باربارا لیف، یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بۆ کاروباری خۆرهەڵاتی نزیک، سازشكردن بە كرۆكی هەمواركردنەوەی دەستوری عیراق دەزانێت تا هیچ كەسێك هەست بە پەراوێزخستن نەكات.
وتەكانی لیف لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا هات لەگەڵ نوێنەری ژمارەیەك دەزگای راگەیاندن، لە نێویاندا سەلام عومەر، سەرنوسەری (كەركوك ناو)، كە ئەمڕۆ پێنجشەممە 8ـی ئەیلولی 2022 لە هەولێر بەڕێوەچوو بە ئامادەبونی ئێرڤ ھیکس، كونسوڵی گشتیی ئەمریكا لە هەولێر.
سەلام عومەر، لە بارەی راوبۆچونی ئەمریكا بۆ داواكاری لایەنە سیاسییەكان بە ئامانجی هەمواركردنەوەی دەستور پرسیاری كرد، كە ئەو دۆسیەیە پەیوەستە بە ماددەی 140ـی تایبەت بە ناوچەكانی جێناكۆك و ئەو مەترسییانەی سەبارەت بە داهاتوی ئازادی ئایینیی روبەڕوی كەمینەكان بۆتەوە.
چارەسەركردنی پرسی ناوچەكانی جێناكۆك زۆر گرنگە
یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە وەڵامی ئەو پرسیارەدا وتی "تاكە شت لە هەمواركردنەوەی دەستور سەختتر بێت، نوسینەوەی دەستورە" ئەو دەڵێت لەو رووەوە ئەمریكییەكان باشترین بەڵگەن، بەوپێیەی نوسینەوەی دەستور لەسەدەی هەژدەیەم لەلایەن ئەمریكییەكانەوە بابەتێكی زۆر سەخت و ئاڵۆز بوو.
"بێگومان هەمواركردنەوەی دەستوریش ئەركێكی سەختە، چونكە سازشكردن كرۆكی هەمواركردنەوەی دەستوری عیراقە و پێویستە كۆدەنگی بەدەستبهێنێت تا هیچ كەسێك هەستنەكات پەراوێزخراوە یان بەهۆی گۆڕانكارییەكانەوە سزادراوە، بۆیە چارەسەركردنی پرسی ناوچەكانی جێناكۆكیش زۆر گرنگە" باربارا لیف، وای وت.
داوای هەمواركردنەوەی دەستور تەنیا لە لێدوانی لێپرسراوانی حزبە سیاسییە ناكۆكەكانی عیراقدا ورورژێنراوە و هێشتا هیچ هەنگاوێكی كرداری بۆ نەنراوە.
ڤیدیۆ: هەولێر/ 8ـی ئەیلولی 2022/ دیمەنێك لە كۆنگرەی رۆژنامەوانی باربارا لیف، یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بۆ کاروباری خۆرهەڵاتی نزیک
باربارا لیف، سەبارەت بە كێشە هەڵپەسێراوەكانی دیكەی عیراق و ناوچەكانی جێناكۆك، دەڵێت "نزیكەی 20 ساڵە چاودێری روداوەكانی ئەم وڵاتە دەكەم، بەوپێیەی لەساڵی 2010 لە بەسرە ژیاوم و دواتر بۆ چەند ساڵێك لە واشنتونەوە درێژەم بەكارەكانم داوە، سەرمسوڕماوە كە چۆن چەندین كێشەی هەستیار تائێستا یەكلایینەكراونەتەوە، بۆ نمونە یاسای نەوت و غاز كە كێشەكانی وزە لەنێوان هەولێر و بەغداد رێكدەخات، نزیكەی 15 ساڵیشە باسی لێوەدەكەن".
بەپێی دەستوری عیراق كە لە ساڵی 2005ـدا پەسەندكراوە، دەبوایە یاسایەك بۆ ئیدارەدانی دۆسیەی نەوت و غاز دەربكرێت، بەڵام بەهۆی ناكۆكییە سیاسییەكانەوە، بە تایبەت لە نێوان هەردوو حكومەتی فیدراڵ و هەرێمی كوردستان، ئەو یاسایە دەرنەكراوە.
"كێشەی ناوچەكانی جێناكۆك و ئەو پێكهاتانەی تیایدا دەژین و مەترسیان لەسەرە، پێویستە چارەسەر بكرێت".
هەروەها سەبارەت بەو مەترسییانەی لەبارەی هەمواركردنەوەی دەستور هەن؛ باربارا لیف وتی "ئەركێكی سەختە و پێویستی بە هەوڵی ژنان و پیاوانی خاوەن ئیرادە هەیە، كە بەداخەوە ژمارەی ئەو ژنانەی لەم پرسانەدا كاردەكەن زۆر نییە، كە بوێری سیاسییان هەبێت و لەهەمانكاتدا سازان بكەن بۆ ئەوەی هەموو عیراقییەكان بەجیاوازی پێكهاتە ئیتنیكی و ئایینییەكانیانەوە بتوانن بەگیانی یەكسانی و دادپەروەری بژین، ئێستاش لێرە كار لەسەر ئەوە دەكرێت".
سەرمسوڕماوە كە چۆن چەندین كێشەی هەستیار تائێستا یەكلایینەكراونەتەوە
بەپێی دەستوری عیراق یەكلاییكردنەوەی چارەنوسی ئیدارەدانی كەركوك و ناوچەكانی دیكەی جێناكۆك لە نێوان هەردوو حكومەتی فیدراڵ و هەرێمی كوردستان بەستراوەتەوە بە جێبەجێكردنی ماددەی 140 كە لەسێ قۆناغی سەرەكی (ئاساییكردنەوە، سەرژمێری و راپرسی) پێكهاتووە.
باربارا لیف، ئاماژەی بە سەردانەكەی بۆ عیراق و هەرێمی كوردستان كرد، كە چاوی بە ژمارەیەك سەركردەی ئایینیی كەوتووە و پشتیوانی ئەمریكای بۆ دووپاتكردونەتەوە لەبارەی ئەو پرسانەی كاریگەری لەسەر پێكهاتەكانیان هەیە، تا بتوانن لەناو كۆمەڵگەكانیان بژین بێ ئەوەی روبەڕوی فشار ببنەوە لەلایەن هێزەكانی ترەوە و لەژینگەیكدا بژین، كە تیایدا یەكتر قبوڵكردن هەبێت.
"لە سیما دیارەكانی ژیان لە هەرێمی كوردستان ئەوەیە؛ كە بنەمای (بژی و بهێڵە ئەوانیتر بژین)ـی تیادا پەیڕەوكراوە سەبارەت بە پێكهاتە ئایینییە جیاوازەكان" بەوتەی یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمریكا.