دوای گیانلەدەستدانی دوو كەس و برینداربونی سێی تر
كارگەی یارییە ئاگرینەكەی خانەقین داخرا و كەرەستەكانی لەناوبران

دیالە/ 28ی تەمموزی 2022/ ساتی تەقاندنەوەی تەقەمەنی و كەرەستەی كارگەیەكی یارییە ئاگرینەكان لە خانەقین. فۆتۆ: ئەمیر خانەقینی

ئەمیر خانەقینی

تیمێكی پسپۆڕ لە هەردوو وەزارەتی بەرگری و ناوخۆی عیراق تەواوی تەقەمەنی و مەواد و كەرەستەكانی كارگەی یارییە ئاگرینەكەی خانەقینیان لەناوبرد و كارگەكەش كە هیچ مۆڵەتێكی نەبوو داخرا. لەگەڵ بڕیاری دەستگیركردن بۆ خاوەنەكەی.

ئەو هەنگاوە دوای ئەوە هات كە شەممەی رابردوو 23ی تەمموز تەقینەوەیەك لەناو كارگەكەدا رویدا و دوو كەس بەهۆیەوە گیانیانلەدەستداو سێی تریش برینداربون.

 (4)-2
دیالە/ 23ی تەمموزی 2022/ شوێنەواری تەقینەوەیەك لەناو كارگەیەكی یارییە ئاگرینەكان لە خانەقین. فۆتۆ: ئەمیر خانەقینی

لێپرسراوێكی ئەو تیمەی كە بۆ تەقاندنەوەی تەقەمەنی و مەوادەكانی ئەو كارگەیە هاتبونە خانەقین، لە شوێنی تەقاندنەوەی مەوادەكانی كارگەكە بە (كەركوك ناو)ی وت "تیمێكی پسپۆڕ سەرپەرشتی ئەم پرۆسەیە دەكەن، لەم كارگەیە مەوادێكی زۆری تەقەمەنی، باروت، مەوادی كیمایی كشتوكاڵی و كەرەستەی دروستكردنی یارییە ئاگرینەكان هەڵگیرابون و یاریی ئاگرینیان لێ دروستدەكرا، تیمەكان مەوادەكانیان بۆ شوێنێكی دیكە لە دەرەوەی شار گواستەوە و سەركەوتووانە هەموی تەقێنرانەوە و لەناوبران".

كارگەكە دەكەوێتە ناوچەی پیشەسازی لە باشوری خانەقین سەر بە پارێزگای یدالە و هیچ مۆڵەتێكی نەبووە، بڕی ئەو مەوادانەی لە كارگەكەدا بوو بە پێنج تەن خەمڵێنرا.

ڤیدیۆ: ساتی تەقاندنەوەی تەقەمەنی و كەرەستەی كارگەیەكی یارییە ئاگرینەكان لە خانەقین.

بەپێی تیمەكە هەشت جۆر مەواد لەو كارگەیە هەبووە و دوای تێكەڵكردنیان بە یەكتر یارییە ئاگرینەكانیان لێ دروستدەكرا.

شەممەی رابردوو 23ی تەمموز تەقینەوەیەك لەناو كارگەكەدا رویداو بەهۆیەوە دوو كەس گیانیانلەدەستدا و سێ كەسی تریش برینداربون، یەكێك لەوانەی گیانیلەدەستدا كارمەندی كارگەكە نەبووە.

هێزە ئەمنییەكانی خانەقین، دوای روداوەكە فەرمانی دەستگیركردنیان بۆ خاوەنی كارگەكە دەركرد، بەڵام  هێشتا دەستگیرنەكراوە. هەروەها هێشتا بەتەواوی رون نییە چۆن تەقینەوەكە رویداوە و هێزە ئەمنییەكان لە لێكۆڵینەوەدان بۆ ئەو مەبەستە، ئەوەش بەپێی سەرچاوەیەك لە پۆلیسی خانەقین.

 

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT