لەنێو بەڵێنی كازمی و ئیدارەی موسڵ-دا؛ هەشت كەسی یەك خێزان گیانیانلەدەستدا

نەینەوا/ 2022/ رێگایە سەرەكی هاتوچۆی نێوان ناحیەی ئەلقوش بەرەو مەفرەقی بەدرییە لە باكوری شاری موسڵ فۆتۆ: عەمار عەزیز

عەمار عەزیز – نەینەوا

ئەو رێگایەی بووەهۆی گیانلەدەستدانی هەشت كەسی یەك خێزانی كریستیانی، پێنج مانگ لەمەوبەر كازمی بڕیاریداوە بیكاتە دوو ساید، بۆ ئەو مەبەستەش ئیدارەی نەینەوای راسپاردووە لەئەمساڵدا تەواوبكرێت، بەڵام هێشتا پڕۆژەكە دەستیپێنەكردووە.

شەوی رابردوو 8ی تشرینی یەكەم، لە پێكدادانێكی نێوان بارهەڵگرێك و ئۆتۆمبێلێكی تایبەتدا، هەشت كەسی یەك خێزان، كە پێنجیان منداڵن گیانیانلەدەستدا، روداوەكە لە رێگای سەرەكی نێوان ئەلقوش و شێخان رویدا، كە رێگایەكی یەك سایدە.

بەپێی راپۆرتێكی پێشوی (كەركوك ناو)، لیژنەی باڵای ئاوەدانكردنەوەی موسڵ، كە سەر بە نوسینگەی سەرۆكوەزیرانی عیراقە لە 8ـی ئایاری ئەمساڵ بەڕێوەبەرایەتی رێگەوبان و پردەكانی نەینەوای راسپاردووە خەمڵاندن بۆ پرۆژەی دروستكردنی سایدی دووەم لە رێگای سەرەكی ئەلقوش بكەن و هەموو پێداوستییەكانی بخەنەڕوو، تا بە دوو قۆناغ جێبەجێبكرێت.

شێروان دوبەردانی، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق لە پشکی پارتی دیموكراتی كوردستان، كە ئەمڕۆ بۆ پرسی دوسایدكردنی ئەو رێگایە، لەگەڵ نەجم جبوری، پارێزگاری نەینەوا كۆبونەوە، بە (كەركوك ناو)ی وت "لە كۆبونەوەكەدا سەرۆكی لیژنەی ئاوەدانكردنەوەی موسڵ-یش ئامادەبوو و جەختیكردەوە هەمووشت ئامادەیە و دوسایدكردنی رێگاكە خراوەتەنێو پڕۆژەكانی پارێزگاكە بۆ ئەمساڵ، بەڵام هێشتا نەدراوە بە هیچ بەڵێندەرێك".

hatucho-2
نەینەوا/ 9ی تشرینی یەكەمی 2022/ وەرگەڕانی ئۆتۆمبێلێك لەسەر رێگای ئەلقوش. فۆتۆ: هاتوچۆی ئەلقوش

وتیشی "ئیدارەی پارێزگای نەینەوا پارەی پێویستی هەیە، لە ئێستادا نزیكەی دوو ترلیۆن دیناری لەبەردەستدایە، بەڵام لێتان ناشارمەوە كە دەستتێوەردانی دەرەكی (دەرەوەی پارێزگا) هەیە و بۆتەهۆی جێبەجێنەكردنی پڕۆژەكە، هۆكارەكە ئەوەیە لەو ناوچەیە زیاتر دەسەڵاتی پارتی دیموكراتی كوردستان زاڵە و هەندێك لایەن دەیانەوێت پڕۆژەكە دوابكەوێت"، بەبێ ئەوەی ناوی هیچ لایەنێكی بهێنێت.

لەبارەی هەڵوێستی نەجم جبوری، پارێزگای نەینەوا لەسەر پڕۆژەكە، شێروان دوبەردانی وتی "دەبێت راستگۆبین، خودی پارێزگاری نەینەوا زۆر پەرۆشە بۆ ئیشكردن لەو پڕۆژەیە... حەزدەكات لەبەیانییەوە دەستپێبكرێت".

پێشتر شەریف سلێمان، پەرلەمانتاری عیراق لە پشكی ئێزیدی بە (كەركوك ناو)ـی وت "لەڕێی وەزارەتی ئاوەدانكردنەوە و پارێزگاری نەینەواوە رەزامەندی لیژنەی ئاوەدانكردنەوەمان وەرگرت تا رێگاكە بكرێتە دووساید، بڕیارە لەمساڵدا پرۆژەكە بە دوو قۆناغ تەواو بكرێت".

هەر بەپێی شەریف سلێمان، لە دوو ساڵی رابردودا 90 كەس لەو رێگایە و بە روداوی هاتوچۆ بون بە قوربانی، لە مردن و برینداربون.

هەر ئەمڕۆ یەكشەممەش، دوو روداوی هاتوچۆی تر رویانداوە و تەنیا بریندار هەیە. ئەوەش لەدوای گیانلدەستدانی ئەو هەشت ئەندامەی خێزانە كریستیانییەكە.

hatucho2
نەینەوا/ 9ی تشرینی یەكەمی 2022/ وەرگەڕانی بارهەڵگرێك لەسەر رێگای ئەلقوش. فۆتۆ: تایبەت بە كەركوك ناو

مەتران سابت حەبیب، مەترانی ئەلقوش و دەوروبەری، یەكشەممە 9ی تشرینی یەكەم، بە (كەركوك ناو)ی وت "رۆژانە خەڵک دەبێتە قوربانی، تێناگەین بۆچی دەست بە دووسایدکرنی رێگایەکە ناکرێت".

شێروان دوبەردانی، لەبارەی ئەوەی لە كۆبونەوەكەدا چ وادەیەك دیاریكراوە بۆ دەستپێكردنی پڕۆژەكە، وتی "هیچ وادەیەك دیارینەكراوە بۆ دەستپێكردن و كۆتاییهێنان، تەنیا لە كۆبونەوەكە جەختكرایەوە لەوەی كێشە تەكنیكییەكان چارەسەر بكرێن"، شێروان دوبەردانی زیاتر وتی "هیوامان هەیە بەمنزیکانە دەستبکرێت بە جێبەجێکردنی پڕۆژەکە".

مەترانی ئەلقوش، هەر ئەمڕۆ یەكشەممە، نوسراوێکی فەرمی ئاراستەی سەرۆک وەزیرانی عیراق و حکومەتی هەرێم کردووە، داوای لێكردون، بە "پاساوی تەكنیكی"، پڕۆژەكە دوانەخرێت.

ئەو رێگایە بە درێژایی مەفرەقی باعەدرێ بەرەو ئەلقوش و تا دەگاتە مەفرەقی بەدرییە لە باكوری موسڵ نزیكەی 22 كیلۆمەترە بە پانی كەمتر لە شەش مەتر، رێگایەكی بازرگانییە، بەوپێیەی هاتوچۆی هەموو بارهەڵگرێك لە سنوری عیراق – توركیاوە لە زاخۆوە بەرەو هەولێر و بە پێچەوانەشەوە هەر لەو رێگایەوەیە.

دانیشتوانی ناحیەكانی ئەلقوش و فایدە و بەشێك لە تلكێف و شێخان لەو رێگایەوە هاتوچۆ دەكەن، رێگای نزیكەی 100 گوندیشە، جگە لە هاتوچۆی رۆژانەی هەزاران بارهەڵگری گەورە بەرەو دەروازەی سنوری ئیبراهیم خەلیل و بە پێچەوانەوە.

لە ساڵی 2020ـدا زیاتر لە هەشت هەزار و 186 روداوی هاتوچۆی لە عیراق، بەبێ هەرێمی كوردستان، تۆماركراون كە 232 روداویان لە پارێزگای نەینەوا بووە و بەهۆیەوە 112 كەس مردون و 178 كەسی دیكەش برینداربون، لەو ژمارەیەش 20 روداویان لە سنوری قەزای تلكێف بووە و بەهۆیەوە؛ 14 مردن و 18 حاڵەتی برینداربون هەبووە، بەپێی ئامارە رەسمییەكانی حكومەتی عیراق.

ئەلقوش (40كم باكوری موسڵ) سەر بەقەزای تلكێفە لە دەشتی نەینەوا و ژمارەی دانیشتوانی 62 هه‌زار كه‌س بووه‌ تا ناوه‌ڕاستی 2014دا و پێش شه‌ڕی داعش، دواتر به‌شێكیان به‌ره‌و ئه‌مریكا و ئه‌وروپا كۆچیان كردووه‌، زۆرینەی دانیشتوانی كریستیانن، لە ناوچەكانی دیكەی دەوروبەریشی پێكهاتەكانی ئێزیدی، شەبەك، ئەرمەن، موسڵمانی كورد و عەرەب دەژین.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT