قایمقامی كەركوك ئاشكرای كرد كە شەش شوێنیان دەستنیشانكردووە بۆ سەربڕینی ئاژەڵی قوربانی لە رۆژانی جەژندا، بەدەر لەو شەش شوێنە هەركەسێك قوربانی بكات روبەڕوی سزادەبێتەوە لەوانەش دەستبەسەرداگرتنی ئاژەڵەكەی.
ئەو بڕیارە ئەمڕۆ چوارشەممە 6ی تەمموز، لە كۆبونەوەیەكی تیمەکانی فەرمانگەی تەندروستی و ڤێتێرنەریی و نوێنەرانی ژینگە و پۆلیسی كەركوكدا هات بە سەرپەرشتی قایمقام. كە ئامانج لێی رێكخستنی رێکارەکانی قوربانیكردن بوو لە رۆژانی جەژنی قورباندا.
فەلاح یایچلی، قایمقامی كەركوك، لە لێدوانێكیدا بۆ (كەركوك ناو)، وتی "ئەم كۆبونەوەیە لەسەر راسپاردەی ئیدارەی پارێزگاکە بوو، تیایدا چەند رێنمایی و بڕیارێكمان دەركرد، لەوانە لە سەرانسەری شاری کەرکوک بڕیارماندا شەش شوێنی فەرمی دەستنیشانبکەن بۆ ئەنجامدانی قوربانیکردن، ئەوەش بە مەبەستی خۆپارێزیی هاوڵاتیان لە نەخۆشی تای خوێنبەربون... جگە لەو شوێنانە رێگەنادرێت لەهیچ شوێنێکی دیکە قوربانی بکرێت".
ئەو شەش شوێنەی دیاریكراوە، پێكهاتووە لە قەسابخانەی نوێی کەرکوک، گۆڕپانی ئاهەنگەکان، قەسابخانەی کۆن لە موسەڵا، کۆڕنیش، رزگاری نزیک یاریگەی کەرکوک و عروبە.
فەلاح یایچلی، قایمقامی كەركوك وتی "دەكرێت ئەو ژمارەیە لە رۆژانی داهاتودا زیاتر بکرێن، ئەگەر هاتوو فشار لەسەر ئەو پێنج شوێنە زۆربون، بەڵام ئەوەش بەچاودێری راستەوخۆی تەندروستی کەرکوک و فەرمانگەی ڤێتێرنەری دەبێت".
سەبارەت بەو كەسانەی پابەندنابن بەو بڕیارەوە، وتی "لیژنەیەكی تایبەت هەیە لە رۆژانی قورباندا چاودێریی جێبەجێكردنی بڕیارەكە دەكات و هەركەسێك پابەندنەبێت، دەستبەسەر ئاژەڵەكەیدا دەگیرێت و سزای تریش هەیە لەوانەش ئاگاداركردنەوەی فەرماندەیی پۆلیس تا ئەوان رێكاری تر بگرنەبەر".
قوربانیكردن سروتێكی موسوڵمانانە لە جیهاندا، لە هەر چوار رۆژی جەژنی قورباندا بە سەربڕینی ئاژەڵ و بەخشینەوەی گۆشتەكەی بەسەر دراوسێ و ماڵە هەژاراندا ئەو سروتە ئایینییە جێبەجێ دەكەن.
قایمقامی كەركوك لەبارەی كۆنترۆڵكردنی نرخی ئاژەڵەوە لە رۆژانی جەژنی قورباندا، وتی "ئێمە لیژنەی رێکخستنی شارمان هەیە، چاودێری بازاڕکان دەکەین و ئەوەندەی ئاگادارین نرخەکان وەک خۆیان ماونەتەوە. بەڵام بە پێچەوانەی جەژنی رەمەزانەوە چاوەڕێ دەكەین نرخی ئاژەڵ زیاتر بەرزببێتەوە".
لە ئێستادا نرخی هەر كیلۆیەك ئاژەڵی گەورە بە زیندویی كە بۆ قوربانی ببێت، لە نێوان چوار و نیو بۆ حەوت هەزار دینارە، ئاژەڵی بچوكیش كیلۆی لە سێ هەزار دینارەوە دەستپێدەكات تا دەگاتە چوار هەزار و نیو.