22 خێوەتی ئاوارەكانی كەمپی باجید کەندالا لە سنوری قەزای زاخۆ لە پارێزگای دهۆك سوتان، بەپێی ناوەندی هاوبەشی هەماهەنگی قەیرانەكان سەر بە وەزارەتی ناوخۆی حكومەتی هەرێمی كوردستان "تەواوی كەلوپەل و پێداویستییەكانیان سوتاون".
ئاگرەكە پێشنیوەڕۆی پێنجشەممە 30ی حوزەیران سەرەتا لە خێوەتێكی ئاوارەكاندا كەوتەوە و دواتر تەشەنەی سەند بۆ خێوەتەكانی تر.
عیدۆ حەسەن، خەڵكی گوندى دووگرێیە لە قەزای شنگال و نزیکەى هەشت ساڵە لە کەمپى باجید کەندالا دەژیت، یەكێكە لەو كەسانەی خێوەتەكەی بە تەواوی سوتاوە، وتی "تەنیا توانیمان كچەكەمان رزگاربكەین، پارە و بەڵگەنامە و تەواوی كەلوپەلی نێو خێوەتەكەمان سوتان".
تەنیا توانیمان كچەكەمان رزگاربكەین، پارە، بەڵگەنامە و تەواوی كەلوپەلی نێو خێوەتەكەمان سوتان
"سەرەتا ئاگرەكە لە خێوەتێكی نزیك خێوەتەكەی ئێمە كەوتەوە، تەنیا چەند مەترێك دور بوو، لەپڕ گەیشتە خێوەتەكەی ئێمە و زیاتر لە 20 خێوەت سوتان... داوای ئاگركوژێنەوەمان كرد، ئەوان نیو كاتژمێر دواكەوتن، ئەوەش هۆكار بوو بۆ ئەوەی ئاگرەكە زوو تەشەنە بسێنێت"، عیدۆ وایوت.
ئاگركوژێنەوە لەناو كەمپی باجید کەندالا-دا نییە، لە دەرەوەی كەمپەوە چوبون، ئەوەش هۆكاربووە بۆ زۆری سوتانی خێوەتەكانی، بەپێی وتەی دانیشتووانی كەمپەكە.
كەمپی باجید کەندالا دەكەوێتە قەزای زاخۆ لە پارێزگای دهۆك و هەزار و 684 خێزانی تێدایە، زۆرینەی دانیشتووانەكەی لە پێكهاتەی ئایینی ئێزیدین و خەڵكی قەزای شنگالن لە پارێزگای نەینەوا. بەهۆی شەڕی داعشەوە لە ئابی 2014ەوە ناوچەكانی خۆیان بەجێهێشتووە.
عیدۆ حەسەن وتی "تواناى ئەوەمان نییە جارێکى تر کەلوپەلى ناو ماڵ بكڕینەوە، دەبێت قەرز بكەین، یان رێكخراوەكان هاوكاریمان بكەن".
دیان جەعفەر، بەڕێوەبەرى نوسینگەی دهۆكی ناوەندی هاوبەشی هەماهەنگی قەیرانەكان سەر بە وەزارەتی ناوخۆ– سەرپەرشتی كەمپی ئاوارەكان دەكەن-، بە (كەركوك ناو)ی وت "22 خێوەت بە هەموو كەلوپەلەكانی ناوییەوە سوتاون، خۆشبەختانە زیانی گیانی نەبووە، تەنیا چەند ئاوارەیەك توشی تەنگەنەفەسی بون".
لەبارەی هۆكاری كەوتنەوەی ئاگرەكەوە، وتی "لە لێكۆڵینەوەداین، نازانین بەهۆی شۆرتی كارەباوە بووە، هۆكاری تر".
لە چەند ساڵی رابردودا دەیانجار ئاگر لە كەمپەكاندا كەوتونەتەوە، لە حوزەیرانی ساڵی 2021دا هەر بەهۆی كەوتنەوەی ئاگر لە كەمپی شاریا لە دهۆك، 288 خێوەت سوتان.
لە ئایاری ئەمساڵ، ئیدارەی پارێزگای دهۆك رەزامەندی نیشاندا بە گۆڕینی خێوەتی ئاوارەكانی ناو كەمپ بۆ بلۆك، ئەوەش لەسەر داواكاریی خەڵك و فەرمانگەی كۆچ، بە ئامانجی رێگریی لە روداوی ئاگركەوتنەوە و زیانی گیانی، لە ئێستادا پڕۆژەكە لەكەمپی شاریا دەستیپێكردووە.
لە ههرێمی كوردستان 26 كهمپی ئاوارهیی ههن، كە 16 كەمپیان دەكەونە پارێزگای دهۆكەوە و 664 هەزار ئاواره كە سەدا 42ـیان لە پارێزگای دهۆكن لەو كەمپانە دەژین.
گرفتی سەرەكی نەگەڕانەوەی ئاوارەكان هۆكاری ئەمنی و نەبونی خزمەتگوزارییە لە ناوچەكانیان.