كاكەییەكانی پارێزگای كەركوك مۆڵەتی 24 كاتژمێر بە هێزە ئەمنییەكان دەدەن لەپای رادەستكردنی ئەو كەسانەی سوكایەتییان بە هاوڵاتییەكی پێكهاتەكەیان كردووە، بە پێچەوانەوە هەڕەشەی خۆپیشاندان و گرتنەبەری رێكاری جۆراوجۆر دەكەن.
شەممە 23ی تەمموز، ئەیمەن عەبدی (38ساڵ)، بەوتەی خۆی لەلایەن مەفرەزەیەكی "حەشدی شەعبییەوە" روبەڕوی لێدان و مەترسی بۆتەوە، ئەوەش دوای ئەوە دێت، ئەیمەن لە 21ی ئەم مانگەدا لەگەڵ هاوڕێیەكیدا لە كەركوكەوە بۆ كرێكاری دەچنە قەزای دوزخورماتوو، لەوێ لەكاتی گفتوگۆكردنیاندا دەبێتە دەمەقاڵێیان و هاوڕێیەكەی ڤیدیۆی ئەیمەن دەگرێت لەكاتی قسەكردندا.
ئەیمەن عەبدی (38ساڵ) كە ماڵی لە گەڕەكی ئەسراومەفقودینی شاری كەركوكە، بە (كەركوك ناو)ی وت "ئەو قسەی بە پێشمەرگە وت، منیش قسەم بە حەشدی شەعبی وت، هاوڕێیەكەم لەوكاتەدا ڤیدیۆی گرت".
ئەو قسەی بە پێشمەرگە وت، منیش قسەم بە حەشدی شەعبی وت
دوای دوو رۆژ لەو گفتوگۆیە، ئەیمەن وتی "هێزێكی حەشدی شەعبی هاتنە شوێنی كاركردنمان و پەلاماریاندام و دەستگیریانكردم".
ئەیمەن وتی "ژمارەیەك كرێكاری تر لەوێ بون، ویستیان رێگریی لەو هێزە بكەن، بەڵام ئەوان چەكیان بەرزكردەوە و وتیان كەس بۆی نییە قسەبكات... منیان خستە ناو ئۆتۆمبێلێكی مێكزەمینی و بۆ ماوەیەك لەناوچەكە دوركەوتینەوە".
لەوێ ئەو هێزە ڤیدیۆی گفتوگۆ و دەمەقاڵێیەكەی ئەیمەن و هاوڕێییەكەی پێنیشاندەدەن و پێی دەڵێن "ئێستا وەڵامت دەدەینەوە".
هێزەكە بەشێك لە سمێڵی ئەیمەن و قژی دەتاشن، ئەشكەنجەی دەدەن و سەرو لوتیشی دەشكێنن، بەوتەی ئەیمەن.
هێشتنەوەی سمێڵ ئەركێكی ئایینیە لای پیاوانی كاكەیی، هەربۆیە تاشینی سمێڵی ئەو هاوڵاتییە بە دەستدرێژیكردن بۆ سەر پیرۆزییەكانیان دادەنێن.
كاكەییەكانی كەركوك هەر دوێنێ شەممە گردبونەوەیەكی ناڕەزاییان رێكخست لەبەردەم بینای پارێزگای كەركوك و تا درەنگانێكی شەو مانەوە. دواتر مۆڵەتی 24 كاتژمێریان بە هێزە ئەمنییەكاندا بۆ دەستگیركردنی بكەرانی ئەو روداوە.
زیاد كاكەیی، رێكخەرێكی گردبونەوەكە، لەناو خۆپیشاندەرانی بەردەم بینای پارێزگا، وتی "ئێمە بە قسەی كاكەییەكان هاتوینەتە ئێرە و گردبوینەتەوە، ئەگەر تا كاتژمێر 5ی ئێوارەی (یەكشەممە 24ی تەمموز) دەزگا ئەمنییەكان بكەرانی ئەم روداوە دەستگیربكەن ئەوا ئێمەش ریش سپیمان هەیە و لەگەڵیاندا دادەنیشین، ئەگەرنا ئەوا 10 ئەوەندە و 20 ئەوەندەی تر گردبونەوەی ناڕەزایی دەكەین".
وتیشی "پۆلیسی كەركوك، فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەكان و مەرجەعییەت لە نەجەف هاتونەتە سەرخەت و ئێمە لە ئێستاوە تا كاتژمێر 5ی ئێوارەی یەكشەممە بڵاوەی لێدەكەن".
هاوكات هەر دوێنێ شەممە، كاكەییەكان ویستیان داوای یاسایی لە پۆلیسی دووزخورماتوو تۆماربكەن، بەڵام بەهۆی ئەوەی دەوام نەبووە، بڕیارە ئەمڕۆ یەكشەممە 24ی تەمموز سكاڵا تۆماربكەن.
لیوا كاوە غەریب، فەرماندەی پۆلیسی كەركوك، شەوی رابردوو سەردانی گردبونەوەی كاكەییەكانی كرد لەبەردەم بینای پارێزگا و تیایدا پشتیوانی خۆی بۆ دەربڕین و جەختیكردەوە "كاردەكەین بۆ دەستگیركردنی بكەرانی روداوەكە". هەروەها بەڵێنی پاراستنی ئەمنیەتی كاكەییەكانیدا لەحاڵەتی بەردەوامی ناڕەزاییەكانیان.
لەكاتی ناڕەزایی كاكەییەكاندا، هەواڵگری حەشدی شەعبی داوای گفتوگۆ و دانیشتنی لێكردبون، بەڵام كاكەییەكان هەر گفتوگۆ و رێككەوتنێكیان بەر لەد ەستگیركردنی بكەران رەتكردەوە، بەپێی وتەی سەرچاوەیەك لە رێكخەرانی خۆپیشاندانی كاكەییەكان.
تائێستا هێزەكانی حەشدی شەعبی، هیچ رونكردنەوەیەكیان لەسەر ئەو بابەتە نەداوە، (كەركوك ناو) نەیتوانی بۆچونیان بەرامبەر بەو روداوە وەربگرێت، هەرچەندە ئەوان لەو روداوەدا تۆمەتباردەكرێن.
وەزارەتی پێشمەرگەی حكومەتی هەرێمی كوردستان، لە راگەیەنراوێكدا مەفرەزەیەکی حەشدی شەعبی، بەو سوكایەتییە تۆمەتباركرد و جەختیكردەوە "هەڵیانکوتاوەتە سەر ئەیمەن عەبدی جاسم، پێشمەرگەی لیوای 9ی پیادەی سەر بە وەزارەتی پێشمەرگە، دور لە هەموو عورف و یاسایەک، ئەم مەفرەزەیە زۆر بە شێوەیەکی ناشیرین سوکایەتیان بەو پێشمەرگەیە کردووە و کاری نەشیاویان بەرامبەر ئەنجامداوە".
"ئەم کردەوەیە جێگای قبوڵکردن نییە، داوا لە هێزە ئەمنییەکانی کەرکوک دەکەین، دەستبەجێ، لیژنەی لێکۆڵینەوە لەسەر ئەم پرسە پێکبهێنن و تۆمەتباران دەستگیربکرێن و روبەڕوی یاسایان بکەنەوە، بۆ ئەوەی هیچ کەس و لایەنێکی تر هەوڵ نەدات ئەم جۆرە کردەوە ناشیرنانە دووبارە بکاتەوە".