شانۆ.. پاش لەدەستدانی دایکی پەشیمانە
خۆبەخشەکانی کۆرۆنا نازناوی "بێ وەفا" دەدەنە پاڵ وەزارەتی تەندروستی

سلێمانی/ 23ی نیسانی 2020/ شانۆ شێرکۆ لەلای راستی وێنەكەدایە. لەگەڵ دوو لە هاوڕێ خۆبەخشەكانی لەكاتی كاركردن-دا لە نەخۆشخانەی شەهید تاهیر عەلی والی بەگ، كە تایبەت كرابوو بە توشبوانی كۆرۆنا

ئەحمەد مستەفا

شانۆ، پاش لەدەستدانی دایکی بەهۆی کۆرۆناوە، لەکاری خۆبەخشی پەشیمانە. لەسەروبەندی پەیدابونی پەتاکەدا، بێگوێدانە دەستکەوتنی هیچ شایستەیەكی دارایی، چاوی لەسەر چارەسەركردنی توشبووانی کۆرۆنا بوو، بۆیە لەگەڵ ژمارەیەک هاوپیشەی لە مانگی ئاداری 2020دا، چونە نەخۆشخانەكان، بۆ پێشكەشكردنی هاركاریی تەندروستی.

بەپێی ئامارەكانی تەندروستی سلێمانی تەنیا لەو پارێزگایەی شانۆدا، پێنج هەزار کەس لە سەردەمی كۆرۆنادا، کاری خۆبەخشییان كردووە. هەرچەندە وەزارەتی تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێویستی بە نزیکەی حەوت هەزار راژەی نوێ هەیە، بەڵام بە وتەی خۆبەخشەکان، "وەزارەتەکە رۆڵی ئەوانی لەبەرچاو نەگرتووە.

رۆژی 4ی ئاداری 2020، یەکەم حاڵەتی گیانلەدەستدان بە پەتای کۆرۆنا لە هەرێمی کوردستان و لە پارێزگای سلێمانی تۆمارکرا کە مامۆستایەکی ئایینی بوو. ئەم روداوە مەترسی پەتاکەی لەلای خەڵک و حکومەتی هەرێمی کوردستان خستە قۆناغێکی نوێوە، هەنگاوی کردەیی دەستیپێکرد و قۆناغ بە قۆناغ کەرەنتینەی گشتی راگەیەندرا و وەزارەتی تەندروستی دەستیکرد بە کۆکردنەوەی سەرچاوەی مرۆیی و پێداویستی پزیشكی بۆ نەخۆشخانەكان.

شانۆ شێرکۆ نمونەی چیرۆكی کچێكی خۆبەخشە لە سلێمانی و لەم راپۆرتەدا دەخرێتەڕوو، لە ساڵی 2019دا کۆلێژی پەرستاریی زانکۆی سلێمانی تەواوکردووە و لە رۆژی 1ی حوزەیرانی هەمان ساڵدا، لە نەخۆشخانەی شار و نەخۆشخانەی هیوا دەستی بەكاركردن كردووە.

بە وتەی شانۆ، "لە نەخۆشخانە حکومییەکاندا بە جاڕدان جاڕیاندەدا، کێ ئامادەیە بچێت لە نەخۆشخانەی شەهید تاهیر عەلی والی بەگ لە سەرچنار کاربکات"، کە ئەوکات بڕیاردرا وەک یەکەم نەخۆشخانەی تایبەت بکرێت بە چارەسەری توشبووانی کۆرۆنا دیاریكرا.

شانۆ دەڵێت، "سەرەتا بەرپرسانی تەندروستی وتیان، هەر کارمەندێکی نەخۆشخانەکان بچێتە نەخۆشخانەی شەهید تاهیر موچەی مانگانەکەی دەبێت بە یەک ملیۆن دینار، هەروەها هەر دەرچوویەکی دانەمەزراویش بە خۆبەخشی کار بکات، ئەوە گرێبەستی بۆ دەکرێت".

بەپێی گێڕانەوەکان، لە هەموو نەخۆشخانەکاندا هەوڵدراوە، دکتۆر و پەرستار ببەنە ئەو نەخۆشخانەیە، هەرچەندە دواتر بێئومێد بوون لەو هەوڵە، شانۆ ئاشکرایدەکات، "بەشێک لە کارمەند و فەرمانبەرە هەمیشەییەکان، بە پارە ماوەی دەوامی ئێشکگری خۆیان بە خۆبەخشەکان دەفرۆشتەوە و تەنانەت نەیاندەویست بێنە نەخۆشخانە".

بەشێک لە کارمەند و فەرمانبەرە هەمیشەییەکان، بە پارە ماوەی دەوامی ئێشکگری خۆیان بە خۆبەخشەکان دەفرۆشتەوە و تەنانەت نەیاندەویست بێنە نەخۆشخانە

هاوژین عوسمان، سەرۆکی لقی سلێمانی سەندیکای کارمەندانی تەندروستی کە هاوکات، لەلایەن بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی سلێمانییەوە راسپێردرا تیم بۆ نەخۆشخانەکە پێکبهێنێت، قسەکانی شانۆی پشتڕاستكردەوە و وتی "لەوکاتەدا زۆربەی کارمەند و پزیشکان دەوامیان بەجێدەهێشت و وەڵامی تەلەفۆنیان نەدەدایەوە، ئەوەی لەوکاتەدا فریادڕەس بوو، خۆبەخشەکان بون کە چونە هێڵی پێشەوەی بەرگریی و جەنگین لەگەڵ کۆرۆنا".

هاوژین عوسمان، بە سەرسوڕمانەوە وتیشی، "هەندێک پزیشک و کارمەند هەبون، کە داوامان لێکردن لە نەخۆشخانەکانی کۆرۆنا کاربکەن، راپۆرتی پزیشکییان بۆ هێناین کە نەخۆشی دەرونیییان هەیە"، بەو هۆکارەش مۆڵەتیان کردووە یان دەوامیان لە نەخۆشخانەکانی کۆرۆنا گواستۆتەوە.

interviews shano
سلێمانی/ دیمەنێک لە چاوپێکەوتنی ئەحمەد مستەفا، ئامادەكاریی بەدواداچونەكە لەگەڵ شانۆ شێرکۆ.  فۆتۆ/ محەمەد عوسمان

دانانی وێنەیەک لە ستۆری سۆشیال میدیای هاوڕێیەکی، وا لە شانۆ دەکات، کارە خۆبەخشییەکەی بگوازێتەوە بۆ یەکەم سەنگەری بەرگریی و روبەڕوبونەوەی کۆرۆنا لە سلێمانی، مەترسی کارەکە، شانۆ ناچار بە راوێژکردن دەکات، بۆ ئەمەش پرس و راوێژ دەباتە ماڵەوە، بەڵام لێرەش ناگات بە وەڵامێکی بنەڕەتی، باوکی پێی دەڵێت، "نابێت بچیت". بەڵام شانۆ بە گفتوگۆ باوکیشی دەهێنێتە ئەو بڕوایەی دەستبەکارەکە بکات، دایکیشی پێی وتووە، "ئەوە ئیشەکەی تۆیە، لەچی رادەکەیت!".

پاش 15 رۆژ لە دەستبەکاربونی ژمارەیەک لەهەمان ئەو هاوڕێیانەی هۆکاربون بۆ چوونی شانۆ. بەهۆی مەترسی دۆخەکەوە دەستیان لەکارکردن لە نەخۆشخانەکە هەڵگرتووە. شانۆ چاوی بەو مامۆستا ئاینییەش کەوتووە کە بووە یەکەم کەیسی گیانلەدەستدان بەهۆی کۆرۆناوە لە سلێمانی و دەڵێت "دۆخی مامۆستا ئایینییەکە زۆر خراپبوو، تا ئەوكاتەی گیانیلەدەستدا".

کاری ئەو خۆبەخشانە و بەرکەوتنی رۆژانەیان لەگەڵ توشبووانی کۆرۆنا، هۆکاربووە بۆ ئەوەی کە زۆرینەیان، خۆیان یان کەسوکاریان توشی پەتاکە ببن یان گیانلەدەستبدەن، بەگوێرەی ئامارەکانی تەندروستی سلێمانی و سەندیکای کارمەندانی تەندروستی، نزیکەی هەزار کەس لە سەروبەندی روبەڕوبونەوەی کۆرۆنا وەک کارمەندی خۆبەخش لە ناوەندەکانی کەرتی تەندروستی سلێمانی کاریانکردووە.

خۆبەخشەکان و پڕکردنەوەی بۆشایی کەرتی تەندروستی

 بە گوێرەی ئاماری سەندیکای کارمەندانی تەندروستی لە سلێمانی، تەنیا لە نەخۆشخانەی شەهید د. هێمن "جمهوری" کە یەکێک بووە لەو نەخۆشخانانەی تایبەتکرا بە کۆرۆنا، 300 خۆبەخش دەوامی تێداکردووە، لە کاتێکدا هەموو کارمەندەکانی 700 کارمەند بون.

هاوژین عوسمان، سەرۆکی ئەو سەندیکایەیە و دەڵێت، "بەو رێژە جیاوازەشەوە، خۆبەخشەکان دوو قاوش و بەشی پێشوازیی نەخۆشخانەکەشییان بەڕێوەبردووە، بەڵام 700 کارمەند و پزیشکە دامەزراوەکان تەنیا دوو قاوشیان بۆ بەڕێوەچووە".

-        کلینکی عەلی ناجی %70ی کارمەندەکانی خۆبەخش بوون

-        نەخۆشخانەی شەهید د.هێمن "جمهوری" %45ی کارمەندەکانی خۆبەخش بوون

-        نەخۆشخانەی شەهید د. ئاسۆ %40ی کارمەندەکانی خۆبەخش بوون

-        نەخۆشخانەی شەهید تاهیر عەلی والی بەگ %80ی کارمەندەکانی خۆبەخش بوون

"بەرپرسم لەم قسەیەی دەیکەم، نیوەی ئەرکی کۆرۆنا خۆبەخشەکان بەڕێوەیان بردووە"، هاوژین عوسمان وای وت.

لە مانگی چوار کۆرۆنا لە سلێمانی گەیشتە پەرەسەندنێكی تەواو. نەخۆشخانەی دیکەش تەرخانکران. شانۆ لە مانگێکدا، شەش رۆژ لە نەخۆشخانەی شەهید تاهیر عەلی والی بەگ و شەش رۆژ لە شەهید د. ئاسۆ کاری کردووە. دەڵێت، "ماوەی شەش مانگ لە نەخۆشخانەی کۆرۆنا بوین، جگە لە كۆمەكی دارایی چەند بەرپرس و رێکخراوێک حکومەت هیچ بڕە پارەیەکی پێنەداین".

بەرپرسم لەم قسەیەی دەیکەم، نیوەی ئەرکی کۆرۆنا خۆبەخشەکان بەڕێوەیان بردووە

ئەمەش شانۆ و هاوڕێکانی وا لێدەکات، رۆژێک توشبوانی کۆرۆنا بەجێبهێڵن و دەست لەکارهەڵبگرن، بە وتەی ئەو، "ئەم هەڵوێستەیان بەڕێوەبەری تەندروستیی سلێمانی ناچارکردووە، خۆی سەردانی نەخۆشخانەکە بکات".

sandeka 3
سلێمانی/ باڵەخانەی سەندیکای کارمەندانی تەندروستی فۆتۆ/ ئەحمەد مستەفا

هاوپیشەکانی بە شانۆیان وتووە، لە هەولێر و سلێمانی جیاوازی زۆر کراوە لە پێدانی پارە و پاداشت بەخۆبەخشەکان. زریان خالید، کە کوڕە کارمەندێکی گرێبەستی کۆرۆنایە لە هەولێر و ماوەی چوار مانگە پاداشتی وەرنەگرتووە دەڵێت، "کارمەندە خۆبەخشەکان، بۆ ئەوەی لە پیشە سەرەکییەکەیان دانەبڕێن، کاری دووەمیش دەکەن، تا بەم جۆرە، خەرجی رۆژانەیان بۆ چوون و هاتنەوەیان لە نەخۆشخانە پەیدابکەن".

هەروەها، سیما جەلال کە بەشی پەرستاری لە پەیمانگەی تەکنیکی هەڵەبجە تەواوکردووە، ماوەی دوو ساڵە کاری خۆبەخشی لە چوار ناوەند و نەخۆشخانە کردووە، دەڵێت، "سەرەڕای نیگەرانی لە ئاستەنگەکانی بەردەم هاتوچۆکردن، سەرقاڵی و بەرپرسیارێتییەکی بێ ماف بۆ کارەکە، هەندێک لەخەڵک وا بیردەکاتەوە حکومەت بەهۆی خۆبەخشەکانەوە دامەزراندن ناکاتەوە".

وتیشی "پێزانین هەبێت دامان دەمەزرێنن". لە کابینەی هەشت و نۆیەمدا، وەزارەتی تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستان پشتی بە توانای خۆبەخشەکان بەستووە لە ناوەندەکانی تەندروستیدا، سەرەڕای ئەمەش بەهۆکاری ئەوەی خۆبەخشی کارێکی تاڕادەیەک ئازادە بۆ کردن یان دەستبەرداربون، وەزارەتەکە هیچ ئامارێکی دروستی لەبەردەستدا نییە دەربارەی ژمارەیان لە هەرێمی کوردستان.

خۆبەخشەکان لە دوو مافدا قوربانین، ئەوانیش نەبونی چەسپاندنێكی یاساییە دەربارەی مافیان لە بەرانبەر کارکردنیان لە نەخۆشخانە و بەرکەوتنی رۆژانەیان بە کەسوکاری پلە یەکیان، لەمەشدا شانۆ چیرۆکەکەی تەواو جیاوازە.

خۆبەخشەکان لە دوو مافدا قوربانین، ئەوانیش نەبونی چەسپاندنێكی یاساییە دەربارەی مافیان لەبەرانبەر کارکردنیان لە نەخۆشخانە و بەرکەوتنی رۆژانەیان بە کەسوکاری پلە یەکیان

بەهۆکاری ئەوەی، بۆ پشودان لە کاتی جیاوازدا گەڕاوەتەوەوە ماڵەوە، بەرکەوتنی لەگەڵ تەواوی خێزانەکەی هەبووە، گەرچی رێکارە خۆپارێزییەکانی رەچاوکردووە، بەڵام مانگی حەوتی 2020 ، شانۆ خۆی بەر لە دایکی توشی کۆرۆنا بووە، بە درێژای ئەو ماوەیەش شانۆ لەلایەن دایکییەوە چاودێری کراوە، تا گەڕاوەتەوە نەخۆشخانە.

دایکی شانۆ، لە مانگی هەشتی هەمان ساڵ توشی کۆرۆنا دەبێت، سەرەتا بە کۆکە و پاشان بە تا و لەرز نیشانەکانی دەردەکەون.

"دایکم، بەردەوام ئازاری هەبووە، خەو و ئیسراحەتی نەبووە". شانۆ پێیەکی لە ژورەکەی دایکی و پێیەکی لە ژوری توشبووانی دیکەدا بووە، بەزەحمەت لە نەخۆشخانەی شەهید تاهیر عەلی والی بەگ لەو سەروبەندەدا کات و شوێن دەستدەکەوت بۆ پشوودان، یان هاواری ئازار، یان گریان بۆ مردن.

شانۆ شێرکۆ پێیوایە، پرۆتۆکۆڵێکی یەکگرتوو نەبووە بۆ چارەسەرکردنی توشبووانی کۆرۆنا، دایکی بە نمونە دەهێنێتەوە و دەڵێت، بەهۆکاری ئەوەی ئەنزیمەکانی جگەری بەرزبون، دوو دکتۆری پسپۆڕ رای جیاوازیان هەبووە لەسەر ئەوەی پاراستۆڵەکان "موغەزی" بۆ دایکی بەکاربهێنێت.

 ئەو لە دوا رۆژی تەمەنی "قەدرییە سەعید"ی دایکیدا، باوک و خاڵی دەهێنێتە نەخۆشخانە و بێئومێد دەبێت، رۆژی 21ی ئابی 2020، دایکی شانۆ بەهۆی کەمبونەوەی رێژەی ئۆکسجین و توندی لێکەوتەی کۆرۆنا لەسەریدا، کۆچی دوایی دەکات. نە شوشتنی دایکی و خستنییە نێو کیفەوە، ئەو ساتەیە کە شانۆ پێیوایە، قورسترین کاریگەری لەسەر داناوە، "بیرم ناچێتەوە".

ئەم روداوە بۆ شانۆ سەخت دەبێت، سەرەڕای کارە خۆبەخشییەکەی، بەرپرسیارێتی پاراستن و بەخێوکردنی پێنج منداڵ دەکەوێتە ئەستۆی. شانۆ وەڵامی ئەو پرسیارەی بە زەحمەت دایەوە، کاتێک ئاشکرایکرد، دایکی لە کۆتا قسەیدا لەگەڵی پێی وتووە، "ئاگات لە منداڵەکان بێت و دڵی کەس نەئێشێنێت".

لەسەر کێلی گۆڕی دایکی نوسراوە، "دایکی هەژاران"، شانۆ دەیگێڕێتەوە، "دایکی بە نهێنی و ئاشکرا، زیاتر لە دە ساڵ بوو یارمەتی خەڵکی هەژار و دراوسێ و کەسوکاری خۆی داوە.

"ئەگەر ئێستا هەمان عەقڵیەتی پێش کاری خۆبەخشیم هەبووایە، هەرگیز کاری خۆبەخشیم نەئەکرد"، ئەمە قسەی شانۆیە پاش لەدەستدانی دایکی کە هاندەری سەرەكی ئەو بوو بۆ کارەکەی.

پێشیوایە بۆ ئەوەی بیانویەکی راست و گونجاو هەبێت دەرچووان کاری خۆبەخشی بکەن، "گرنگە ڕێزت لێ بگیرێت و پاداشتێکی مانگانەت هەبێت ئەگەر کەمیش بێت".

shanooo
شانۆ بە جلی پەرستیارییەوە لەسەر گۆڕی دایكی. هەینی 28ی تشرینی یەكەمی 2022. فۆتۆ: ئەحمەد مستەفا

شانۆ لەم رووداوەدا تەنیا نییە، لە شارەکانی، (هەولێر، دهۆک، سلێمانی و هەڵەبجە) روداوی هاوشێوە تۆمارکراوە. کە کەسی پلە یەکیان بەهۆکارێک لە هۆکارەکان یان بەرکەوتەی رۆژانەوە گیانیلەدەستداوە، بە وتەی سەربەست سەرحەد، نوێنەری خۆبەخشەکانی پارێزگای سلێمانی، تەنیا لە سنوری ئەو پارێزگایەدا "پێنج" حاڵەتی دیکە تۆمارکراوە، "کە یەکێک لە روداوەکان خوشک و برایەکی خۆبەخشن و باوکیان گیانیلەدەستداوە".

دەشڵێت، "خۆبەخشمان هەبووە، ماوەی سێ مانگ نەڕۆشتۆتەوە بۆ ماڵەوە و بەردەوام لە ناوەندەکانی کەرتی تەندروستیدا خزمەتگوزاری تەندروستی پێشکەش بە تووشبووانی کۆرۆنا کردووە، ئەگەرچی گیانی سەدان کەسیان لە مردن رزگارکردووە، بەڵام قەدەریشیان وابووە نەیانتوانیوە رۆحی دایک یان باوکی خۆیان لە مردن رزگاربکەن".

جگە لە پاداشتی، رێکخراو و کەسایەتی سیاسی، لەو چەند مانگەدا خۆبەخشان لەهیچ بڕە پارەیەک سودمەند نەبون، دوای مانگرتن و دەربڕینی ناڕەزایەتی، حکومەت بەدوو جۆر، هەنگاوێکی نوێی نا بەپێدانی "پارەی هاندان و گرێبەستی شەش مانگی بۆ 502 خۆبەخش كرد".

دکتۆر مەعاف عەبدوڵڵا، بەڕێوەبەری گشتیی دیوانی وەزارەتی تەندروستیی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەڵێت، "خۆمان بە قەرزداری خۆبەخشانی روبەڕبونەوەی کۆرۆنا دەزانین، بەم نزیکانە لەگەڵ ئەنجومەنی راژە کۆدەبینەوە و پلانی دامەزراندنیان ئاڕاستە دەکەین، کە پێشنیازی داوای دامەزراندنی خۆبەخشەکانیش لەخۆ دەگرێت".

ئەو کارمەند و پزیشکانەی، بەهۆی کۆرۆناوە گیانیانلەدەستداوە بەبڕی پێنج ملیۆن دینار لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە قەرەبووکراونەتەوە، کە ژمارەیان 119کەسە، سەرەڕای ئەوەی ئامارێکی دروست نییە لەبارەی ئەو کەسانەی کە خۆبەخش بون و کەسی پلە یەکیان لەدەستداوە، بەڵام، بە وتەی بەڕێوەبەری گشتی دیوانی وەزارەتی تەندروستی، "هیچ پلانێک بۆ قەربوکردنەوەیان نییە".

 

گرێبەستی کۆرۆنا

ئەو کارمەندانەی لە پارێزگای هەولێر، دهۆک، سلێمانی و هەڵەبجە بە گرێبەستی کاتی  بۆ "ناوەندەکانی کۆرۆنا" دامەزراون ژمارەیان زیاتر لە 500 کەسە، بەپێی کاتی گرێبەستەکە لە مانگی شەش و مانگی هەشتی ساڵی 2022 کە گرێبەستەکە کۆتایی هاتووە و سێیەم جارە بووە بۆیان نوێکراوەتەوە، تائێستا هیچ موچەیەکی "کرێی رۆژانەیان" پێ نەدراوە، ئێستاش لەبەردەم داخوازی نوێکردنەوەدایە بۆ جاری چوارەم.

موچەی ئەو کارمەندانە، بە کرێی رۆژانە ئەژمارکراوە و بۆ یەک رۆژ 18 هەزار دیناری عیراقی دیاریکراوە، ئەگەر هەر کارمەندێک رۆژێکیش پشوو وەربگرێت ئەوا هیچ بڕە پارەیەکی بۆ هەژمارناکرێت.

زریان خالید، کە ماوەی دوو ساڵە لە کەرتی تەندروستی کاردەکات و ساڵی 2016 کۆلێژی پەرستاری لە زانکۆی سەڵاحەدین- هەولێر تەواوکردووە، دەڵێت، "بەرپرسانی تەندروستی لە هەولێر پێیان وتووین بەبیانوی ئەوەی کۆرۆنا نەماوە، گرێبەستەکەتان بۆ نوێ ناکرێتەوە".

nusrawakan
سەرجەمی ئەو نوسراوانانە کە وەزارەتی تەندروستی و  وەزارەتی دارایی لەبارەی گرێبەستەکان ئاڕاستەی یەکدیان کردووە

بەڵام، بەڕێوەبەری گشتی دیوان لە وەزارەتی تەندروستی دەڵێت، "لە 13ی ئەیلولی 2022 نوسراوێکیان بۆ ئەنجومەنی وەزیرانی حکومەتی هەرێمی کوردستان کردووە، کە گرێبەستی 502  کارمەندەکەی کۆرۆنا نوێبکەنەوە".

ئەو رەتیدەکاتەوە کۆرۆنا کۆتایی هاتبێت، تا ناونیشانی گرێبەستەکانیان لە کۆرناوە بۆ بگۆڕن بە ساڵانە و وتی "رۆژانە ئەوان وەک وەزارەت کەیسی نوێی توشبون بە کۆرۆنا تۆماردەکەن، سەرەڕای ئەوەش ئەنجومەنی وەزیران بەرپرسە لەوەی چ بڕیارێک دەدات".

ئەوە لەکاتێکدایە، بە وتەی زریان لەگەڵ واژۆکردنی گرێبەستەکەدا لەلایەن کارگێڕی نەخۆشخانەکانی کۆرۆناوە پێیانوتراوە، "ئەم گرێبەستە، گرێبەستێکە بە تامی دامەزراندنی هەمیشەیی، بەڵام بەهۆکاری ئەوەی ناڕەزایەتی لێنەکەوێتەوە ناتوانن وەک گرێبەستی هەمیشەیی رایبگەیەنن". زریان دەڵێت، "دەرکەوت ئەو قسەیە راست نییە، ئەگەر هەیە تەنیا یەکجاری دیکە نوێ بکرێتەوە".

هەر بۆیە، تا موچە و مافی ئەو کارمەندانە پارێزراوبێ، نوێنەرەکانیان داوایان لە لیژنەی تەندروستیی پەرلەمانی کوردستان کردووە، فشاربکەن جۆری گرێبەستەکە لە "گرێبەستی کۆرۆنا" بگۆڕن، بۆ گرێبەست و موچەی ساڵانە، و لە چوارچێوەی بودجەی کۆرۆنا بهێنرێنە دەرەوە.

بەپێی نوسراوێكی وەزارەتی دارایی کە كۆپییەكمان دەستكەوتووە، ژمارەی ئەو کەسانەی ((پەرستاری زانکۆیی و یاریدەدەری سڕکار)ن گرێبەستییان بۆ کراوە، 502 کەسن:

  • پارێزگای هەولێر: 155کەس
  • پارێزگای سلێمانی: 125کەس
  • پارێزگای دهۆک: 115کەس
  • پارێزگای هەڵەبجە: 30کەس
  • ئیدارەی ڕاپەڕین: 32کەس
  • ئیدارەی گەرمیان: 30کەس
  • قەزای کۆیە:      15کەس

بەپێی فۆرمی گرێبەستەکە، لە 11 خاڵ پێکدێت، لە خاڵی هەشتەمدا ئاماژە بەوەکراوە، "لایەنی یەکەم (وەزارەتی تەندروستی) مافی هەیە گرێبەست هەڵبوەشێنێتەوە هەرکاتێک بخوازێت"، هەروەها لە خاڵی نۆیەمی گرێبەستەکەدا بەرپرسیارێتی خراوەتەسەر لایەنی دووەم (کارمەندی گرێبەست) هەر کەمتەرخەمییەک لە کارەکەیدا روبدات.

لوقمان وەردی، کە ئەندامی لیژنەی تەندروستییە لە پەرلەمانی کوردستان، جۆری گرێبەستەکە بە "ناماقول" ناودەبات و دەڵێت، "ئەو گرێبەستەی وەزارەتی تەندروستی لەگەڵ ئەو ژمارە خۆبەخشە کردوویەتی، زۆر ناهاوسەنگە، تەنانەت مافی خواردنیشی تێدا نییە، نازانم ناوی چی لێبنێم".

ساڵانە لە کەرتی تەندروستیی حکومەتی هەرێمی کوردستان، کارمەند و پزیشک خانەنشین دەبن، بەڵام بە ئاشکرا هیچ هەنگاوێک نابینرێت بۆ بەهەمیشەیکردنی کارمەندانی گرێبەست یاخود دامەزراندنی دەرچوانی بەشە پزیشکییەکان، ئەمەش نیگەرانییەکی هاوبەشی دیکە بووە کە خۆبەخش و گرێبەستەکان بەردەوام لە زاریانەوە دوبارەی دەکەنەوە.

