لیژنەیەك پێكهێنراوە بۆ چارەسەری كێشەی 398 دامەزرێنراوی راگیراو لە فەرمانگەی تەنروستی كەركوك و بڕیارە هەفتەی داهاتوو دۆسییەكانیان یەكلاییبكرێتەوە، دوای ئەوەی دامەزرێنراوان تانەیان لە بڕیاری راگرتنیاندا.
وەزارەتی تەندروستی عیراق لە مانگی ئابدا، هەزار و 802 دەرچوی بەشە پزیشكییەكانی لەسەر فەرمانگەی تەندروستی كەركوك دامەزراند، بەڵام ئیدارەی پارێزگا ناوی 398 دامەزرێنراوی راگرت، بە پاساوی ئەوەی "لەدایكبوی كەركوك نین، یان بەڵگەنامەكانیان نایسەلمێنێت خەڵكی پارێزگای كەركوكن"، ئەوەش ناڕەزایی دامەزرێنراوەكانی لێكەوتەوە.
بەپێی رێنماییەكانی دامەزراندن لە پارێزگای كەركوك، دەبێت ئەوانەی دادەمەزرێنرێن، كارتی زانیاریی و كۆبۆنی خۆراك و رەگەزنامەیان كەركوك بێت، هەروەها خوێندنیان لە كەركوك تەواوكردبێت.
ژینۆ موعتەسەم، دەرچوی بەشی پەرستارییە لە پەیمانگەی پزیشکی کەرکوک و یەکێکە لەو دەرچووانەی دامەزراندنەكەی راگیراوە، بە (كەركوك ناو)ی وت "ئێمە فۆرمی خۆراک و کارتی زانیاریمان کەرکوکە، بەڵام لە كەركوك لەدایكنەبوین، ئیدارەی كەركوكیش ئەوەیان كردۆتە بیانوو، گوایا دامەزراندنەكە نامانگرێتەوە".
زانا جەلیل، یەكێكی ترە لە دامەزرێنراوە دورخراوەكان، جەختیكردەوە "لە سەردەمی رژێمی بەعسدا لە كەركوك دەركراین و راگوێزرابوین، بۆیە لە كەركوك لەدایك نەبوین، بەڵام رەگەزنامەمان كەركوكە، ئەوان دەڵێن دامەزراندنەكە ئێوە ناگرێتەوە".
لە سەردەمی رژێمی بەعسدا لە كەركوك دەركراین و راگوێزرابوین، بۆیە لە كەركوك لەدایك نەبوین، بەڵام رەگەزنامەمان كەركوكە، ئەوان دەڵێن دامەزراندنەكە ئێوە ناگرێتەوە
هەر بەپێی رێنماییەكانی دامەزراندن، ئەوەی دادەمەزرێت دەبێت خەڵكی كەركوك بێت، بەڵام مەرج نییە لەو پارێزگایە لەدایكبوبێت.
بەشێكی تری دامەزرێنراوەكان هۆكاری دورخستنەوەیان ئەوەیە كە كاتی خۆی كارتی زانیارییان لە كەركوك دەرنەكردووە.
20ی ئەیلول بەشێك لەو دامەزرێنراوانە، بە نوێنەرایەتی كۆی دامەزرێنراوە راگیراوەكان، چونە بەردەم نوسینگەی كەركوكی پەرلەمانی عیراق و داوایانكرد كێشەكەیان بۆ چارەسەربكرێت.
سەباح حەبیب، پەرلەمانتاری عیراق لە پشكی كەركوك كە لەگەڵیاندا كۆبۆتەوە، بە (كەركوك ناو)ی وت "لەنزیکەوە دەستتێوەردانمان لەو پرسەدا کردووە، کۆبونەوەیەکمان بەئامادەبونی بەڕێوەبەری تەندروستی کەرکوک رێكخست، دواتر لەگەڵ پارێزگاری كەركوك بەوەكالەت كۆبوینەوە، رێككەوتین لەسەر ئەوەی بەشی كاروباری هاوڵاتیان لە دیوانی پارێزگار، تانەی ئەو خوێندكارانە وەربگرێت".
ئەمڕۆ پێنجشەممە 22ی ئەیلول، دواڕۆژی وەرگرتنی تانەكان بوو و بڕیارە هەفتەی داهاتوو بڕیاری كۆتایی لەسەر ئەو پرسە بدرێت.
سەباح حەبیب جەختیكردەوە "لیژنەیەك لە دیوانی پارێزگا پێداچونەوە بە رەگەزنامە و كارتی زانیاریی و مامەڵە فەرمییەكانی ئەو دەرچووانەدا دەكات و لەماوەی هەفتەیەكدا بڕیاری كۆتایی دەدات".
زیاد خەڵەف، یاریدەدەری بەڕێوەبەری فەرمانگەی تەندروستی کەرکوک، لەبارەی ئەو دۆسیەیەوە بە (كەركوك ناو)ی وت "لیژنەكە جارێكیتر چاو بە مامەڵە و زانیاریەکانیاندا دەخشێنێتەوە و ماوەی هەفتەیەک بۆ ئەو بابەتە دەستنیشانکراوە، هەریەکە لە پارێزگار و بەڕێوەبەری تەندروستی کەرکوکیش لەسەر هێڵن و بەوردی بەدواداچون دەکەن تا چارەسەر بۆ ئەو پرسە بدۆزرێتەوە".