تەرمی فاروق میرزا، ئەو ئاوارەیەی چەند رۆژێك لەمەوبەر دیارنەما دۆزرایەوە و هێشتا هێزە ئەمنییەكان بە دوای كچەكەیدا دەگەڕێن، كە ئەویش لەگەڵ باوكیدا بێسەروشوێن بوو.
فاروق میرزا (42 ساڵ)، ئاوارەی ئێزیدی لە كەمپی چەم مشكۆی ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ لە پارێزگای دهۆك، 4ـی ئابی 2022 لەگەڵ كچێكیدا (ئاخنین فاروق – شەش ساڵ) بە گەشتێكی چەند كاتژمێری بەرەو باخێك دەچنە دەرەوە، كە دەكەوێتە ناوچەی بێدارێ لە نزیك نەخۆشخانەی گشتی زاخۆ و دواتر دیارنامێنن.
سێڤێ باپیر، هاوسەری فاروق بە (کەرکوک ناو)ـی وت تەرمی هاوسەرەكەی دۆزرایەوە، بەڵام هێشتا (تا كاتژمێر 10:30ـی بەیانی ئەمڕۆ سێشەممە 9ـی ئاب) تەرمەكەی رادەستنەكراوەتەوە و لە پزیشكی دادوەرییە، "داوا و تكام لە دەزگا ئەمنییەکان هەیە چارەنوسی کچەکەم دیاریبکەن".
بەپێی وتەی پێشتری كەسوكاری ئەو هاوڵاتییە بۆ (كەركوك ناو)، فاروق لەسەر داوای هاوڕێیەكی سەردانی ئەو باخچەیەی كردووە، كە بە ئۆتۆمبێل نیو كاتژمێر لە كەمپەكەوە دوورە.
سەرچاوەیەک لە پۆلیسی ئیدارەی زاخۆ بە (کەرکوک ناو)ـی وت "تەرمی فاروق هەر لەو مەزرەعەیەدا دۆزراوەتەوە كە لە كەمپەوە بۆی رۆیشتووە بەڵام چارەنوسی كچەكەی دیارنییە، بۆیە بەدوایدا دەگەڕێین و نازانین كوژراوە یان لە ژیاندا ماوە".
خێزانەكەی فاروق خەڵكی كۆمەڵگەی بۆرك-ـی قەزای شنگالن، جگە لە ئاخنین، چوار كچی دیكەی هەیە كە بچوكەكەیان تەمەنی یەك ساڵە.