هیچ كەسێك لەسەر دۆسییەی بڕینی هەردوو گوێی وەجدی زێدان، گەنجێكی ئاوارەی ئێزیدی لە كەمپێكی دهۆك دەستگیرنەكراوە، لەكاتێكدا 35 رۆژ بەسەر روداوەكەدا تێدەپەڕێت. ئێستا وەجدی چاوەڕێی نەشتەرگەری دەكات بۆ ئەوەش پێویستیان بە 20 هەزار دۆلار هەیە كە لە توانای خێزانەكەیدا نییە.
درەنگانێكی شەوی یەكی حوزەیران، گەنجێكی ئاوارەی 18 ساڵ بە ناوی وەجدی زێدان، لەلایەن چەند كەسێكەوە لە نزیك كەمپی شاریا لە دهۆك هێرشی كرایەسەر و دوای بێهۆشكردن و ئەشكەنجەدان هەردوو گوێیان بڕی.
فارس عەلى، مامى وەجدى، بە (کەرکوک ناو)ى وت "دۆخى تەندروستى وەجدى جێگیرە، بەڵام هێشتا برینەکانى بەیەکجارى ساڕێژ نەبون، پزیشكەكان پێیانوتووە دەبێت ماوەیەكی تر نەشتەرگەری بۆ بكرێت و دەڵێن 20 هەزار دۆلاری تێدەچێت" زیاتر وتی "ئەوە بڕە بۆ خێزانی ئێمە زۆرە، هەمومان ئاوارەین و هەژارین، بەڵام ناچارین دەبێت هەرچۆنێك بێت بۆی پەیدابكەین".
پزیشكەكان پێیانوتووە دەبێت ماوەیەكی تر نەشتەرگەری بۆ بكرێت و دەڵێن 20 هەزار دۆلاری تێدەچێت
پێشتر زێدان عەلى، باوكی وەجدی، بە (كەركوك ناو)ی وت كە كاتژمێر 10ی شەوی یەكی حوزەیران وەجدی بۆ سەیركردنی یارییەكی تۆپی پێ، لەگەڵ چەند هاوڕێیەكیدا چۆتە كۆمەڵگەی شاریا نزیك لە كەمپەكەیان. دواى تەواوبونى یارییەکە و لەڕێی گەڕانەوەیدا بۆ ماڵەوە، لەلایەن سێ كەسەوە هێرشیدەكرێتەسەر.
زێدان وتی "نزیك كەمپ و پێششەوەی بێتە ژورەوە رێیان لێگرتوووە، سەرەتا بە بۆكس لە سك و سەریانداوە تا بێهۆش بووە، كاتێك خەبەری بۆتەوە هەردوو گوێی بڕاوە".
فارس عەلى، مامى وەجدى، 3ی تەمموز، بە (كەركوك ناو)ی وت "بەپێى زانیارییەکانم لە سەرەتای روداوەكە چەند كەسێك لە كەمپی شاریا دوو بۆ سێ رۆژ دەستگیركران، بەڵام دواتر ئازادكران... داوا لە دەزگا ئەمنییەکان دەکەین تاوانبارانى سەرەکى دەستگیربکەن تا سزایى یاسایى خۆیان وەربگرێت".
لە سەرەتای روداوەكە چەند كەسێك لە كەمپی شاریا دوو بۆ سێ رۆژ دەستگیركران، بەڵام دواتر ئازادكران
هێمن سلێمان، لێپرسراوى راگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتى پۆلیسى دهۆک بە (کەرکوک ناو)ی وت "لێکوڵینەوە لەگەڵ زۆر کەسدا کراوە، هەروەها وتەى دەیان کەس وەرگیراوە، بەڵام هێشتا تاوانباران دەستگیرنەكراون".
"لێکوڵینەوەکان بەردەوامن و زۆر بە وردى بەدواداچون دەکەین... بەدڵنیاییەوە دەگەینە ئەنجامێکى دڵخۆشکەر"، هێمن سلێمان وایوت.
كەمپی شاریا، تایبەتە بە ئاوارە ئێزیدییەكان و دەكەوێتە قەزای سێمێڵ نزیك لە دهۆك و دوو هەزار و 325 خێزانی ئاوارەی تیایە.
دیان جەعفەر، بەڕێوەبەرى نوسینگەی دهۆكی ناوەندی هاوبەشی هەماهەنگی قەیرانەكان سەر بە وەزارەتی ناوخۆ– سەرپەرشتی كەمپی ئاوارەكان دەكەن-، لەبارەی كەیسی وەجدی زێدان-ەوە، وتی "دەزانین وەجدى پێویستى بە نەشتەرگەرى هەیە بۆ گوێیەکانى، کەسوکارى داوایان لە چەند رێکخراوێک کردووە تا هاوکارییان بکەن".
زێدان عەلی باوكی وەجدی، پێشتر لەبارەی روداوەكەوە، وتی "کیشەمان لەگەڵ كەسدا نییە، ئەو تەنیا سەرقاڵی خوێندن بوو، لەناو كەمپ خێوەتێكی بچوكمان بۆ جیاكردبۆوە بۆ خوێندن... رۆژێك لە رۆژان كێشە و ئاژاوەی دروستنەكردووە، توشی سەرسوڕمان بوین بەم كارە قێزەوەنە، تەنیا تیرۆریست كاری وادەكات".