دایك و كورێك لە ماڵەكەی خۆیاندا لە گەڕەكی بەختیاری خانەقین دەدرێنە بەر دەستڕێژی گولـلە و هەردوكیان دەكوژرێن.
ئەم روداوە بەیانی ئەمڕۆ هەینی 26ی ئاب بووە، كاتێك ئەو دایك و كوڕە بە تەنیا لە ماڵەوە بون.
جەبار یوسف – ژنە كوژراوەكە پوریەتی-، بە (كەركوك ناو)ی وت "كاتژمێر شەش هەواڵەكەمانزانی، هەردوكیان پێنج فیشەكیان پێوەبوو، لەناو ماڵەكەی خۆیاندا كوژرابون".
ئەو ژنە دوو كوڕی هەیە و هاوسەرەكەی لە ژیاندا نەماوە، یەكێك لە كوڕەكانی كاتی روداوەكە لە "نەخۆشخانەی خانەقین خەوێنراوە و نەخۆشی دڵی هەیە".
جەبار یوسف كە قسەی بۆ (كەركوك ناو) كرد، وتی "من لە نەخۆشخانە لای كوڕە بچوكەكەی پورم بووم، بەیانی كاتژمێر شەش كوڕی پورم وتی تەلەفون بۆ دایكم دەكەم، كە تەلەفونەكەی هەڵگرت وتی دایكم بەدەنگی بەرز هاوار دەكات و دەگیرێت و تەلەفونەكەی داخستەوە... ئێمەش بەپەلە نەخۆشخانەمان بەجێهێشت و چوین بۆ ماڵەوە".
زیاتر وتی "كە چوینە ماڵەوە بینیمان هەردوكیان لەناو خانووەكەدا كوژراون، پێنج فیشەكیان پێوەبوو، ماڵەكە هەموی خوێن بوو، هەرئەوكات پۆلیسمان ئاگاداركردەوە".
ئەو كوڕەی لەگەڵ دایكیدا كوژراوە 27 ساڵانە و پێشمەرگەیە، دایكیشی ژنی ماڵەوەیە و 54 ساڵە.
جەبار وتی "ئێمە نازانین كێ ئەو كارەی كردووە، ماڵی پورم هیچ كێشەیان لەگەڵ كەسدا نەبووە، پۆلیس كە هات لێكۆڵینەوەیان لەگەڵ كوڕی پورەكەی ترم دەستپێكرد".
ئاماژەی بەوەشدا كە خەڵكی گەڕەك وتویانە تەنانەت گوێیان لە دەنگی تەقەش نەبووە.
پۆلیسی خانەقین، دوای ئاگاداركردنەوەیان دەچنە شوێنی روداوەكە و ئەو كوڕی ئەو ماڵە لەگەڵ خۆیاندا دەبەن كە لە نەخۆشخانەی خانەقین بووە.
بەپێی سەرچاوەیەك لە بنكەی پۆلیسی بەختیاری لە خانەقین – نزیكترین بنكەیە لە شوێنی روداوەكە-، ئەو دایك و كوڕە بە گولـلە كوژراون و تەرمەكانیان رەوانەی پزیشكی دادوەری بەعقوبە كراوە بۆ توێكاریی.
سەرچاوەكە وتی "وتەی ئەو كوڕەیان وەرگیراوە كە لە نەخۆشخانە بووە و لە بەدواداچونی بەردەوامداین بۆ دۆزینەوەی بكەرانی روداوەكە".