دادگای دهۆك بڕیاری لەسێدەردانی بۆ بكوژی فاروق میرزا و كچە شەش ساڵانەكەی دەركرد، ئەوەش لە دانیشتنێكدا كە ئەمڕۆ چوارشەممە 5ی تشرینی یەكەم بەڕێوەچوو.
فاروق میرزا (42 ساڵ)، ئاوارەی ئێزیدی لە كەمپی چەم مشكۆی ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ لە پارێزگای دهۆك، 4ـی ئابی 2022 لەگەڵ كچێكیدا (ئاخینك فاروق – شەش ساڵ) بە گەشتێكی چەند كاتژمێری بەرەو باخێك دەچنە دەرەوە، كە دەكەوێتە ناوچەی بێدارێ لە نزیك نەخۆشخانەی گشتی زاخۆ و دواتر دیارنامێنن. دوای هەشت رۆژ پۆلیسی دهۆك كەسێكی دەستگیركرد كە دانیبەوەدانا ئەو كچ و باوكەی كوشتووە.
فەیسەڵ عەلى، كەسێكی نزیك لە بنەماڵەی فاروق میرزا، بە (كەركوك ناو)ی وت "دادگاى دهۆک بڕیارێکى دادپەروەرانە لە دژى بکوژى فاروق و کچەکەى دەکرد، ئەویش بڕیاری لەسێدارەدان تا مردن، بڕیارەکە بووە جێگاى دڵخۆشى بۆ کەسوکاریی و هەموو ئێزیدییەکان، چونکە بکوژ تاوانێکى ئەوەندە گەورەى ئەنجامدابوو ناتوانین وەسفی تاوانەكە بكەین".
"داوا لە دەزگا ئەمنییەکان دەکەین بەزوترین کات سزاکەى جێبەجێبکەن، تا دڵمان ئاسودە بێت، هەروەها بۆ ئەوەی هیچ كەسێكی تر بیر لە تاوانێكی لەو شێوەیە نەكاتەوە".
لە دانیشتنەكەدا دایكی ئاخینك و تەواوی كەسوكاریی ئامادەبون.
بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی دهۆك، لە پۆستێكدا لە پەیجی تایبەتی خۆیان لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبوك بڕیارەكەی دادگای پشتڕاستكردۆتەوە.
بەپێى زانیارییەكان، كە (كەركوك ناو) لە هێزە ئەمنییەكانی پارێزگا دهۆك وەریگرتووە، بكوژ پێشینەی تاوانیشی هەبووە و لە ساڵی 2021 دەستی هەبووە لە رفاندنی دوو كچە منداڵی پەنابەری رۆژئاوا، هەر بەهۆی پێشنەی تاوانەوە سێ ساڵ لە زیندان بووە، بەڵام (كەركوك ناو) وردەكاری ئازادبونی لە زیندان و دۆسییەكانی دەستنەكەوت.