چیمەن ئاکرەیی، رێکخەری کاروبارەکانی ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی "WHO" لە هەرێمی کوردستان، لەبارەی کاری خۆبەخشەکان لە هەرێمی کوردستان دەڵێت، "ئەم کارە رێکخستنێکی ناوخۆییە کە وەزارەتی تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستان ساڵانە سودی لێدەبینێت، WHO بەشداری ئەو پرۆسەیە نییە".

"لەکاتێکدا ئێمە کارمەندمان بەدەستەوە نەبووە، خەڵکێک هەبووە قوربانی داوە، ئێستا کە ئێمە پێیان بڵێین بڕۆنەوە بۆ ماڵەوە ئەمە مانای بێ وەفاییە. وەزیری تەندروستی دەبێت ئەم خەم و کۆژانانەی کارمەندانی تەندروستی بباتە نێو کۆبونەوەکانی ئەنجومەنی وەزیرانی حکومەتی هەرێمی کوردستان"، سەرۆکی لقی سلێمانی سەندیکای کارمەندانی تەندروستی وا دەڵێت.

لەکاتێکدا ئێمە کارمەندمان بەدەستەوە نەبووە، خەڵکێک هەبووە قوربانی داوە، ئێستا کە ئێمە پێیان بڵێن بڕۆنەوە بۆ ماڵەوە ئەمە مانای بێ وەفاییە

تائێستا، لە هەرێمی کوردستاندا، هیچ یاسایەک نییە ئەرک و مافی خۆبەخشەکان رێکبخات، هەروەها حکومەتی هەرێمی کوردستان هیچ رێنماییەکی تایبەت بەو توێژەی نییە، شایان عەسکەری، جێگری سەرۆکی لیژنەی تەندروستی و ژینگە و مافی بەکاربەر لە پەرلەمانی کوردستان، دەڵێت، "لەلایەن فراکسیۆنی گۆڕانەوە پێشنیازە یاسایەک بۆ رێکخستنی کاروباری خۆبەخشان و دیاریکردنی مافەکانیان پێشکەشکرا و ئاڕاستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان کرا، بەڵام سەرۆکایەتی پەرلەمان نەیخستە بەرنامەی کارەوە، حکومەتی هەرێمی کوردستانیش هیچ هەماهەنگییەکی نەکرد".

ئەوە لەکاتێکدایە، د. سەباح زێباری، سەرۆکی لیژنەی تەندروستی و ژینگە و مافی بەکاربەر لە پەرلەمانی کوردستان رەتیدەکاتەوە، بە رەسمی هیچ پڕۆژەیەکیان پێشکەشکردبێت، بەڵام دەڵێت، بە زارەکی بە حکومەتیان وتووە، "ئاگاتان لە قوربانیدانی پێشمەرگە ونەکان (خۆبەخشەکان) بێت".

ئاماژە بەوەشدەکات، "لەساڵانی 2016 و 2017دا کەمترین کەس لە کەرتی تەندروستی دامەزراون، لەگەڵ وەزارەتی تەندروستی هەماهەنگییان دەستپێکردووە، کە ئەو خۆبەخشانەی لەبەشەکانی کیمیایی، بایۆلۆجی، پەرستاری، سڕکردن. لەماوەی روبەڕبونەوەی کۆرۆنادا بە خۆبەخشی کاریان کردووە، بۆ ماوەی چەند ساڵێک و بۆ فراوانکردنی مەودای ئەزمونیان بە گرێبەست دابمەزرێن".

لوقمان وەردی، پێیوایە، "وەستاندنی دامەزراندن لە کەرتی تەندروستی هەڵەیە، ئەگەر لە کەرتەکانی دیکە حکومەت دەرگای دامەزراندن نەکاتەوە بەڵام نابێت لە کەرتی تەندروستی دامەزراندن بوەستێت".

لە ئەنجامی خانەنشین بون، مردن و رۆشتن و مۆڵەتی بێ موچە، لە سەرەتای قەیرانی داراییەوە تا 2022 نزیکەی حەوت هەزار راژە بۆشایی لە میلاکاتی کەرتی تەندروستیدا دروستکردووە، بۆ ئەمەش لیژنەی تەندروستی داوایکردوە گرێبەستەکان بکرێنە هەمیشەیی و خۆبەخشەکان بکرێنە گرێبەست.

ئەگەری رۆڵی خۆبەخشەکان نەبوایە کەرتی تەندرستی لە سەردەمی روبەڕوبونەوەی کۆرۆنادا پەکیکەوتبوو

وەردی دەڵێت، "خۆبەخشەکان رۆڵێکی یەکجار گەورەیان بینیوە لە روبەڕبونەوەی کۆرۆنا، ئەگەری رۆڵی خۆبەخشەکان نەبوایە کەرتی تەندرستی لە سەردەمی روبەڕوبونەوەی کۆرۆنادا پەکیکەوتبوو، ئەوەش بەهۆکاری ئەوەی لەلایەن کارمەند و پزیشکانەوە، پابەندبونێكی ئەوتۆ بە دەوامەوە نەبووە، زۆرێک لەو نەخۆشخانانەی کە ئێمە دەچین سەردانمان دەکرد، لەلایەن خۆبەخشەکانەوە بەڕێوەدەبران".

