نێودەوڵەتییەكان دەكات، لیژنەیەكی ئەندازیاری و هونەری سەردانی قەڵاكە بكەن، تا خەمڵاندن بۆ تێچوی دوبارە بنیاتنانەوە و رزگاركردنی ئەو بەشانەی بكەن كە ماونەتەوە.
"هیوامان لە یونیسكۆ و رێكخراوە نێودەوڵەتییەكانی دیكەی پەیوەندیدارە ئاوڕ لەو قەڵا مێژوییە بدەنەوە و هەوڵ بۆ دوبارە ئاوەدانكردنەوەی بدەن، بەوپێیەی یەكێكە لە گرنگترین رەمزەكانی شارستانیەت لە عیراق، جگە لەوەی رەمزی یەكگرتوویی توركمانە لە تەلەعفەر" بەوتەی بەڕێوەبەری شوێنەوار.
رێكخراوی یونیسكۆ ساڵانێكە لەڕێی پرۆژەی (زیندوكردنەوەی رۆحی موسڵ)، كار بۆ بنیاتنانەوەی شوێنەوارە وێرانبوەكانی نەینەوا و ناوشاری موسڵ بە تایبەتی دەكات.
عومەر سالم، شارەزای كنە و پشكنین و هەڵكۆڵین لە سەرپەرشتیاری شوێنەوار و كلتوری نەینەوا بە (كەركوك ناو)ـی وت "لەگەڵ ئەو تیمە ئیتاڵییەدا شوێنەوارەكانی پارێزگای نەینەوا تا قەڵای تەلەعفەرمان بەسەركردەوە و ئەوەش یەكەم نێردەی كنە و پشكنینە بگاتە ئەو قەڵایە لە ماوەی چوار دەیەی رابردوودا".
لە شوباتی 2022ـدا نەجم جبوری، پارێزگاری نەینەوا لەكاتی چالاكییەكانی تەلەعفەردا بەڵێنیدا دوەبارە ئاوەدانكردنەوەی قەڵای شارەكە بخرێتە چوارچێوەی پلانی پرۆژەكانی ئەمساڵەوە.
كلۆدیا سافی، هەڵكۆڵەری بواری شوێنەواری لە تیمە ئیتاڵییەكە بە (كەركوك ناو)ـی وت "ئێمە بۆ سەردانی شاری شوێنەواری تەلەعفەر و قەڵاكەی لە ناوچەكەدا بوین كە داعش لە 2014ـدا تەقاندیەوە، ئەو قەڵایە شوێنەوارێكی مێژویی گرنگە و شایستەی گرنگیپێدان و دوبارە بنیاتنانەوەیە".
لە دوای شەڕی 2003ـی عیراق و روخانی حكومەتی عیراقی بە سەرۆكایەتیی سەدام حسێن، قەڵای تەلەعفەر بارەگای شارەوانی و پۆلیسی ناوخۆیی تیادا بوو، وەك بنكەیەكی سەربازی هێزەكانی ئەمریكاش تا ساڵی 2005 بەكاردەهات.
داعش جگە لە قەڵای تەلەعفەر، چەندین شوێنەواری مێژویی لە موسڵ و ناوچەكانی دیكەی نەینەوا وێران كرد، لە نێویاندا مزگەوت و كڵێسا و پەرستگا و شوێنە ئایینییەكان، دیارترینیان تەقاندنەوەی منارەی بەناوبانگی حەدبا و مزگەوتی نوری لە موسڵی كۆن، كە چەند ساڵێكە پرۆسەی بنیاتنانەوەی بەردەوامە.