ژمارەیەك گەڕەك و ناوچەی كەركوك، لە شەو و رۆژێكدا تەنیا چەند كاتژمێرێك كارەبایان پێدەگات، كە بەهۆیەوە هەندێك دوكاندار بێكار بون و ناڕەزایی هاوڵاتیانیشی لێكەوتۆتەوە.
بەپێی بەدواداچونی (كەركوك ناو)، هۆكاری ئەو بێكارەباییە دەگەڕێتەوە بۆ چاكسازییەكانی فەرمانگەی دابەشكردنی كارەبا، كە چەند رۆژێكە دەستیانكردووە بە دانانی دوو تاوەری گەورە بۆ گواستنەوەی وزە لە دوبزەوە بۆ شاری كەركوك.
"لە كاتژمێر 7ـی بەیانییەوە تا 8ـی شەو كارەبای نیشتمانیی نییە و كاتێك كارەبا دێتەوە سودی بۆ پیشەكەی ئێمە نییە، چونكە ئەوكاتە دوكانمان داخستووە" فاتمە ئەرسەلان وای وت، ئەو بەرگدروی تایبەت بە ژنانی هەیە لە گەڕەكی رەحیماوە.
فاتمە بە (كەركوك ناو)ـی وت ناتوانن بە كارەبای مۆلیدە ئوتو بەكاربهێنن و كارپێكردنی ئامێرەكانی تایبەت بە دورین و دیزاینیش وزەی زۆرتری دەوێت.
لە زۆربەی ناوچەكانی شاری كەركوك، رۆژانە لە كاتژمێر 8ـی بەیانی تا 11ـی پێشنیوەڕۆ، نە كارەبای نیشتمانی و نە كارەبای مۆلیدەش نییە.
لەبەر زۆری گەرما و بێ كارەبایی ناتوانین لە قوتابخانە بمێنینەوە
ئەدیبە ئەحمەد، مامۆستایەك لە قوتابخانەیەكی ناحیەی سەرگەڕان-ـی كەركوك، بە (كەركوك ناو)ـی وت "هەفتەی دوو رۆژ دەچین بۆ قوتابخانە تا كتێب دابەشبكەین -هێشتا دەوامی مەكتەب نەكراوەتەوە-، بەڵام لەبەر بەرزی پلەكانی گەرما و نەبونی كارەبا، هەرزوو دەگەڕێینەوە و ناتوانین زۆر بمێنینەوە".
ئەو داوادەكات بە پێدانی گازی زیاتر بە مۆلیدەكان، ئەو سێ كاتژمێرە پشووەی بەیانیان هەڵبگیرێت، تا كارەبا بە هاوڵاتیان بدەن و چاكسازییەكانی فەرمانگەی كارەباش، بخرێنە وەرزێكی دیكە كە گەرمای زۆر نەمێنێت.
لەم مانگەدا چەندین گردبونەوەی ناڕەزایی لە كەركوك هەبووە؛ بەشێكیان دژی كەمی پێدانی كارەبای نیشتمانییە، هەندێكیان داوای كەمكردنەوەی پارەی مۆلیدە دەكەن و لە نێویاندا خۆپیشاندانی خاوەنی مۆلیدەكانیش هەبووە، كە داوای پێدانی گازی زیاتر دەكەن.
سەرچاوەیەكی ئاگادار لە فەرمانگەی دابەشكردنی كارەبای كەركوك، كە نەیویست ناوی بڵاوبكرێتەوە، رونیكردەوە چاكسازییەكانیان بۆ دانانی دوو تاوەری نوێی گواستنەوەی وزەیە لە رەحیماوە، بەوپێیەی تاوەرەكان كۆن بون، بەوهۆیەوە هەندێك ناوچە كارەبان زیاتر دەبڕێت.
حكومەت دەتوانێت كارەبای نیشتمانی دابینبكات، بەڵام خۆی نایەوێت
ئەو ناوچانەی بێ كارەبا بون یان كارەبایان كەمتر بۆتەوە بریتین لە رەحیماوە، سۆنەگولی، فلكەی ئیخوان، سەرچنار، شۆراوی یەك، تەپە، چەند گەڕەكێكی دیكە و هەریەك لە قەزای دوبز، ناحیەی پردێ، ناحیەی سەرگەڕان و گوندەكانی دەوروبەری.
سەرچاوەكە بە (كەركوك ناو)ـی وت تیمەكانیان بەردەوام لەكاردان و هەوڵدەدەن بە كەمتر لە دوو هەفتە پرۆژەی دانانی ئەو دوو تاوەرە تەواو بكەن.
بەهۆی كەمی كارەبای نیشتمانییەوە مۆلیدە زیاتر كاردەكات و لە مانگی ئابدا بۆ هەر ئەمپێرێك بڕی 14 تا 16 هەزار دینار وەرگیراوە.
بێستون ئەحمەد، دانیشتوی گەڕەكی روناكی لە كەركوك، بە (كەركوك ناو)ـی وت "حكومەت دەتوانێت كارەبای نیشتمانی دابینبكات، بەڵام خۆی نایەوێت" بەڵگەی بۆ قسەكانی ئەوەیە؛ لە چوار رۆژدا گەڕەكەكەی ئەوان 72 كاتژمێر بەبێ پچڕان كارەبای نیشتمانییان هەبووە، تەنیا دوای بڕانێكی دیكەش دیسان كارەبایان پێدراوەتەوە.
پارێزگای كەركوك، رۆژانە پێویستی بە زیاتر له هەزار مێگاوات كارەبا هەیە بۆ ئەوەی بتوانێت كارەبای پێویست بە هاوڵاتیان بدات و بۆ پڕكردنهوهی ئهو بۆشاییهش پشت به 733 مۆلیدهی ئههلی دهبهستێت.