چوار باند بە تۆمەتی كاری لەشفرۆشی لە شاری كەركوك دەستگیردەكرێن، كە 26 ئافرەتیان لەگەڵدا بووە و پارەی تەزویریشیان پێگیراوە، بەوتەی دوو سەرچاوەی ئاگادار بۆ (كەركوك ناو).
ئەو هەڵمەتەی هێزە ئەمنییەكانی كەركوك، بە سەرپەرشتیی لیوا كاوە غەریب، فەرماندەی پۆلیس لە چەند گەڕەكێكی ناوشار بەڕێوەچووە، دوای ناڕەزایی و سكاڵای ژمارەیەك لە هاوڵاتیانی كەركوك.
یەكێك لە سەرچاوەكانی (كەركوك ناو)، كە لێپرسراوێتی ئەمنی هەیە و لەبەر نەبونی مۆڵەتی لێدوان داوایكرد ناوی بڵاوبكرێتەوە، وتی "ئەو چوار باندە لە 26 ئافرەت پێكهاتبوون، لەگەڵ دوو پیاو و لەگەڵ چەند منداڵێكی خوار تەمەن پێنج ساڵ".
(كەركوك ناو) مانگی رابردوو لە بەدواداچونێكی مەیدانیدا ئاشكرایكرد لە شەقامی بازنەیی (حەولیی) شاری كەركوك و گەڕەك و بازاڕ و چەندین ناوچەی دیكە، بە رۆژی روناك و بە ئاشكرا كاری لەشفرۆشیی دەكرێت.
بەوتەی دوو سەرچاوەكەی (كەركوك ناو)، دوابەدوای بڵاوبونەوەی زانیاری لەسەر كاری لەشفرۆشی لە كەركوك و بە تایبەت لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكاندا، "لە شەقامی حەولی ئەو دیاردەیە بنەبڕ كرا و بەشێكیان رویانكردە گەڕەكەكانی ناوشار، بۆیە پاش سكاڵا و زانیاری هاوڵاتیان، ئەو چوار باندە لە گەڕەكە جیاوازەكان دەستگیركران"، یەكێك لە سەرچاوەكان وای وت.
دەست بەسەر بڕێك پارەی ساختەدا گیراوە
ئەو سەرچاوەیە ئەمنییە ئاماژەی بەوەدا لەكاتی هەڵمەتە ئەمنییەكەدا، دەست بەسەر بڕێك پارەی ساختەدا گیراوە و "پێدەچێت لە بەرانبەر كاری لەشفرۆشیدا بەو ئافرەتانە درابێت و نەیانزانیبێت پارەكە ساختەیە".
فەرماندەیی پۆلیسی كەركوك، لە راگەیەندراوێكی كورتدا نیوە شەوی رابردوو، 25ـی تەمموز بڵاویكردۆتەوە هێزەكانیان 26 كەسیان بە تۆمەتی لەشفرۆشیی دەستگیركراون و چوار باند هەڵوەشێنراونەتەوە.
بەپێی یاسای بەنگاربونەوەی لەشفرۆشی ژمارە 8ـی ساڵی 1988ـی عیراق، لەشفرۆشی و دەڵاڵی قەدەغەیە، دەڵاڵ و ئەوانەی شوێن بۆ كاری لەشفرۆشیی بەكاردەهێنن بە زیندانیكردن تا حەوت ساڵ سزادەدرێن.
هەر لەو یاسایەدا هاتووە؛ هەر كەسێك سەلمێنرا كاری لەشفرۆشی كردووە ئەوا بۆ ماوەی سێ مانگ تا دوو ساڵ لە خانەیەكی چاكسازیدا دادەنرێت، ئەگەر لەو خانەیە نەمێنێتەوە و هەڵبێت، ئەوا زیندانی بۆ ماوەی ساڵێك بەسەردا دەسەپێنرێت، تەنیا بەمەرج دەتوانێت لەو خانەیە دەربچێت.
بەپێی ماددەی 37ـی دەستوری هەمیشەیی عیراقیش بازرگانیكردن بە سێكس قەدەغەكراوە.