فەرماندەیەكی ئێرانی سەرپەرشتی گفتوگۆی نێوان كاكەییەكان و حەشدی شەعبی كردووە لە پرسی سوكایەتیكردن بە كاكەییەك، بەپێی دواین گفتوگۆ پێویستە لە ماوەی دوو رۆژدا بكەرانی روداوەكە دەستگیربكرێن، كە ئەمڕۆ كۆتا رۆژە.
ئێوارەی یەكشەممە 24ی تەمموز، وەفدێكی حەشدی شەعبی و فەرماندەیەكی سوپای پاسداران بەناوی ئیقبال پور، سەردانی ریش سپی و كەسایەتییەكانی كاكەیی كرد لە كەركوك بۆ پرسی سوكایەتیكردنی بە هاوڵاتییەكی كاكەیی.
زیاد فەھد، کەسایەتی کاکەیی و یەكێك لە رێكخەرانی گردبونەوەی ناڕەزایی كاكەییەكان لە یەكەم رۆژی روداوەكەدا، لەبارەی دانیشتنەكەوە وتی "فەرماندە ئێرانییەكە سەرپەرشتی راستەوخۆی دانیشتنەكەی كردووە و لە سەرەتای قسەكانی وتویەتی كە ئەوانەی ئەو كارەیان كردووە گوزارشت لە هێزەكانی حەشدی شەعبی ناكەن، بەڵكو تاكلایەنانە ئەو كارەیان كردووە".
ئیقبال پور، بە زمانی فارسی قسەی كردوە و كەسێك وەرگێڕانی بۆی كردووە، یەكەم كەس بووە كە دەستی بە قسەكردن كردووە و كۆی قسەكانی لەو چوارچێوەیەدابون كە نابێت ئەو كردەوەیە وەكو مامەڵەیەكی هێزەكانی حەشدی شەعبی لێكبدرێتەوە و ئامادەیی خۆیشی دەربڕیوە بۆ هەر داواكارییەكی كاكەییەكان لەو پرسەدا.
شەممە 23ی تەمموز، ئەیمەن عەبدی (38ساڵ)، هاوڵاتییەكی كاكەیی، روبەڕوی لێدوان و سوكایەتیكردن بۆوە ئەوەش بە تاشینی بەشێكی سمێڵ و سەری و هەروەها شكاندنی لوت و سەری، مەفرەزەیەكی "حەشدی شەعبی"یشی بەو كارە تۆمەتباركرد.
روداوەكە دوای ئەوە هات كە ئەیمەن لە 21ی ئەم مانگەدا لەگەڵ هاوڕێیەكیدا لە كەركوكەوە بۆ كرێكاری چۆتە قەزای دوزخورماتوو، لەوێ لەكاتی گفتوگۆكردنیاندا دەبێتە دەمەقاڵێیان و هاوڕێیەكەی ڤیدیۆی ئەیمەن دەگرێت لەكاتی قسەكردندا.
ئەیمەن عەبدی، كە ماڵی لە گەڕەكی ئەسراومەفقودینی شاری كەركوكە، بە (كەركوك ناو)ی وت "ئەو قسەی بە پێشمەرگە وت، منیش قسەم بە حەشدی شەعبی وت، هاوڕێیەكەم لەوكاتەدا ڤیدیۆی گرت و بۆ حەشدی شەعبی ناردووە و ئەو كارەیان بەرامبەرم كرد".
ئەو روداوە ناڕەزایی و گردبونەوەی فراوانی كاكەییەكانی لە عیراق و بەتایبەت كەركوك بەدواداهات، تا یەكشەممە 24ی تەمموز ئەو وەفدەی حەشدی شەعبی و فەرماندە ئێرانییەكە لەگەڵیاندا كۆبونەوە و جۆرێك لە هێوربونەوە رویداوە و چاوەڕوانی جێبەجێكردنی ئەنجامی گفتوگۆكانن.
بەهمەن مام وەلی، كەسایەتی كاكەیی كە بەشداربووە لە كۆبونەوەكەدا، وتی "ئێمە داوای دەستگیركردنی بكەرانی روداوەكەمان كرد، ئیقبال پور، فەرماندەكەی سوپای پاسداران و وەفدەكەی حەشدی شەعبیش بەڵێنیاندا لە ماوەی دوو رۆژدا تاوانباران رادەستی یاسا بكەن".
ئێمە داوای دەستگیركردنی بكەرانی روداوەكەمان كرد، ئیقبال پور، فەرماندەكەی سوپای پاسداران و وەفدەكەی حەشدی شەعبیش بەڵێنیاندا لە ماوەی دوو رۆژدا تاوانباران رادەستی یاسا بكەن
وتیشی "لەگەڵئەوەشدا داوامانكرد دوای رادەستكردنی تاوانباران بە یاسا، كۆدەبینەوە و لەڕێی عەشایەرییەوە چارەسەری كێشەكە دەكەین".
ئەوەش لەكاتێكدایە ئەمڕۆ سێشەممە 26ی تەمموز ئەو دوو رۆژە كۆتایی دێت و تا بڵاوكردنەوەی ئەم هەواڵە، بكەران دەستگیرنەكراون.