 

لێشاوی دەرچوون مەودای کاری خۆبەخشی فراوان دەکات

لە پارێزگای سلێمانی، کە شانۆ و هاوپیشەکانی کاری خۆبەخشی تیا كردووە، نۆ هەزار دامەزراوی کەرتی تەندروستی هەیە، هەروەها 12 هەزار دەرچووی دانەمەزراو هەیە. بەپێی داتای سەندیکای کارمەندانی تەندروستی لە سلێمانی، "تائێستا پێنج هەزار کەس بەڕێژەی جیاواز کاری خۆبەشییان کردووە".

هاوژین عوسمان، سەرۆکی لقی سلێمانی سەندیکاکە، پێیوایە هیچ هەماهەنگییەک لەنێوان وەزارەتی خوێندنی باڵا و وەزارەتی تەندروستی نییە، بەو هۆکارەش پلانی زیادکردنی کورسی وەرگرتن لە بەشە زانستییەکانی تەندروستی هەڵاوسانی دروستکردووە. تۆمەتباریشیان دەکات بەوەی  بۆ بازاڕی تەندروستی ناگەڕێنەوە.

بەپێی داتای سەندیکاکە، "دەرچووانی ئەمساڵ (2022) و ساڵی ئایندە (2023)" دەبێتە دوو هێندەی ڕێژەی سەرجەمی دامەزراوانی کەرتی تەندروستی لە سلێمانی و دەرچووانی دانەمەزراو لە سلێمانی دەبنە 18 هەزار کەس، تایبەت لە بەشەکانی (پەرستاری، دەرمانساز، سڕکردن، ددان).

زۆرینەی خۆبەخشانی کەرتی تەندروستی بۆ ئەزمون و ئەگەری دامەزراندن، کاری خۆبەخشی دەکەن، بەهۆکاری ئەوەی ئەولەویەت بۆ ئەوان بێت. لوقمان وەردی، پێیوایە ئەو پاساوانەی وەزارەتی تەندروستی بۆ دانەمەزراندنی خۆبەخشەکان دەیهێنێتەوە، لەلای ئەو جێگەی باوەڕ نین.

دەشڵێت، "دۆخی ئێستای دارایی حکومەتی هەرێمی کوردستان باشە، ئەو خۆبەخشانەش لە روبەڕوبونەوەی کۆرۆنادا رۆڵێکی گەورەیان گێڕاوە و دەبێت بە دامەزراندنیان پاداشت بکرێن".

بۆشایی کەرتی تەندروستی وایکردووە پەنا بۆ خۆبەخش لە ناوەندەکانی تەندروستی ببرێت، هاوژین عوسمان، رەتیدەکاتەوە ئەوان بەزۆر داوایان لەخەڵک کردبێت کاری خۆبەخشی بکات، دەشڵێت "پارەی هاندان و گرێبەستی کاتی دوو ڕێگە بون کە ئەوان مامەڵەیان لەگەڵ دانەمەزراوان پێکردووە، بەڵام ئەم پرۆسانە بەردەوام نەبوون".

"لەو بەش و نەخۆشخانانەی کە داهاتیان هەیە، هەوڵمانداوە بەشێک لەخۆبەخشەکانمان جێگیربکەین و داوامانکردووە، نەخۆشخانە ئەهلییەکانیش سەدا 80ی کارمەندانیان خۆبەخش و دانەمەزراوەکان بن".

شانۆ ئەوەی لە توانایدابێت كردی، لە تەنگانەدا فریای حكومەت و كۆمەڵگەكەی كەوت كاتێك كۆرۆنا تەنگی بە هەموان هەڵچنیبوو، هەر بەو هۆشەوە ئازیزترین كەسی لەدەستدا. بەڵام پرسیارەكە ئەوەیە ئایا چۆن حكومەت مامەڵەی دروست لەگەڵ هەزارن كەسی هاوشێوەی شانۆدا دەكات. 

تێبینی: ئەم بەدواداچونە لەلایەن رۆژنامەنوس ئەحمەد مستەفا بەرهەمهێنراوە، لە چوارچێوەی پڕۆژەی (Rooted in Trust) كە لەلایەن رێکخراوی (ئینتەرنیوز) و بە هاوبەشی (كەركوك ناو) جێبەجێدەكرێت.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT