وەسفی عاسی، كەسایەتی دیاری هۆزی عوبێد بەشێوەیەكی فەرمی و لە مەراسیمێكی فراواندا وەكو ئەمیری هۆزی عوبێد لە عیراق و نیشتیمانیی عەرەب و جیهان دیاریكرا، لە شوێنی ئەمیری پێشوو (ئەنوەر عاسی)، کە لە ناوەڕاستی ئەم مانگەدا کۆچیی دواییکرد.
وەسفی عاسی، كە لە ئێستادا ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراقە، پشتیوانیی و رەزامەندیی زۆرینەی بنەماڵە و هۆزی عوبێدی وەرگرتووە بۆ دەستبەكاربونی وەكو ئەمیری هۆزی عوبێد.
مەراسیمی دەستبەكاربونی وەسفی عاسی، پێنجشەممە 29ی ئەیلول لە هۆڵێكی گەورەی پارێزگای كەركوك بەڕێوەچوو، بە ئامادەبونی سەدان شێخ و كەسایەتی هۆزی عوبێد، هەروەها ئەکادیمیست و هاوڵاتیانی پارێزگا جیاجیاکانی عیراق.
مەراسیمەكە دوای ئەنجامدانی دانیشتنێکی راوێژکاری هات كە چەند رۆژێك لەمەوبەر لە ماڵی كۆچكردوو حاجی نازم عاسی بەڕێوەچووە – حاجی نازم عاسی یەکێک بوو لە كەسایەتییە دیارە هۆزەکە-، ئەوەش بەپێی وتەی شێخ مەعد فەندی كە لەكاتی مەراسیمەكەدا ئەو زانیارییەی ئاشكراكرد.
لە مەراسیمەکەدا کە (کەرکوک ناو) ئامادەی بوو، فەندی وتی "بۆ ئەوەی راشکاوانەبم لەگەڵتان، لەکۆبونەوە راوێژکارییەکەدا سێ لە مامەكانی ئێمە ئامادەی بون"، هەروەها ئاماژەی بە ژمارەیەك كەسایەتی دیار و شێخی هۆزی عوبێد كرد هەر لەو دانیشتنەدا.
لە دیارترین دیمەنی رێوڕەسمەکەدا، پێدانی ئاڵای هۆزەكە و عەبای كۆچكردوو ئەنوەر عاسی بوو بە ئەمیری نوێ. ئەوەش دابونەریتێكی كۆنی هۆزەكەیە.
ئێوارەی چوارشەممە 28ی ئەیلول، شێخ رەعد عاسی، یەکێک لە شێخ و کەسایەتییەکانی عەشیرەتی عوبێد، راگەیەنراوێكی بە ناوی 10 كەسایەتی عوبێدەوە بڵاوكردەوە و ناڕەزایی خۆیان نیشاندا لە بەڕێوەچونی مەراسیمی دانانی ئەمیری نوێی هۆزی عوبێد.
راگەیەنراوەكە كە لە هەژماری فەرمی رەعد عاسی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبوك بڵاوكراوەتەوە، تیایدا داوا دەکەن مەراسیمی ئەمیری نوێ دوابخرێت بۆ دوای تەواوبونی چلەی كۆچی ئەنوەر عاسی. هەروەها هاتووە "ئەم مەراسیمە دوبەرەكی دەخاتە نێوان ئەم هۆز، خێڵ، ماڵ و خێزانەکان و رق و کینە لە نێوان رۆڵەكانماندا".
سەرۆكی پێشوی هۆزی عوبێد (شێخ ئەنوەر عاسی)، لە 13ـی ئەیلولى 2022 لە شاری كەركوك كۆچی دواییكرد.
هەینی رابردوو 23ی ئەیلول، لە راگەیەنراوێكدا كە واژۆی سێ كەسایەتی هۆزی عوبێدی لە كەركوك لەسەرە و هەرسێكیان بران و كوڕی مەزهەر عاسین، تیایدا ئاماژەیان بە دانانی شێخ قەیس مەزهەر عاسی كرد، وەکو "ئەمیری هۆزی عوبێد"، لە عیراق و وڵاتانی عەرەبی.
ئەو سێ كەسایەتییە، پێكهاتبون لە (بورهان، غەسان و قەیس)، هاوكات برازای ئەنوەری عاسی، ئەمیری پێشوی هۆزەكەن. بەڵام هەرزوو بنەماڵەی وەسفی عاسی و كەسایەتییەكانی تری هۆزی عوبێد لەڕێی (كەركوك ناو)ەوە جەختیانكردەوە كە ئەوانە "نوێنەرایەتی هۆزەكە ناكەن" و جەختیانكردەوە "میکانیزمی هەڵبژاردنی ئەمیری هۆزی عوبێد بەو شێوەیە نابێت".