بكوژی فاروق و كچە شەش ساڵانەكەی دەستگیركرا

ئاخنين فاروق شەش ساڵ و باوكی؛ فاروق میرزا 42 ساڵ وێنە: كەسوكاری بۆ (كەركوك ناو)ـیان ناردووە

عەمار عەزیز

پۆلیسی پارێزگای دهۆك، دەستگیركردنی كەسێكی راگەیاند، كە بەپێی دانپێدانانەكانی هەستاوە بە كوشتنی ئاوارەیەك بە ناوی فاروق میرزا و كچە شەش ساڵانەكەی. هێشتا تەرمی كچە شەش ساڵانەكە نەدۆزراوەتەوە.

فاروق میرزا (42 ساڵ)، ئاوارەی ئێزیدی لە كەمپی چەم مشكۆی ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ لە پارێزگای دهۆك، 4ـی  ئابی 2022 لەگەڵ كچێكیدا (ئاخنین فاروق – شەش ساڵ) بە گەشتێكی چەند كاتژمێری بەرەو باخێك دەچنە دەرەوە، كە دەكەوێتە ناوچەی بێدارێ لە نزیك نەخۆشخانەی گشتی زاخۆ و دواتر دیارنامێنن.

ئەمڕۆ هەینی 12ی ئاب، هێمن سلێمان، وتەبێژى پۆلیسى دهۆک بە (کەرکوک ناو)ى وت "دواى دەستکەوتنى زانیارى ورد لەسەر شوێنى بکوژەکە، لە ئۆپەراسیۆنێکدا شەوی رابردوو توانیمان بكوژ لە گەڕەكی سەرهەڵدان لە ناوەندی دهۆك دەستگیربكەین..."، جەختیشیكردەوە "لە لێکوڵینەوە سەرەتاییەکاندا بکوژ دانیناوە بە کوشتنى فاروق میرزا لەگەڵ کچە شەش ساڵانەکەى بەناوى ئاخنێن".

رۆژی 8ی ئاب، سەرچاوەیەک لە پۆلیسی ئیدارەی زاخۆ بۆ (كەركوك ناو) جەختیكردەوە لە دۆزینەوەی تەرمی فاروق میرزا، هەر لەو مەزرەعەیەی كە فاروق و كچەكەی لە كەمپەوە بۆی رۆیشتبون.

هێمن سلێمان و كەسوكاری فاروق، ئەمڕۆ هەینی، جەختیانكردەوە كە سەرەڕای دەستگیركردنی بكوژ و دانپێدانانی بە كوشتنی ئەو كچ و باوكە، بەڵام هێشتا تەرمی ئاخنین فاروق (شەش ساڵ) نەدۆزراوەتەوە.

سێڤێ باپیر، هاوسەرى فاروق، بە (كەركوك ناو)ی وت "هێشتا تەرمی كچەكەم دیار نییە... دەمانەوێت بكوژ لە سێدارەبدرێت، ئەو ماڵى کاولکردین".

هەروەها داوایكرد پەلەبكرێت لە دۆزینەوەی تەرمی كچەكەی.

سێڤێ هیچ زانیارییەكی لا نەبوو لە بارەی ناسنامەی بكوژ.

بەپێى زانیارییەكان، كە (كەركوك ناو) لە هێزە ئەمنییەكانی پارێزگا دهۆك وەریگرتووە، بكوژ پێشینەی تاوانی هەیە و لە ساڵی 2021 دەستی هەبووە لە رفاندنی دوو كچە منداڵی پەنابەری رۆژئاوا، هەر بەهۆی پێشنەی تاوانەوە سێ ساڵ لە زیندان بووە، بەڵام (كەركوك ناو) وردەكاری ئازادبونی لە زیندان و دۆسییەكانی دەستنەكەوت.

هێمن سلێمان، وتەبێژی پۆلیسی دهۆك، وتی "دڵنیایى دەدەینە کەسۆکارى فاروق کە تیمەکانمان بەردەوامن دەبن تا تەرمی ئەو كچە شەش ساڵانەش دەدۆزینەوە".

خێزانەكەی فاروق خەڵكی كۆمەڵگەی بۆرك-ـی قەزای شنگالن، جگە لە ئاخنین، چوار كچی دیكەی هەیە كە بچوكەكەیان تەمەنی یەك ساڵە.

بەپێی وتەی پێشتری كەسوكاری ئەو هاوڵاتییە بۆ (كەركوك ناو)، فاروق لەسەر داوای هاوڕێیەكی سەردانی ئەو باخچەیەی كردووە، كە بە ئۆتۆمبێل نیو كاتژمێر لە كەمپەكەوە دوورە.

دواینوەڕۆی ئەمڕۆ هەینی 12ی ئاب، پۆلیسی دهۆك لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا جەختیكردەوە "لەکاتی ئۆپەراسیۆنەكەدا، بكوژ چەكی هەڵگرتبوو"، ئاماژەی بەوەشدا كە خەڵكی زاخۆیە و لە لێكۆڵینەوەكاندا ئاماژەی بە شوێنی كوشتنی كچە شەش ساڵانەكەش كردووە، بەڵام هێشتا تەرمەكەی نەدۆزاوەتەوە.

 

 

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT