بە پێچەوانەوەی دەستور و یاساوە
وەزارەتی تەندروستی قایل نییە زمانی كوردی بەكاربهێنێت

باڵەخانەی فەرمانگەی تەندروستی پارێزگای كەركوك فۆتۆ: راگەیاندنی فەرمانگەی تەندروستی

كەركوك ناو – كەركوك

وەزارەتی تەندروستی عیراق، لە وەڵامی داواكاری پەرلەمانتارێك و فەرمانگەیەكی ئیدارەی كەركوك، رەتیدەكاتەوە جارێكیتر زمانی كوردی لە مۆڵەتەكانی تەندروستیدا دابنرێتەوە، دوای ئەوەی بەبڕیارێك تەنیا زمانی عەرەبی هێشتەوە.

ئەوەش لە كاتێكدایە بەپێی دەستور و یاسا بەرەكارەكانی عیراق، زمانەكانی عەرەبی و كوردی، دوو زمانی رەسمین و لە دەركردنی بەڵگەنامە فەرمییەكاندا پشتیان پێدەبەسترێت.

فەرمانگەی تەندروستی كەركوك، 24ـی ئابی 2022، نوسراوێكی گشتاندووە و بڕیاریداوە هەموو مۆڵەتێكی تەندروستی بۆ كارگە و دوكانە و شوێنە گشتییەكان تەنیا بە زمانی عەرەبی دەربكرێت، لەوەشدا پشتی بە نوسراوێكی وەزارەتی تەندروستی بەستووە كە لە 14ـی هەمان مانگدا دەرچووە.

ئەو گۆڕانكارییە نوێیە و پێشتر لە دەركردنی هەر مۆڵەتێكی تەندروستی لە كەركوك، زانیارییەكان بە هەردوو زمانی عەرەبی و كوردی نوسراون.

سەباح نامیق، بەرێوەبەری بەشی تەندروستی گشتی لە تەندروستی كەركوك بە (كەركوك ناو)ـی وت "وەزارەت بە رەسمی داوایكرد مۆڵەتەكان بگۆڕین و تەنیا بە عەرەبی بن، لەكاتێكدا زمانی كوردی فەرمییە، بۆیە لایەنی پەیوەندیدارمان ئاگاداركردەوە، بەڵام وەزارەت قایل نین و جارێكیتر بە نوسراوێك جەختیانكردۆتەوە دەبێت مۆڵەتەكان تەنیا بە زمانی عەرەبی بن".

بەپێی ماددەی 4ـی دەستوری هەمیشەیی عیراق، زمانەكانی عه‌ره‌بی و كوردی؛ دوو زمانی فه‌رمی وڵاتن.

لە بڕگەی (ج)ـی خاڵی 2ـی هەمان ئەو ماددەیەدا هاتووە؛ داننان بە بەڵگەنامە فەرمییەكان و دەركردنی بەڵگەنامە فەرمییەكان دەبێت بە هەردوو زمانەكە بن.

kitab-3
لە دەستەڕاستەوە: یەكەمیان؛ شێوازی مۆڵەتی تەندروستی نوێ كە تەنیا بە زمانی عەرەبییە و دوەمیان؛ هەمان جۆری مۆڵەتە كە پێشتر بە زمانەكانی عەرەبی و كوردی بووە

لێپرسراوەكەی تەندروستی كەركوك دەڵێت؛ سەرەتای ئەو گۆڕانكارییە لەوە سەریهەڵداوە كارگەیەكی كەركوك بەرهەمەكانی بردۆتە موسڵ، كاتێك لەوێ داوای مۆڵەتی لێكراوە و بینیویانە جگە لە عەرەبی، زمانی كوردیشی لەسەرە، بۆیە كۆپییەكیان ناردووە بۆ وەزارەت، دواتر وەزارەت داوایكردووە چیتر زمانی كوردی لە دەركردنی مۆڵەتەكاندا بەكارنەهێنرێت.

"ئێمە وەك بەشێك لە وەزارەت ناچارین بڕیارەكە جێبەجێ بكەین" سەباح نامیق وای وت، هەرچەندە گشتاندنی نوسراوەكەی تەندروستی كەركوك ناوی ئەوی لەسەرە، بەڵام دەڵێت لە پشوودا بووە و جێگرەكەی واژۆی كردووە.

ئیدارەی پارێزگای كەركوك، لە 31ـی ئابی 2021، بە نوسراوێكی رەسمی داوای لە هەموو فەرمانگەكانی دەوڵەت لە پارێزگاكەدا كردووە پشت بە زمانە ناوخۆییە رەسمییەكان ببەستن، لە نێویاندا بەكارهێنانی زمانەكانی عەرەبی، كوردی، توركمانی و سریانی لە نوسراوە رەسمییەكاندا.

گەیلان قادر، پەرلەمانتاری عیراق لە پشكی كەركوك بەدواداچونی بۆ لابردنی زمانی كوردی لە مۆڵەتە تەندروستییەكان كردووە، "داوامان لە وەزارەت كرد بگەڕێتەوە بۆ ئەو مافە كە دەستور دایناوە و رێگەی پێداوە، بەڵام وەزیر بە داواكارییەكە (دانانی زمانی كوردی لەگەڵ زمانی عەرەبی) قایل نەبوو".

"ناچاربوین سەرۆك كۆمار ئاگاداربكەینەوە، نوسراوەكانم رادەستی راوێژكارەكانی كردووە و سەرقاڵی ئەوەن بە نوسراوێكی رەسمی لەوبارەیەوە داوای رونكردەوە لە وەزارەتی تەندروستی بكەن" گەیلان قادر بۆ (كەركوك ناو) وای وت.

بەپێی یاسای زمانە فەرمییەكان ژمارە 7ـی ساڵی 2014، زمانەكانی عەرەبی و كوردی، دوو زمانی رەسمین لە عیراق، بەڵگەنامە دەركراوەكانی هەردوو دەسەڵاتی فیدراڵی و هەرێم بە هەردوو زمانە رەسمییەكە پشتیان پێدەبەسترێت، هەر كەسێكیش پێشێلی یاساكە بكات ئەوا بە ئاگاداركردنەوە تا غەرامە سزادەدرێت، زیانلێكەوتوش دەتوانێت سكاڵا تۆماربكات.

پەرلەمانتارەكەی كەركوك لە فراكسیۆنی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان دەڵێت ئەگەر هەوڵەكانیان بۆ چارەسەری ئەو كێشەیە ئەنجامی نەبێت ئەوا "لەڕێی دادگاوە هەوڵدەدەین ئەو مافە بۆ كەركوك بگەڕێنینەوە".

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT