ئەو لیژنەیەی بڕیارە كەیسی 398 دامەزراوی كەركوك یەكلاییبكاتەوە، هێشتا هیچ كۆبونەوەیەكی نەكردووە، لەكاتێكدا بڕیاربوو ئەم هەفتەیە كەیسەكانیان یەكلاییبكرێنەوە.
هەفتەی رابردوو لێپرسراوانی ئیدارەی كەركوك بڕیاریاندا لە ماوەی هەفتەیەكدا كەیسی ئەو دامەزراوانە یەكلاییبكەنەوە كە بە پاساوی ئەوەی "لەدایكبوی كەركوك نین، یان بەڵگەنامەكانیان نایسەلمێنێت خەڵكی پارێزگای كەركوكن"، دەستبەكاربونیان بۆ نەكراوە.
عومەر مستەفا، لێپرسراوی بەشى کاروبارى هاوڵاتیان لە دیوانی پارێزگاى کەرکوک، لە لێدوانێكی تایبەتدا بە (كەركوك ناو)ی وت "ئەو 398 كەسە دەستبەكاربونیان راگیراوە، پەیوەندى بەوە هەیە کە لە ئیدارەى شارەکە بڕیارێک هەیە کە کارى لەسەر دەکات و مێژووەكەی بۆ سەردەمى ئەنجومەنى پارێزگاى کەرکوک دەگەڕێتەوە، تیایدا هاتووە هەر كەسێك دادەمەزرێت دەبێت پێداچونەوە بە دۆسییە و بەڵگەنامەكانیدا بكرێت و وردبینی ئەمنی بۆ بكرێت، بزانرێت ئایا تاوانی لەسەرە یاخود نا، داواكراوە یان نا، لەگەڵئەوەشدا بیسەلمێنێت كە خەڵكی رەسەنی كەركوكە... ئەگەر هیچ كێشە نەبوو ئەوكات دەستبەكاربونیان لە فەرمانگەی تەندروستی كەركوك بۆ دەكرێت".
ئەو 398 كەسە بەشێكن لەو هەزار و 802 دەرچووەی بەشە پزیشكییەكانی كەركوك كە بە بڕیارێكی وەزارەتی تەندروستی عیراق و لە مانگی ئابدا دامەزرێنران.
عومەر مستەفا، جەختیكردەوە "دواى فشارى ئەندامانى پەرلەمان، لایەنەکان و پارێزگار، لیژنەیەك بۆ دوبارە پێداچونەوە بە بەڵگەنامەكانی ئەو 398 كەسە پێكهاتووە و خۆم یەكێكم لە ئەندامەكانی ئەو لیژنەیە".
لەبارەی ئەوەی كەی لیژنەكە بڕیاری كۆتایی لەسەر ئەو 398 كەسە دەدات، وتی "تاكو ئێستا لیژنەكە دانەنیشتوین، دیاریش نییە كەی دادەنیشین و دۆسییەكانیان یەكلاییدەكەینەوە".
ئەوەش لەكاتێكدایە سەباح حەبیب، پەرلەمانتارێكی كەركوك كە بەدواداچونی بۆ ئەو گرفتە كردووە، پێنجشەممەی رابردوو 22ی ئەیلول، بە (كەركوك ناو)ی وت "لیژنەیەك لە دیوانی پارێزگا پێداچونەوە بە رەگەزنامە و كارتی زانیاریی و مامەڵە فەرمییەكانی ئەو دەرچووانەدا دەكات و لەماوەی هەفتەیەكدا بڕیاری كۆتایی دەدات". بەڵام بەپێی وتەی عومەر مستەفا، ئەندامی لیژنەكە یەكلایكردنەوەی دۆسییەكانیان دوادەكەوێت.