لە گەڕەك و شەقامەكانی خانەقین خۆڵ و خاشاك كەڵەكە دەبن، بەهۆی مانگرتنی كرێكارانی پاككەرەوە و ژینگەپارێز، دوای پێنەدانی موچەی دوو مانگ.
كرێكارانی ژینگەپارێز لە خانەقین، لە ناوەڕاستی تشرینی یەكەمی 2022ـەوە مانیانگرتووە و داوادەكەن، موچەی مانگەكانی ئاب و ئەیلولی رابردویان بۆ خەرجبكرێت.
ئەحمەد یوسف، كرێكاری ژینگەپارێز بە (كەركوك ناو)ـی وت "لە كۆی 100 كرێكار تەنیا شەش كرێكار كاردەكەین، چونكە موچەی مانگەكانی ئاب و ئەیلولمان وەرنەگرتووە"، ئەو دەڵێت بەوهۆیەوە بەبارودۆخێكی خراپدا تێدەپەڕن، چونكە تەنیا سەرچاوەی بژێوییان ئەو موچەیەیە.
كرێكارەكان گرێبەستیان لەگەڵ كۆمپانیای گەردین هەیە بۆ پاككردنەوەی خانەقین، مانگانە هەریەكە و 300 هەزار دیناریان پێدەدرێت.
(كەركوك ناو) پەیوەندی بەو كۆمپانیایەوە كرد و نوێنەرێكیان كە ئامادەنەبوو ناوی بهێنرێت، جەختیكردەوە ئەو كێشەیە لەدەسەڵاتی ئەواندا نییە و بەهۆی خەرجنەكردنی بودجەوە لەلایەن حكومەتەوە، ناتوانن موچەی كرێكارەكانیان دابینبكەن.
کۆمپانیاى گەردین، گرێبەستی لەگەڵ شارەوانی خانەقین – سەر بە حكومەتی هەرێمی كوردستان هەیە-، زیاتر لە 100 كرێكار لەڕێی ئەو كۆمپانیایەوە رۆژانە شاری خانەقین لە زبڵ و خاشاك پاكدەكەنەوە.
سۆران عەلی، سەرۆكی شارەوانی خانەقین -سەر بە هەرێمی كوردستان- بە (كەركوك ناو)ـی وت "كرێكارانی كۆمپانیای گەردین مانیانگرتووە، چونكە دوو مانگە موچەیان وەرنەگرتووە، بۆیە ئێستا تەنیا شەش كرێكار لەگەڵ دوو ئۆتۆمبیلی هەڵگرتنی خۆڵ و خاشاك كاردەكەن".
ئەو دەڵێت لە شارەوانی خانەقین –سەر بە حكومەتی عیراق- هەماهەنگییان هەیە تا كۆنتڕۆڵی هەڵگرتنەوەی خۆڵ و خاشاك بكەن لەكاتی مانگرتنی كرێكارەكاندا.
بەپێی بەدواداچوونی مەیدانی پەیامنێری (كەركوك ناو)، مانگرتنی كرێكارەكان، بۆتە هۆی كەڵەكەبونی خۆڵ و خاشاك لە گەڕەكەكانی خانەقین.
عادل ئەحمەد، كرێكاری ژینگەپارێزە و نزیكەی دوو هەفتەیە نێردراوەتەوە بۆ ماڵەوە، بە (كەركوك ناو)ـی وت "ئێمە 41 كرێكارین كە كۆمپانیا وتی ناتوانێت موچەكانمان دابینبكات، بۆیە وتیان بڕۆنەوە بۆ ماڵەوە، واتە دەركراین"، لە كاتێكدا عادل خێزاندارە و باوكی سێ منداڵە، كرێچییە و موچەی كرێكارییەكەی تەنیا سەرچاوەی بژێوییەتی، وەك خۆی دەڵێت.
پێشتر و لە كانونی یەكەمی 2021ـیشدا كرێكارانی ژینگەپارێز لە خانەقین بۆ ماوەیەكی كاتی مانگیانگرت هەر بەهۆی پێنەدانی موچەكانیانەوە كە دواتر كێشەكە چارەسەر كرا.
سەرۆكی شارەوانی خانەقین رونیكردەوە "كێشەی دواكەوتنی موچە و نەبونی پارەی كارەش تەنیا لە خانەقین نییە، لە گەرمیان و رانیە و شوێنەكانی دیكەش شەش كۆمپانیا روبەڕوی هەمان گرفت بونەتەوە، كە پارەكانیان لەلایەن حكومەتی هەرێمەوە خەرجدەكرێت و لەگەڵ حكومەتیشدا كۆبونەوەیان هەبووە، بەڵام هێشتا نازانین ئەنجامەكەی چی بووە".