یەكێك لەو دوو كەسەی شەوی رابردوو لە كەركوك رفێنرا سەربڕدراوە

كەركوك/ 28ی ئابی 2022/ پۆلیسی كەركوك لەكاتی گەڕان بەدوای رفێنراوەكاندا. فۆتۆ: راگەیاندنی پۆلیسی كەركوك

كەركوك ناو

یەكێك لەو دوو كەسەی شەوی رابردوو لە گوندی جەبەل بۆر لە سنوری كەركوك لەلایەن ژمارەیەك چەكدارەوە رفێنرا تەرمەكەی بەسەربڕدراوی دۆزرایەوە.

شەوی رابردوو ژمارەیەك چەكدار كە هێشتا ناسنامەیان رون نییە، بە ماتۆڕسكیل هەڵدەكوتنە سەر ئۆتۆمبێلێك كە دوو هاوڵاتی تیابووە لە گوندی جەبەل بۆر، لە خۆرهەڵاتی كەركوك و  دەیانڕفێنن.

سەرچاوەیەك كە بەرپرسیارێتی لە پۆلیسی كەركوكدا هەیە، لە لێدوانێكیدا بۆ (كەركوك ناو)، جەختیكردەوە "هەر شەوی رابردوو تا بەرەبەیان هێزە ئەمنییەكانی كەركوك لە لێكۆڵینەوە و بەدواداچوندا بون بەدوای ئەو دوو رفێنراوەدا، ئێستا دەركەوتووە یەكێكیان سەربڕدراوە و چارەنوسی ئەوەی تریش دیار نییە".

وتیشی "سەربڕدراوەكە ناوی عەلی عەبدوڵا و 39 ساڵە... هەردوو رفێنراوەكەش ماڵیان لە گوندی جەبەل بۆرە".

سەربڕدراوەكە ناوی عەلی كاكەلاوە و 39 ساڵە، پێشمەرگەیە

گوندی جەبەل بۆر دەكەوێتە خۆرهەڵاتی كەركوك و نزیك لە رێگای حەولی (بازنەیی) كەركوك.

سەرچاوەكە ئاماژەی بەوەدا كە ئۆتۆمبێلەكەیان و مۆبایلی یەكێكیان هەر لەناوچەكە دۆزراوەتەوە، لەگەڵ تەرمی یەكێك لە رفێنراوەكان.

پۆلیسی كەركوك درەنگانێكی شەوی رابردوو 28ی ئاب بڵاویكردەوە كە لێكۆڵینەوە و گەڕان بەدوای دوو هاوڵاتیدا دەكەن كە لە نزیك جەبەل بۆر لە سنوری ناحیەی لەیلان دیارنەماون.

پرۆسەی گەڕانەكە بەپێی راگەیەنراوێكی پۆلیسی كەركوك، بە سەرپەرشتی خودی فەرماندەی پۆلیسی كەركوك و بە ئامادەبونی بەڕێوەبەری هەواڵگریی و بەرەنگاربونەوەی تیرۆر و دەزگا ئەمنییەکان بەڕێوەدەچووە، بەڵام هیچ ئاماژەیەكی بەوەنەداوە ئەو دوو هاوڵاتییە كەی دیارنەماون و چارەنوسیان چی بەسەرهاتووە.

دوێنێ یەكشەممە 28ی ئاب لە روداوێكی تردا لە گوندی بەیانلو لە ناحیەی لەیلان لە كەركوك چەند چەكدارێك بە سواری ماتۆڕسكیلەوە تەقە لە ژمارەیەك شوانكارە دەكەن و لە ئەنجامدا شوانكارەیەك دەكوژن و یەكێكی تر برینداردەكەن. سەرچاوەیەكی پۆلیس دوێنێ بە  (كەركوك ناو)ی وت "چەكدارەكان داعش بون".

هەمان رۆژ سوپای عیراق، لە ئۆپەراسیۆنێکدا لە زنجیرە چیای جەمبور لە سنوری قەزای داقوق چەکدارێکی داعشیان کوشت و یەکێکی دیکەیان بەدیلگرت، ئەوەش بەپێی سەرچاوەیەکی باڵا لە سوپای عیراق لەو سنورە بۆ (كەركوك ناو).

لە 14ی ئابیش ژمارەیەك چەكدار كە هێزە ئەمنییەكان بە "داعش" ناویان هێنان، هەڵیانكوتایە سەر گوندێكی قەزای داقوق و دوای تەقاندنەوەی ماڵی موختاری گوندەكە، مێرمنداڵێكی 13 ساڵیان ڕفاند كە كوڕی بەڕێوەبەری خوێندنگەی گوندەكەیە.

 

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT