هەماهەنگی سوپای عیراق و پێشمەرگە "ئارامی" بۆ خانەقین دەگەڕێنێتەوە

دیالە/ 18ـی ئابی 2022/ ئۆپەراسیۆنی سەربازی هاوبەشی سوپای عیراقی و هێزەكانی پێشمەرگە لە ناوچەكانی دەوروبەری خانەقین فۆتۆ: سەیف سپێدا

ئەمیر خانەقینی – دیالە

"لەمدواییانەدا بارودۆخی ئەمنی بەرەو باشتر دەڕوات، ئێمەی گەنجان شەوان بە ئازادی دەتوانین بچینە دەرەوە و تا درەنگانی شەو یاری تۆپی پێ بكەین" سەلام نەجم، هاوڵاتی ناوچەی قولای لە خانەقین، وای وت.

ناوچەی قولای نزیكەی 28 گوند لە خۆدەگرێت و دەكەوێتە باكوری قەزای خانەقین-ـى پارێزگای دیالە.

سەلام نەجم دەڵێت لە ناوچەكەی ئەواندا كە تێكەڵەیەكن لە عەرەب و كورد، پێشتر بۆ ماوەی پێنج ساڵ بە شەوان نەیاندەتوانی پاڵەوانێتی تۆپی پێ بكەن و ئەمڕۆ بە ئازادی و بێ ترس بەشداری دەكەن.

هەماهەنگیی نێوان سوپای عیراق و هێزەكانی پێشمەرگە لە خانەقین بە هۆكارێكی سەرەكی گەڕانەوەی ئارامی دادەنرێت، ئەوەش دوای چەند ساڵێك لە دابڕان، بەهۆی ناكۆكییەكانی دوای ریفراندۆم و روداوەكانی 16ـی ئۆكۆتبەری 2017، كە وایكرد پێشمەرگە لە ناوچەكانی جێناكۆك پاشەكشێ بكەن و هێزەكانی سەر بە حكومەتی فیدراڵی جێگەیان بگرنەوە.

ئەفسەرێكی ناوەندی هاوبەشی سەربازی لە خانەقین بە (كەركوك ناو)ـی وت "نزیكەی شەش مانگە شاری خانەقین و ناوچەی قولای روبەڕوی پێشێلكاری ئەمنی نەبۆتەوە و هیچ كردەوەیەكی تیرۆریستی تیادا تۆمارنەكراوە".

"باشبونی بارودۆخی ئەمنی بەهۆی هەماهەنگی نێوان پێشمەرگە و سوپاوەیە، كە ئامێری پێشكەوتوو و كامێرای حەرارییان بۆ چاودێری جموجۆڵەكانی داعش هەیە، هەركاتێك جموجۆڵیان هەبێت دەكرێنە ئامانج" بەوتەی ئەو سەرچاوەیەی ناوەندی هاوبەشی سوپا و پێشمەرگە، كە بەهۆی نەبونی مۆڵەتی لێدوانەوە داوایكرد ناوی بڵاونەكرێتەوە.

ناوەندی هاوبەشی سوپا و پێشمەرگە لە خانەقین و چەندین ناوچەی دیكەی جێناكۆك بۆ هەماهەنگی سەربازیی پێكهێنراوە و بڕیارە هەر لەو چوارچێوەیەدا دوو لیوای هاوبەشی چەكداریش دەستبەكاربن.

gund-3
دیالە/ 2020/ شوێنەواری كوشتنی چوار كەس لەگوندێكی خانەقین بە دەستی "داعش" فۆتۆ: ئەمیر خانەقینی

سەرچاوەیەكی دیكەی ئەمنی بە پلەی موقەدەم لە سوپای عیراق بە (كەركوك ناو)ـی وت "خەڵكی ناوچەكە رۆڵێكی گەورەیان لە هاوكاریكردنی هێزە ئەمنییەكاندا هەیە و لە جموجۆڵی گوماناوی ئاگاداریان دەكەنەوە".

لە 18ـی ئابی ئەمساڵ هێزەكانی پێشمەرگە لەگەڵ سوپای عیراق ئۆپەراسیۆنێكی هاوبەشی سەربازییان لە ناوچەكانی باكوری خۆرئاوای قەزای خانەقین بەرەو قەزای دوزخورماتوو لە خۆرهەڵاتی سەڵاحەدین ئەنجامدا.

"لیوای پیادەی سێیی سەر بە وەزارەتی پێشمەرگە لەگەڵ سوپای عیراقی ئۆپەراسیۆنێكی گەورەیان ئەمنییان بۆ راوەدونانی چەكدارانی داعش لە سنوری نێوان پێشمەرگە و سوپادا لە خانەقین ئەنجامدا" بەوتەی سەرچاوەیەكی ئەمنی لە وەزارەتی پێشمەرگە.

ئەو سەرچاوەیە دەڵێت هێزەكانی پێشمەرگە و سوپا سنوری یەكترییان تێنەپەڕاند و لەگەڵ پێشمەرگەدا دەزگای دژەتیرۆریش بەشداربون.

لە خانەقین و سنوری پارێزگای دیالەوە تا ناوچەی سحێلا لە نەینەوا بەدرێژایی 560 كیلۆمەتر هێزەكانی سوپای عیراق و پێشمەرگە سنور لە نێوانیاندا هەیە.

هێمن محەمەد، هاوڵاتی گوندێكی ناوچەی قولای بە (كەركوك ناو)ـی وت "هەماهەنگی نێوان پێشمەرگە و سوپا رەنگدانەوەی ئەرێنی لەسەر ناوچەكەمان هەیە، بۆیە داوا لە لایەنە سیاسییەكان لە داهاتودا هیچ لێدوانێك نەدەن كە كاریگەری لەسەر سەقامگیری ئێستا دابنێت".

له‌ سنوری قه‌زای خانه‌قین زیاتر له‌ شه‌ش هێز هه‌یه‌ له‌ نێویاندا سوپای عیراقی، پێشمه‌رگه، پۆلیسی فیدراڵی، حه‌شدی شه‌عبی، ئاسایشی هه‌رێمی كوردستان و پۆلیسی ناوخۆیی سه‌ر به ‌وه‌زاره‌تی ناوخۆی عیراق.

"چەكدارانی داعش لەدوای چالاككردنی هەماهەنگییەكانەوە هەڵدێن لە ناوچەكە، ئەوەش لە ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەكانی ئەمدواییەدا دەبینرێت، كە لەگەڵ پێشمەرگەدا بۆ نەهێشتنی جموجۆڵە چەكدارییەكانی ئەو قەزایە بەڕێوەچون" ئەفسەرێكی سوپای عیراقی كە نەیویست ناوی بڵاوبكرێتەوە بۆ (كەركوك ناو)، وای وت.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT