كەركوك؛ یەك تۆن مریشك و 700 كیلۆ خۆراكی بەسەرچوو دەستیانبەسەردا دەگیرێت

كەركوك/ ئەیلولی 2022/ لەناوبردنی یەك تۆن مریشكی بەستوی بەسەرچوو دوای كۆكردنەوەی لە بازاڕەكاندا فۆتۆ: تیمی چاودێری تەندروستی

كەركوك ناو – كەركوك

تیمەكانی چاودێری تەندروستی، دەستبەسەر یەك تۆن مریشك و زیاتر لە 700 كیلۆ خۆراكی بەسەرچوودا دەگرن، لە كاتی ساغكردنەوەیاندا لە بازاڕەكانی شاری كەركوك، تازە و داقوق.

لە هەڵمەتی یەكەمیاندا تیمی چاودێری تەندروستی لە كەركوك، پێنجشەممە 1ـی ئەیلول بە هاوكاری هێزە ئەمنییەكان بڕی یەك تۆن مریشكی بەستووی بەسەرچوویان ئاشكراكردووە، كە خرابووە بازاڕەكانەوە تا بە هاوڵاتیان بفرۆشرێت.

زولفەقار حەیدەر، بەڕێوەبەری هۆبەی چاودێری لە تەندروستی كەركوك بە (كەركوك ناو)ـی وت "ئەو مریشكە بەستویانە شیاوی خواردن نەبون و بەسەرچوو بون، بەڵام لە دوكان و ماركێتەكاندا دۆزرایەوە و دەستیی بەسەرداگیرا".

بەوتەی ناوبراو ئەو تۆنە مریشكە "بەشێوەیەكی ناڕەسمی هاوردەی ناو كەركوك كراوە"، بێ ئەوەی رونكردنەوەی زیاتر بدات و وردەكارییەكەی ئاشكرابكات.

مریشكە بەسەرچووەكان لە شوێنی تایبەت لە لەناوبردنی خۆراكی نەشیاو لە شاری كەركوك فڕێدرا و سوتێنرا.

لە چەند هەڵمەتێكی دیكەی رۆژانی رابردوو بۆ چاودێری دوكان و بازاڕەكانی ناوەندی قەزای داقوق و ناحیەی تازە لە باشوری كەركوك، چەندین ماددەی خۆراكی نەشیاو و بەسەرچوو كۆكراونەتەوە، تا لەناوببرێن.

سوبحی عەزیز، بەڕێوەبەری هۆبەی چاودێری كەرتی تەندروستی داقوق بە (كەركوك ناو)ـی وت "لە تازە و داقوق 700 كیلۆ زیاتر خۆراكی بەسەرچوومان دۆزییەوە و ئەو هەڵمەتەش بەردەوامە، كە دەگاتە ناو گوندەكانیش نەك تەنیا سەنتەری شارەكان".

بەپێی یاسای تەندروستی گشتی ژمارە 89ـی ساڵی 1981ـی هەمواركراو، هەر كەسێك هەوڵی ساغكردنەوەی خۆراكی نەشیاو و بەسەرچوو بدات، سزای غەرامە تا زیندانی دوو ساڵی بۆ دانراوە، جگە لە داخستنی دوكانەكەی بۆ ماوەی 90 رۆژ و ئەگەر دوبارەی بكاتەوە ئەوا مۆڵەتی كاركردنی لێوەردەگیرێتەوە.

 

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT