راكان سەعید دەڕوات یان دەمێنێتەوە؟
كارنامەی حكومەت بە چەند قۆناغێك پۆستە بەوەكالەتەكان یەكلاییدەكاتەوە

بەردەم بارەگای فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەكانی كەركوك فۆتۆ: شوان نەوزاد

كەركوك ناو

حكومەتی نوێی عیراق بڕیاریداوە پۆستە وەكالەتەكان لەنێویاندا پارێزگارەكان بەچەند قۆناغێك یەكلاییبكاتەوە، ئەوەش بەپێی كارنامەی حكومەتی نوێی عیراق كە شەوی 27ی تشرینی یەكەم لە پەرلەمان پەسەندكرا. بەپێی كارنامەكە لە ماوەی شەش مانگی تەمەنی حكومەتدا پۆستە بەوەكالەتەكان یەكلاییدەكرێنەوە.

لە شەوی رابردووەوە (یەكی تشرینی دووەم) دەیان پەیج و دەزگای میدیایی هەواڵی مانەوەی راكان سەعید، پارێزگاری كەركوكیان بەوەكالەت لە پۆستەكەی بڵاوكردەوە، گوایا ئەنجومەنی وەزیران بە دەنگدان یەكلاییكردۆتەوە، بەڵام ئەو پرسە (مانەوە و لابردنی پارێزگارە بەوەكالەتەكان)، بەپێی كارنامەی حكومەت پێویستی بەچەند قۆناغێك هەیە كە لانیكەم شەش مانگ دەخایەنێت.

لە كارنامەی محەمەد شیاع سودانی-دا كە پەرلەمانی عیراق پەسەندیكردووە، بەشێكی تایبەتە بەو خاڵانەی كە كوتلە سیاسییەكان لەسەری رێكەوتون و لە دوو بەشی جێبەجێكردن و یاسادانان پێكهاتووە.

لە یەكێك لە خاڵەكانی بەشی یەكەمدا، دەڵێت "چارەسەری بەڕێوەبردنی دامەزراوەكانی دەوڵەت دەكەین كە بەوەكالەت بەڕێوەدەبرێن، ئەوەش لە ماوەی شەش مانگ دوای پێكهێنانی حكومەت و بە سێ قۆناغ رەوانەی پەرلەمانی دەكەین تا دەنگی لەسەر بدرێت. بەلەبەرچاوگرتنی بەدیهێنانی هاوسەنگی نیشتیمانیی لە دامەزراوەكاندا".

لە خاڵێكی تردا دەڵێت "سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران لەگەڵ دەستبەكاربونیدا لیژنەیەك پێكدەهێنێت بۆ هەڵسەنگاندنی چالاكی (پارێزگارە بەوەكالەتەكان) و گرتنەبەری رێكاریی یاسایی و ئیداری دەرهەق بەوانەی دەردەكەوێت كەمتەرخەمبون و گەندەڵ بون... سەرۆك وەزیران دەسەڵاتی هەیە بە گرتنەبەری بڕیاری ئیداریی گونجاو بۆ ئیدارەدان و بەڕێوەبردنی ئەو پارێزگایانە".

لیژنەیەك پێكدەهێنێت بۆ هەڵسەنگاندنی چالاكی (پارێزگارە بەوەكالەتەكان) و گرتنەبەری رێكاریی یاسایی و ئیداری دەرهەق بەوانەی دەردەكەوێت كەمتەرخەمبون و گەندەڵ بون

هەر بەپێی ئەو خاڵە "پێویستە كارەكانی لیژنەكە لە ماوەی سێ مانگ لە دوای پێكهێنانییەوە تەواوبكات".

بەو پێیەش بێت پرسی مانەوە و لابردنی راكان سەعید، لە پۆستی پارێزگاری كەركوك بەوەكالەت، پێویستی بە شەش مانگە، بڕیارەكەش كەوتۆتە سەر هەڵسەنگاندنی ئەو لیژنەیەی كە بڕیارە محەمەد شیاغ سودانی پێكیبهێنێت بۆ هەڵسەنگاندنی چالاكی پارێزگارەكان.

لە بەشی دووەمی كارنامەی حكومەتدا (بەشی یاسادانان)، یەكێك لە خاڵەكان تایبەتە بە ئەنجامدانی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك لە هەمان ئەو بەروارەی كە دادەنرێت بۆ هەڵبژاردنی هەموو ئەنجومەنی پارێزگاكان، ئەوەش بەپێی یاسایەكی بەكار كە پێویستە لە ماوەی ساڵێك لە پێكهێنانی حكومەت تێنەپەڕێت.

سەرۆك وەزیرانی عیراق، سێشەممە 2ی تشرینی دووەم، لە دوای كۆبونەوەی ئەنجومەنی وەزیران و لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا وتی "ئێمە ئامادەین بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان، كە لە مانگی تشرینی یەكەمی ساڵی داهاتوو (2023) تێنەپەڕێت، لەبەر بونی بۆشایی و پێشلكاریی دەستور".

هەرچەندە سەرچاوەیەك لە ئیدارەی كەركوك، بۆ (كەركوك ناو)، جەختیكردەوە كە راكان سەعید، تا هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان لە پۆستەكەی دەمێنێتەوە، بەڵام كارنامەی حكومەتی سودانی رێگاكانی پڕكردنەوەی پۆستە بەوەكالەتەكانی بەشێوەیەك تر رونكردۆتەوە.

dangdan-kirkuk-2
كەركوك/ 10ـی تشرینی یەكەمی 2021/ راكان جبورى، پارێزگاری كەركوك و كاندیدی هاوپەیمانی عەرەبی لە كەركوك لەكاتی دەنگداندا بۆ پەرلەمانی عیراق فۆتۆ: پەیجی ناوبراو لەفەیسبوك

هەر لە كۆنگرەكەدا سودانی دەڵێت لە هەفتەی چوارەمی تەمەنی حكومەتەكەیدا (ئێستا هەفتەی یەكەمە) گفتوگۆی كارنامەی حكومەتەكەمان دەكەین و جێگیری دەكەین، "تا دەستبكەین بە هەڵسەنگاندنی وەزارەتەكان، پارێزگاكان و هەموو لایەنێكی پەیوەندیدار".

ئەوەش لەكاتێكدایە، بەپێی زانیارییەكانی (كەركوك ناو)، لایەنی كوردی و توركمانی هەوڵی جددی دەدەن بۆ لابردن و گۆڕینی راكان سەعید و وەرگرتنی پۆستەكە بۆ خۆیان، لە زوترین كاتدا.

بەپێی یاسا، هەڵبژاردنی پارێزگار؛ تەنیا لە دەسەڵاتی ئەنجومەنی پارێزگاكاندایە، بەڵام نزیكەی سێ ساڵە و لە كۆتایی 2019ەوە بە بڕیاری پەرلەمان كاری ئەنجومەنی پارێزگاكان كۆتایی پێهێنراوە.

لە بڕگەی حەوتەمی ماددەی 7ـی یاسای پارێزگا نەبەستراوەكان بە هەرێم ژمارە 21ـی ساڵی ـ2008ـدا هاتووە "ئەنجومەنی پارێزگا بە زۆرینەی رەها (نیوە كۆ یەك)ـی ئەندامانی دەتوانێت پارێزگار و جێگرەكانی هەڵدەبژێرێت".

پێشتر لەتیف شێخ مستەفا، پسپۆڕی یاسای دەستوری بە (كەركوك ناو)ـی وت "لەروی یاساییەوە هەر دەبێت ئەو پۆستە لەلایەن ئەنجومەنەكانەوە پڕبكرێتەوە" بەڵام زیاتر رونیكردەوە "بۆ ئەوەی پۆستەكە بەتاڵ و چۆڵ نەبێت، بەپێی ئەمری واقیع سەرۆك وەزیران دەتوانێت یەكێك تەكلیف بكات جا بەڕێوەبەری پۆلیس بێت یان جێگری پارێزگار بۆ بەڕێوەبردنی پۆستی پارێزگار، ئەوەش بەپێی ئەمری واقیع نەك یاسا، چونكە بەپێی یاسا لە دەسەڵاتی سەرۆك وەزیرانیشدا نییە".

بۆ ئەوەی پۆستەكە بەتاڵ و چۆڵ نەبێت، بەپێی ئەمری واقیع سەرۆك وەزیران دەتوانێت یەكێك تەكلیف بكات جا بەڕێوەبەری پۆلیس بێت یان جێگری پارێزگار بۆ بەڕێوەبردنی پۆستی پارێزگار، ئەوەش بەپێی ئەمری واقیع نەك یاسا،

ئەنجومەنی شورای دەوڵەت، ساڵی 2019 و دوای كۆتاییپێهێنانی كاری ئەنجومەنی پارێزگاكان، لە وەڵامی پرسیارێكی پەرلەمانی عیراقدا دەڵێت لە نەبونی ئەنجومەنەكاندا، پارێزگار دەتوانێت دەستلەكاركێشانەوەی رادەستی سەرