وەزارەتی دارایی حكومەتی فیدراڵ بڕیاریدا بە خەرجکردنی بڕی 19 ملیار و 464 ملیۆن دینار بۆ قەرەبوکردنەوەی زیانلێكەوتووانی پارێزگای نەینەوا و بڕیارە بەمنزیكانە دەستبكرێت بە دابەشكردنی بەسەر زیانلێكەوتواندا.
بەپێی نوسراوێكی وەزارەتی دارایی عیراق كە كۆپییەكی دەست (كەركوك ناو)، كەوتووە و لە 28ی تەمموز واژۆكراوە، تیایدا ئاماژە بە خەرجكردنی ئەو بڕە پارەیە دەكات بۆ قەرەبوكردنەوەی زیانلێكەوتووانی پارێزگاكە.
رەفعەت سمۆ، جێگری پارێزگای نەینەوا بۆ کاروباری ئیداریی، لە لێدوانێكیدا بۆ (كەركوك ناو)، وتی "دەرکردنی ئەو بڕیارە لەلایەن وەزارەتی دارایی عیراقەوە یەکێک بوو لە داواکارییەکانمان لە ماوەكانی رابردودا".
دەرکردنی ئەو بڕیارە لەلایەن وەزارەتی دارایی عیراقەوە یەکێک بوو لە داواکارییەکانمان
جەختیشیكردەوە "ئەو بڕە پارەیە لەلایەن لیژنەیەكی ئیداریی پارێزگای نەینەواوە بەسەر زیانلێكەوتوواندا دابەدەشكرێت لە زوترین كاتدا".
بەپێی ئەو ئامارانەی پێشتر (كەركوك ناو) بڵاویكردۆتەوە، بەهۆی شەڕی داعشەوە 250 هەزار خانوو لە موسڵ زیانیان بەركەوتووە یان خاپور بون، كە بەشێكیان بۆ بنیاتنانەوە و نۆژەنكردنەوە، یەكی پێویستیان بە 30 هەزار دۆلار هەیە.
قەرەبوكردنەوەی زیانلێكەوتووان لە چوارچێوەی هەمواركردنەوەی یاسای ژمارە 20ـی ساڵی 2009دا دەبێت، كە بەپێی یاساكە، لهڕێی لیژنهیهكهوه ههڵسهنگاندن و خهمڵاندنی بۆ دهكرێت. دواتر ئهو بڕه پارهی پێدهدرێت كه لیژنهكه دیاریكردووە لهبهرانبهر زیانهكاندا، بۆ ئهوهش سهرهتا خانوو، دواتر ناوهندهكانی خزمهتگوزاری ئههلی دهگرێتهوه.
هەر بەپێی یاساكە، كهسوكاری كوژراو و بریندارانییش بە دوو ملیۆن و 500 هەزار تا پێنج ملیۆن دینار قەربویان پێدەدرێت و دواتر موچەی مانگانهی خانهنیشینییان بۆ خهرجدهكرێت.
بەپێی بەدواداچونەكانی (كەركوك ناو) كە لە ئیدارەی نەینەوا دەستیكەوتووە، نزیكەی 90 هەزار مەدەنی لە نەینەوا هەوڵیی بەدەستهێنانی قەرەبوكردنەوە دەدەن.
رەفعەت سمۆ، جێگری پارێزگاری نەینەوا لە ناوەڕاستی مانگی تەمموزی ئەمساڵ بە (كەركوك ناو)ـی وت "ئێستا نزیكەی 30 هەزار مامەڵەی خەڵك كە هیچ كێشەیەكیان نییە رەوانەی دەزگا پەیوەندیدارەكان كراوە و تەنیا چاوەڕێی دابینكردنی پارە دەكەن تا قەرەبوو وەربگرن".
هەر بەپێی ئامارەكانی ئیدارەی نەینەوا، كۆی بڕی ئەو پارەیەی كە پێویستە بۆ قەرەبوكردنەوەی زیانلێكەوتوانی پارێزگاكە خەرجبكرێت 137 ملیار دینارە.
رەفعەت سمۆ، دوای دەركردنی بڕیارەكەی وەزارەتی دارایی، بە (كەركوك ناو)ی وت "تائێستا بەشێكی كەم لە زیانلێكەوتووان پارەیان وەرگرتووە، ئەم بڕەی هاتووە لە نزیكترین كاتدا بەسەر زیانلێكەوتوواندا دابەشدەكرێت".
تائێستا بەشێكی كەم لە زیانلێكەوتووان پارەیان وەرگرتووە
تائێستا نزیكەی 11 هەزار و 500 خێزان لە پارێزگای نەینەوا قەرەبوكردنەوەیان وەرگرتووە و دوایین بڕە پارەی لیژنەی قەرەبوكردنەوەی زیانەكانی شەڕ لە تشرینی یەكەمی 2021ـدا بووە و لەوكاتەوە هیچ بڕە پارەیەكی دیكە خەرجنەكراوە.
نهینهوا دوهم گهورهترین پارێزگای عیراقه، روبهرهكهی زیاتره له 33 ههزار كیلۆمهتر چوارگۆشه و له 31 یهكهی ئیداری پێكهاتووه، كه دانیشتوانهكهی دهگاته زیاتر لە چوار ملیۆن كهس. ئەو پارێزگایە لە حوزەیرانی 2014 كەوتە دەست چەكدارانی دەوڵەتی ئیسلامی لە عیراق و شام (داعش) و لە كۆتایی 2017 لەژێر چنگی ئەو رێكخراوە دەرهێنرا.