گەڕەكی روناكی ناوەندی قەزای داقوق، كارەبای نیشتمانییان بۆ دەگەڕێتەوە و دوو محەویلەی دیكەشیان بۆ دادەنرێت، دوای نزیكەی سێ هەفتە لە نەبونی كارەبا.
(كەركوك ناو) هەفتەی پێشوو، 29ـی حوزەیرانی 2022 لە هەواڵێكدا ناڕەزایی نوێنەرانی 200 ماڵی گەڕەكی روناكی داقوقی بڵاوكردەوە، بەهۆی سوتانی محەویلەی كارەبای نیشتمانییەوە، كە داواشیاندەكرد محەویلەی تریان بۆ ببەسترێت.
"زۆر سوپاسی (كەركوك ناو) دەكەین، توانییان دەنگ و داواكاریی ئێمە بگەینن؛ لەم رۆژانەدا و پێش جەژنی قوربان، بە تەواوی گەڕەكەكەمان روناك دەبێتەوە و چارەسەری كێشەی بێ كارەبایی دەكرێت، لەگەڵ ئەوەشدا دوو محەویلەی ترمان بۆ دابینكراوە، ئێستا تیمەكان سەرقاڵیی دانانی عەمود و بەستنی هێڵەكانن" بەوتەی سامان حەوێز، دانیشتوی گەڕەكی روناكی.
گەڕەكی روناكی لە دوای 2003ـەوە دروستبووە، بە زیادەڕۆیی هەژماردەكرێت، زیاتر لە 200 ماڵی تێدایە كە زۆرینە كورد و ئەوانیتر عەرەب و توركمانن، بە هەموو گەڕەكەكە یەك محەویلەی كارەبای نیشتمانی تێدایە و چەندینجار بەهۆی فشاری زۆرەوە سوتاوە.
رافد جەلال، بەڕێوەبەری كارەبای داقوق بە (كەركوك ناو)ـی وت دوو محەویلەی دیكەی كارەبا بۆ ئەو گەڕەكە دابینكراوە، هەموو پێداویستییەكانی گەیشتون و لە ماوەی چەند رۆژێكدا دەبەسترێن، بەوەش كێشەی كارەبای نیشتمانی گەڕەكی روناكی چارەسەر دەكرێت.
قەزای داقوق بە دوری 44 كیلۆمەتر دەكەوێتە باشوری كەركوك و ژمارەی دانیشتوانی بە زیاتر لە 97 هەزار كەس دەخەمڵێنرێت.