كچێكی تەمەن 22 ساڵ لە ماڵەكەی خۆیدا لە كەركوك بە هەڵواسین "كۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا"، بەپێی وتەی پۆلیس و دراوسێیەكانی ناڕازی بووە لە "بەزۆر بەشودانی".
ئەو كچە، سەرلەبەیانی ئەمڕۆ یەكشەممە 4ی ئەیلول تەرمەكەی لە گەڕەكی پەنجا عەلییەوە گەیەنراوەتە نەخۆشخانەی ئازادی كەركوك بۆ پشكنین.
سەرچاوەیەکى ئەمنى لە پۆلیسى کەرکوک، لە لێدوانێكیدا بۆ (كەركوك ناو)، وتی "پۆلیسی نەخۆشخانەی ئازادی لە گەیاندنی تەرمی ئەو كچە بۆ نەخۆشخانە ئاگاداریان كردینەوە، بەپێی بەدواداچونی ئێمە لە ماڵەكەی خۆیدا خۆی هەڵواسیوە و كۆتایی بە ژیانی خۆی هێناوە".
"زانیارییە سەرەتاییەكان ئەوە دەردەخەن كە ئەو كچە ناڕازی بووە لە بەزۆر بەشودانی لەلایەن كەسوكارەكەیەوە"، سەرچاوەكەی پۆلیس وایوت.
ئەو كچە چەند مانگێك لەمەوبەر لە كوڕێكی كورد كە لە ئەڵمانیا دەژیت مارەبڕاوە و بڕیاربووە هەفتەی داهاتوو ئاهەنگی گواستنەوە ئەنجامبدات.
محەمەد شوانى، دراوسێی ماڵی ئەو كچە و وەك خۆی دەڵێت هاتوچۆیان هەبووە. بە (كەركوك ناو)ی وت "ئەو كچە لەگەڵ دایك و پورێكیدا دەژیا، كچێكی بێدەنگ بوو، بڕیاربوو هەفتەی داهاتوو ئاهەنگی هاوسەرگیری بكات، بەڵام بەداخەوە بەیانی ئەمڕۆ لەنێو ماڵەكەی خۆیدا كۆتایی بە ژیانی خۆیهێناوە".
(كەركوك ناو)، نەیتوانی ئەوە پشتڕاستبكاتەوە لەوكاتەی ئەو بە هەڵواسین "خۆی خنكاندووە"، دایك و پوری لەماڵ بون یاخود نا.
محەمەد شوانی، وتی "بەشیك لە دراوسێیەكانیان ئەوەیان دەزانی كە هەر لەسەرەتاوە ئەو كچە لەگەڵ ئەو هاوسەرگیرییەدا نەبووە".
بەشیك لە دراوسێیەكانیان ئەوەیان دەزانی كە هەر لەسەرەتاوە ئەو كچە لەگەڵ ئەو هاوسەرگیرییەدا نەبووە
بە زۆربەشودان و بەشودانی پێشوەختە یەكێكە لەو جۆرە لە پێشێلكارییانەی كە روبەڕوی كچان دەبێتەوە لە عیراق و بەشێكی زۆریان بە جیابونەوە و توندوتیژیی، یان كۆتاییهێنان بە ژیانی خۆیان كۆتایی دێت.
تەنیا لە دوو ساڵی رابردودا، زیاتر لە چوار هەزار دۆسیەی تەڵاقدانی ژنانی خوار تەمەنی 15 ساڵی لە عیراق تۆماركراوە، كە زۆرینەیان لە موسڵ بووە و كەركوكیش لە ریزبەندی ئەو پارێزگایانەدایە كەمترین حاڵەتی تێدایە.
ئەڵماس حسێن، چالاكوانى بوارى بەرگریكردن لە مافەكانی ژنان، لەبارەی ئەو جۆرە لە پێشێلكاریی بەرامبەر بە ژنان، بە (كەركوك ناو)ی وت "ئەو چیرۆکە یەکەمجار و دواینجار نابێت، چیرۆكی هاوشێوە زۆرن، بەڵام شاردراونەتەوە، هیوادارین رێكخراوەكانی كۆمەڵی مەدەنی و مامۆستایانى ئایینیش لە مینبەرى مزگەوتەکانەوە باس لە زیادبونی رێژەی تەڵاق بكەن كە هۆكارەكانی دیارن چین، بۆ ئەوەی توندوتیژیی و پێشێلكارییەكان كەمبێتەوە".
وتیشی "چەندین حاڵەت هەیە دوای چەند هەفتەیەكی كەم لە مارەبڕین و هاوسەرگیری دەچنە دادگا و جیادەبنەوە، هۆكارەكەشی بەزۆر بەشودان و بەشودانی پێشوەختەیە".