(كەركوك ناو) كەلێنەكانی دامەزراندن لە كەركوك بڵاودەكاتەوە
عەرەب، كورد و توركمان لەسەر دامەزراندنی 1000 كەس رێككەوتن

كەركوك/ 18ی ئابی 2020/ دەرچویەكی زانكۆ لەبەردەم بینای پارێزگا هوتاف دژی حكومەت دەڵێیتەوە و داوای دامەرزاندن دەكات فۆتۆ: كاروان ساڵحی

كەركوك ناو

30 هەزار كەس لە پارێزگای كەركوك فۆرمیان بۆ هەزار دەرفەتی كار پڕكردۆتەوە، كە بڕیارە دامەزراندنەكە بەشیوەی گرێبەست بێت بە موچەی 300 هەزار دینار، ئەوەش لە چوارچێوەی یاسای ئاسایشی خۆراك. پرۆسەكە كە خودی راكان سەعید، پارێزگاری كەركوك بەوەكالەت سەرپەرشتی دەكات روبەڕوی رەخنە بۆتەوە.

پرۆسەی دامەزراندنی ئەو 1000 كەسە لە ئێستادا لە قۆناغی جیاكرنەوەی فۆرمەكاندایە و لە كۆمەڵێك مەرج و رێنمایی پێكدێت، بەڵام مەرجەكان بەردەوام گۆڕانكارییان تیادەكرێت، ئەوەش بەهۆی ناڕەزایی پێكهاتە و ئایینە جیاوازەكان و دەستتێوەردانەوە. حكومەتی عیراقیش پرۆسەكەی راگرتووە.

یەكێك لە مەرجەكان كە لە فۆرمەكەدا ئاماژەی پێكراوە، داوای شوێنی دەرچونی رەگەزنامە و پێناسی باری شارستانی ئەو كەسانە دەكات كە فۆرمەكە پڕدەكەنەوە، بۆ ئەوەش بژاردەی 14 پارێزگا دیاریكراوە و هیچ پارێزگایەكی هەرێمی كوردستانی تیانییە، لەكاتێكدا زۆرینەی ئەو كوردانەی لە سەردەمی رژێمی بەعس لە كەركوك دەركراون، رەگەزنامە و پێناسیان لە شارەكانی هەرێمی كوردستان دەركردووە.

لە بەشێكی تری فۆرمەكەدا، ئاماژە بە شوێنی لەدایكبون كراوە، لەوەشدا هەر ئەو 14 پارێزگایە دیاریكراون. ئەگەر ئەوەش بكرێتە مەرج بەشێكی زۆر لە دەرچووانی كورد هەرچەندە خەڵكی كەركوكن، بەڵام بێبەشدەبن لەو دامەزراندنە. چونكە لە پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان لەدایكبون.

سەباح حەبیب، پەرلەمانتاری فراكسیۆنی یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان كە چاودێری پرۆسەی دامەزراندنەكە دەكات، جەختدەكاتەوە كە ئەوە گرفت بووە لە فۆرمەكەدا و "هەوڵێكی زۆریانداوە" تا چارەسەر بكرێت، وتی "ئێستا پارێزگاكانی هەرێمی كوردستانیش زیادكراون".

ئێستا پارێزگاكانی هەرێمی كوردستانیش لە فۆرمەكەدا زیادكراون

رێژەی لەسەدا 10 دامەزراندنەكە بۆ كەسوكاری شەهیدان (شەهیدانی تیرۆر، سوپا، حەشدی شەعبی) دەبێت، بەڵام بەهیچ شێوەیەك ئاماژە بە كەسوكاری شەهیدانی پێشمەرگە نەكراوە. ئەوەش بەشێكی ترە لەو كەلێنانەی كە روبەڕوی پرۆسەكە بۆتەوە.

چیا نازم، یەكێك لە دەرچووان كە وەكو خۆی دەڵێت "براكەم لە ناو هێزەكانی پێشمەرگەدا لە شەڕەكانی داعش شەهید بووە، بەپێی فۆرمەكە ئێمە ناتوانین سودمەندبین"، زیاتر وتی "ناكرێت جیاوازی لە نێوان ئێمە و كەسوكاری حەشدی شەعبی و سوپادا بكرێت، ئەمە دژایەتیی كورد و پێشمەرگەیە، خۆ براکەی منیش بەرگری لە خاک كردووە".

tandrusty
كەركوك/ 15ی ئابی 2021/ گردبونەوەی كارمەندانی تەندروستی كەركوك. فۆتۆ: كاروان ساڵحی

بەڕێوبەرایەتی كەركوكی شەهیدان و ئەنفالکراوان، سەر بە حکومەتی هەرێمی كوردستان، بۆ ئەو مەبەستە چونەتە سەر خەت و بەپێی وتەی خەلیل رەحیم، بەڕێوەبەری فەرمانگەكە توانیویانە ئەو كێشەیەش چارەسەر بكەن.

ئەو بە (كەركوك ناو)ی وت "لە دامەزراندنەکەی 2019شدا سەرەتا کەسوکاری شەهیدانی پێشمەرگە خاڵیان پێنەدرا، بەڵام دواتر ئەوەمان چارەسەركرد و ئەوەبوو سودمەندبون".

ئایین و نەتەوە و مەزهەب لە فۆرمەكەدا جیاكراونەتەوە و لە بژاردەكانی نێو فۆرمەكەدا كریستیانی، ئێزیدی، شەبەك، سابیئە و مەندائی و كوردی فەیلی هەن، بەڵام كاكەییەكان نیگەرانن لەوەی كاكەیی لە فۆرمەكەدا نییە.

جوانڕۆ ئیسماعیل، یەکێکە لە دەرچووانی زانكۆی کەرکوکە و کاکەییە، وتی "پێمانوایە دیارینەکردنی ناسنامەی کاکەیی لەنێو فۆرمەكەدا، ستەمێكە لە ئێمە دەكرێت... دەرچویەکی زۆری کاکەیی هەن و دەیانەوێت بەپێی پشكی ئایینەكەمان سودمەندبن".

هێمن حەسیب، پارێزەرە لە كەركوك، دەڵێت كاكەییەكان مێژویەكی دورو و درێژیان هەیە لە كەركوك، بەڵام لە فۆرمەكەدا ئاماژە بە ئایینی ئەوان نەكراوە و "ستەمیان لێكراوە".

دەستوری عیراق بەڕەسمی ئایینی كاكەیی نەناسندووە، بە پێچەوانەی شەبەك، ئێزیدی و كریستیانی. بەڵام كاكەییەكان بەپێی ئەندامێكی لیژنەكە بۆ (كەركوك ناو) "بێبەش نین لەو دامەزراندنە و دەتوانن خۆیان بە كورد بنوسن".

بەپێی زانیارییەكانی (كەركوك ناو)، پێكهاتە سەرەكییەكانی شارەكە رێككەوتون، كە ئەو 1000 دەرفەتی كارە، لەنێو خۆیاندا بەڕێژەی لەسەدا 32 بۆ عەرەب، كورد و توركماندا دابەشبكەن و لەسەدا چوارەكەی تر بۆ كریستیانەكان بێت. ئەو دابەشكارییەش هیچ بنەمایەكی یاسایی و دەستوری نییە.

دیلان غەفور، پەرلەمانتاری یەكێتی، 12ی ئەیلول لە ئەكاونتی تایبەتی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبوك رایگەیاند كە وەزارەتی دارایی عیراق لە نوسراوێكیدا بۆ ئیدارەی كەركوك و لە 23ی ئاب پرۆسەی دامەزراندنەكەی كەركوكی راگرتووە، بەبێ ئەوەی ئاماژە بە هۆكارەكەی بكات.

دیلان وتی "نابێت دامەزراندنەكە رابگیرێت و ئەنجومەنی وەزیران لەو پرسە ئاگاداردەكەینەوە".

نابێت دامەزراندنەكە رابگیرێت و ئەنجومەنی وەزیران لەو پرسە ئاگاداردەكەینەوە

بڕیارەكەی وەزارەتی دارایی عیراق لەكاتێكدایە، ئەندامێكی لیژنەی دامەزراندنی ئەو 1000 كەسە بۆ (كەركوك ناو)، جەختیكردەوە كە لە ئێستادا سەرقاڵی جیاكردنەوەی فۆرمەكانن كە ژمارەیان 30 هەزار فۆرمە.

دامەزراندنەكە بۆ سێ ساڵ و بەشێوەی گرێبەستی 300 هەزار دیناری دەبێت، ئەوەش لە چوارچێوەی یاسای ئاسایشی خۆراك كە پەرلەمانی عیراق ئەمساڵ دەنگی بۆ دا.

تائێستا چەند گۆڕانكارییەك لە ئەندامانی ئەو لیژنەیەدا كراوە و یەكێك لەو گۆڕانكارییانە دەستلەكاركێشانەوەی سەرۆكی لیژنەكە بوو، لەئێستادا خودی راكان سەعید، پارێزگاری كەركوك بەوەكالەت سەرۆكایەتی لیژنەكە دەكات.

عماد دەهام، سەرۆکی دەستەی راوێژکارانی پارێزگار  و سەرۆكی لیژنەكە، مانگی رابردوو دوای دەستلەكاركێشانەوەی، لە رونكردنەوەیەكدا "فشاری کەسایەتیی و هەندێك لایەنی سیاسی" وەك هۆكاری دەستلەكاركێشانەوەكەی دیاریكرد. كە بەوتەی ئەو "فشاریان خستۆتە سەری تا پشکیان لەو دامەزراندنەدا پێبدرێت".

عیماد بە (كەركوك ناو)ی وت "من وازم هێناوە، بەڵام کارەکانی لیژنەكە بەردەوامن، بڕیاروایە ئەو کەسانەی دادەمەزرێنرێن، هەر شەش مانگ جارێک لە دامەزراوەیەکەوە بۆ دامەزراوەیەکی تر جێگۆڕکێیان پێبکرێت بەمەبەستی راهێنان".

عومەر مستەفا، بەڕێوەبەری کاروباری هاوڵاتیان لە دیوانی پارێزگای کەرکوک بە (كەركوك ناو)ی وت "دواین پرس لەبارەی دامەزراندنەكەوە ئەوەیە دامەزراندنی كەسەكان بەڕێژەی سەدا 32 بۆ هەر نەتەوەیەک بێت و لەسەدا چواریش بۆ كریستیانی، ئەمە پێشنیاری كورد بوو، توركمانیش رازی بون و دواتر عەرەبیش قبوڵیان كرد".

دامەزراندنی كەسەكان بەڕێژەی سەدا 32 بۆ هەر نەتەوەیەک بێت و لەسەدا چواریش بۆ كریستیانی، ئەمە پێشنیاری كورد بوو

عومەر مستەفا كە خۆی لە نەتەوەی كوردە، تا چەند رۆژێك لەمەوبەر ئەندامێكی لیژنەی دامەزراندنەكە بوو، بەڵام بە بڕیاری پارێزگاری كەركوك بەوەكالەت دورخرایەوە و كەسی تر لە نەتەوەی كورد لە شوێنەكەی دانرا و وتی "هۆكاری دورخستنەوەم نازانم".

ئەو جەختیكردەوە، "ئەو دابەشكارییە نەتەوەییەمان ئاراستەی وەزارەتی دارایی كردووە، بەڵام تائێستا وەڵاممان نەدراوەتەوە و چاوەرێی وەڵامین، بەڵام لیژنەكەش كاری خۆیان دەكەن".

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT