رێژەی جیابونەوە لە سنونێی شنگال، بەراورد بە ساڵی رابردوو بۆ دوو هێندە زیاددەكات، ئەوەش بەپێی بەدواداچونی شارەزایانی یاسایی و دادگا هۆكارێكی سەرەكیی هاوسەرگیریی پێشوەختەیە.
بەپێی بەدواداچونی (كەركوك ناو)، لە پێنج مانگی سەرەتای ئەمساڵدا هەفتانە سێ تا چوار حاڵەتی جیابونەوەی هاوسەران بە رەسمی تۆماركراون، لە كاتێكدا لە پێنج مانگی سەرەتای ساڵی رابردوودا هەفتانە لە دوو حاڵەتی جیابوونەوە تێنەدەپەڕی.
ئەحمەد ئەلیاس، جێگری سەرۆكی دادگای سنونێ بە (كەركوك ناو)ـی وت "لە پێنج مانگی ئەمساڵدا، 700 پرۆسەی هاوسەرگیری هەبووە لەگەڵ تۆماركردنی 72 جیابونەوەدا، كە هەفتەی نزیكەی چوار جیابونەوەی بەردەكەوێت، لەكاتێكدا پارساڵ هەفتەی دوو حاڵەتی جیابوونەوە هەبوو، هۆكاری ئەو زیادبونەوەش هاوسەرگیرییە لە تەمەنێكی بچوكدا".
لە پێنج مانگی سەرەتای ئەمساڵدا 700 هاوسەرگیری تۆماركراوە
بەپێی یاسا بەركارەكانی عیراق، 18 ساڵی وەك تەمەنی یاسایی بۆ هاوسەرگیری كچان دیاریكراوە بەڵام لە تەمەنی 15 ساڵیش بەرەوسەرەوە، بە چەند مەرجێک کچان رێی هاوسەرگیرییان پێدەدرێت.
"هۆكارێكی سەرەكی جیابونەوە هاوسەرگیری پێشوەختەیە، چونكە زۆرێكیان دوای چەند ساڵێك لە هاوسەرگیری روبەڕوی كێشە و شەڕ و ئاژاوە بونەتەوە" عەدلا بەكر، كچە چالاكوانی شنگال كە چاودێری دۆسیەكانی ژنان دەكەن، وای وت، دەشڵێت بەشێكی كێشەكە لە خێزانەوەیە و هاوكاری منداڵەكانیان ناكەن تا لە هاوسەرگیری تێبگەن و كەسی گونجاو هەڵبژێرن.
عەدلا بە (كەركوك ناو)ـی لە هۆكارەكانی دیكەی زیادبونی جیابونەوە، نەبونی هەلیكار و خزمەتگوزاریی و بارگرانییەكانی تری ژیانە.
ئامارێكی ورد و فهرمی لهسهر رێژهی هاوسهرگیریی پێشوهخته له عیراق نییه، بهڵام بهوتهی چالاكوان و رێكخراوه ناحكومییهكان له ههڵكشاندایه، بههۆی بارودۆخی نالهباری وڵاتهكه له چهند ساڵی رابردودا له نێویاندا لێكهوتهكانی شهڕی داعش و قهیرانی دارایی.
ئێزیدییهكانی شنگال و نهینهوا، هێشتا سەدا 30ـی كۆی 664 هەزار ئاوارەی هەرێمی كوردستان پێكدەهێنن، سەرباری ئەوەی روبەڕوی كوشتن و توندوتیژی چەكدارانی "دەوڵەتی ئیسلامی لە عیراق و شام – داعش" بونەوە و زیاتر له شهش ههزار كهسیان رفێنران، له نێویاندا ژن و منداڵ، كه هێشتا چارهنوسی نزیك به نیوهیان نادیاره.
"لە هەفتەیەكدا سێ بۆ چوار حاڵەتی جیابونەوە لە سنونێ هەیە، ئەوەش دوو هێندەی ساڵی رابردووەوە، كە ئەمە رێژەیەكی مەترسیدارە و سەدا 80ـی دۆسیەكانی جیابونەوەش ئەوانەن لە خوار تەمەنی 18 ساڵییەوە هاوسەرگیری پێشوەختەیان ئەنجامداوە" بەوتەی موبارەك ئيسماعيل، پارێزەر لە دادگای سنونێ بۆ (كەركوك ناو).
ئەو دەڵێت جیابونەوە لە سنونێ بەراورد بە ناوەندی شنگال و ناوچەكانی دیكەی ئەو قەزایە زیاترە، چونكە خەڵكێكی زۆرتر لە ناحیەكەدا دەژین و ئاوارەی زیاتر گەڕاونەتەوە.
سەدا 80ـی دۆسیەكانی جیابونەوە هاوسەرگیری پێشوەختەن
ژمارەی خەمڵێنراوی دانیشتوانی سنونێ نزیكەی 170 هەزار كەسە و بەپێی ئامارە رەسمییەكانی بەڕێوەبەرایەتی ناحیەكە بۆ (كەركوك ناو)، گەورەترین ناحیەیە لە روی ژمارەی دانیشتوانەوە و ئێستا نزیكەی 100 هەزار كەس لە دانیشتوانەكەی گەڕاونەتەوە.
ئەسعەد حلۆ، پارێزەر لە دادگای ناوەندی شنگال دەڵێت لای ئەوان رێژەی جیابونەوە زۆر كەمترە بەراورد بە سنونێ، "هەفتانە لە شنگال یەك حاڵەتی جیابونەوە تۆماردەكرێت، هەندێكجار هەر نییە، لە پێنج مانگی رابردودا نزیكەی 10 حاڵەت هەبووە، رەنگە هۆكارەكەی ئەوەبێت ژمارەیەكی زۆر كەم ئاوارەی ناوەندی قەزاكە گەڕاونەتەوە و سنونێ خەڵكێكی زۆرتری تێدا دەژی".
قهزای شنگال كە ژمارەی دانیشتوانی ناوەندەكەی بە زیاتر لە 91 هەزار كەس دەخەمڵێنرێت؛ بهدوری 120كم دهكهوێته خۆرئاوای موسڵ و له روی ئیدارییهوه سهر پارێزگای نهینهوایه، ناوچهیهكی جێناكۆكه و لە ئابی 2014ـدا كەوتە دەستی داعش و دوای ساڵێك كۆنتڕۆڵكرایەوە.