محەمەد چەند ساڵێك لە چاوەڕوانی قەرەبوكردنەوەی حكومەتدا دەمێنێتەوە، كاتێك ئومێدی نامێنێت، بە ناچاری و لەسەر گیرفانی خۆی دەست دەداتە نۆژەنكردنەوەی خانووە روخاوەكەی.
ماڵەكەی محەمەد و هەزاران خانوی دیكەی هاوڵاتیان لە شاری موسڵ زیانیان بەركەوت یان بە تەواوی خاپوربون، بەهۆی شەڕی چەند ساڵەی "دەوڵەتی ئیسلامی لە عیراق و شام – داعش"، سەرباری پاڵپشتی یاسایی و راییكردنیی مامەڵەی قەرەبووكردنەوە، هێشتا پارەیان پێنەدراوە.
"10 ملیۆن دینارم لە نۆژەنكردنەوەی خانوەكەمدا خەرجكرد، تەنیا رێكخراوێك بە بڕی دوو ملیۆن دینار هاوكاری كردم، ئەوەی تر هەموی پارەی خۆم بووە و كەس هاوكارم نەبووە" محەمەد عەبدوڵا، دانیشتوی گەڕەكی سەرچخانەی بەری راستی موسڵ بۆ (كەركوك ناو) وای وت.
ئەو چەند ساڵێكە مامەڵەی وەرگرتنی قەرەبوكردنەوەی زیانەكانی تەواو كردووە بەڵام هیچ وادەیەك دیارنییە كەی قەرەبووەكەی پێدەدرێت، لەكاتێكدا پێنج ساڵ بەسەر كۆنتڕۆڵكردنەوەی موسڵدا تێدەپەڕێت.
بەپێی ئەو ئامارانەی پێشتر (كەركوك ناو) بڵاویكردۆتەوە، بەهۆی شەڕی داعشەوە 250 هەزار خانوو لە موسڵ زیانیان بەركەوتووە یان خاپور بون، كە بەشێكیان بۆ بنیاتنانەوە و نۆژەنكردنەوە یەكی پێویستیان بە 30 هەزار دۆلار هەیە.
محەمەد عەبدوڵا وتی "بەشێكی زۆری خانوەكان نۆژەن نەكراونەتەوە، ئەوەی توانای هەبێت بە پارەی خۆی نۆژەنی دەكاتەوە و ئەوەی پارەی نەبێت ناچارە لە شوێنی دیكە خانوو بە كرێ بگرێت تا حكومەت قەرەبووی پێدەدات و خانوەكەی نۆژەندەكاتەوە، ئەو پرۆسەیەش زۆر خاوە و چەند ساڵێكە چاوەڕێین".
مامهڵهی قهرهبووكردنهوه، لهرێی لیژنهیهكهوه ههڵسهنگاندن و خهمڵاندنی بۆ دهكرێت، دواتر ئهو بڕه پارهی پێدهدرێت كه لیژنهكه دیاریكردووە لهبهرانبهر زیانهكاندا، بۆ ئهوهش سهرهتا خانوو، دواتر ناوهندهكانی خزمهتگوزاری ئههلی دهگرێتهوه، بەپێی رێكارەكانی یاسای ژمارە 20ـی ساڵی 2009.
هەر لەو یاسایەدا كە بۆ قەرەبوی زیانەكانی ئۆپەراسیۆنە جەنگییەكان و هەڵە سەربازییەكان و كردەوە تیرۆریستییەكانە، پەرلەمانی عیراق هەمواری كردۆتەوە، كهسوكاری كوژراو و بریندارانییش بە دوو ملیۆن و 500 هەزار تا پێنج ملیۆن دینار قەربویان پێدەدرێت و دواتر موچەی مانگانهی خانهنیشینییان بۆ خهرجدهكرێت.
"خانووەكەم دوو نهۆمە و لەشەری دژ بە داعش زیانێكی زۆر بەركەوتووە، ئەگەر ئێستا نۆژەنی بكەمەوە پێویستم بە 20 ملیون دینارە، ئەو هەموو پارەیەم نییە و لە ناو خانوویەكی كرێدا دەژیم، چونكە مامەڵەكانی قەرەبوكردنەوەم دەمێكەیە تەواو كردووە و هەر دەڵێن بەمنزیكانە پارە وەردەگرن بەبێ ئەوەی ئەنجامێكی هەبێت" بەوتەی عومەر سەعید، دانیشتووی گەڕەكی سەعانینە لەبەری راستی موسڵ بۆ (كەركوك ناو).
نۆژەنكردنەوەی خانوەكەم پێویستی بە 20 ملیۆن دینارە، منیش ئەو پارەیەم نییە و لە خانوی كرێدا دەژیم
ئەو نەیتوانیووە لە هاوكاری رێكخراوەكانیش سودمەندبێت و "تەنیا هاوكاری چەند سەد خێزانێكیان كردووە بۆ نۆژەنكردنەوەی خانوەكانیان و بەر من نەكەوتووە" عومەر وادەڵێت.
دوایین بڕە پارەی لیژنەی قەرەبوكردنەوەی زیانەكانی شەڕ لە تشرینی یەكەمی 2021ـدا بووە و لەوكاتەوە هیچ بڕە پارەیەكی دیكە خەرجنەكراوە.
زوهدی مەجید، ماڵەكەی دەكەوێتە گەڕەكی سەیدە نەفیسە لە بەری راست، بەدوری چەند مەترێك لە مزگەوتی نوری و منارەی حەدبا، كە گەرمترین ناوچەی شەڕی داعش بوو بەرلەوەی لە تەمموزی 2017ـدا كۆتایی بە دەسەڵاتی بهێنرێت لەو شارەدا، ئەو وتی "سندوقی قەتەر بۆ گەشەپێدان و (UNHCR) خانووەكانی گەڕەكی ئێمەیان نۆژەنكردەوە، خانوەكەی من سەروو پێنج ملیۆن دیناری تێچوو، ئێستاش بە ئاسودەیی تیایدا دەژیم"، زوهدی داواكارە حكومەت پەلە لە قەرەبوكردنەوەی هاوڵاتیاندا بكات تا بە زویی ژیانی ئاسایی بۆ موسڵ بگەڕێتەوە.
بەپێی بەدواداچونەكانی (كەركوك ناو)، نزیكەی 90 هەزار مەدەنی لە نەینەوا هەوڵیی بەدەستهێنانی قەرەبوكردنەوە دەدەن بەڵام بەشێكیان كەمیان مامەڵەكانیان تەواو كراوە و چەند هەزار خێزانێكیش پارەی قەرەبویان پێدراوە.
رەفعەت سمۆ، جێگری پارێزگاری نەینەوا بۆ كاروباری كارگێڕی بە (كەركوك ناو)ـی وت "ئێستا نزیكەی 30 هەزار مامەڵەی خەڵك كە هیچ كێشەیان نییە رەوانەی دەزگا پەیوەندیدارەكان كراوە و تەنیا چاوەڕێی دابینكردنی پارە دەكەن تا قەرەبوو وەربگرن".
هەروەها رونیكردەوە لە ساڵانی 2017 و 2018ـدا ژمارەیەك كەم خێزان قەرەبوویان وەرگرتووە، كە هەر قۆناغێك كەمتر لە 500 خێزان بووە و لە ساڵی رابردودا زۆرترین كەس پارەی پێدراوە كە گەیشتۆتە زیاتر لە 11 هەزار خێزان، بەڵام هێشتا خەڵكی زۆر زیاتر ماون قەرەبوبكرێنەوە.
"لە هەندێك گەڕەكی موسڵی كۆن خەڵك رێگا بە تیمەكانمان نادات پاشماوەكانی شەڕ هەڵبگرن تا ئەوكاتەی قەرەبوودەكرێنەوە و خۆیان خانوەكانیان نۆژەندەكەنەوە" سمۆ دەڵێت دواكەوتنی قەرەبوكردنەوە كێشەی بۆ پرۆسەی ئاوەدانی شارەكە دروستكردووە، لەكاتێكدا قەرەبوو لە دەسەڵاتی ئەواندا نییە.
جێگری پارێزگار دەڵێت لە یاسای پاڵپشتی ئاسایشی خۆراك، كە پەرلەمانی عیراق لە حوزەیرانی ئەمساڵدا پەسەندیكرد، بڕی 300 ملیار دینار بۆ جێبەجێكردنی یاسای قەرەبوكردنەوەی زیانلێكەوتوانی ئۆپەراسیۆن و هەڵەی سەربازی و كردەوە تیرۆریستییەكان تەرخانكراوە، "لەو بڕە پارەیە نزیكەی 100 ملیار دیناری بۆ قەرەبوی زیانلێكەوتوانی نەینەوا دەبێت".
نهینهوا دوهم گهورهترین پارێزگای عیراقه، روبهرهكهی زیاتره له 33 ههزار كیلۆمهتر چوارگۆشه و له 31 یهكهی ئیداری پێكهاتووه، كه دانیشتوانهكهی دهگاته زیاتر لە چوار ملیۆن كهس.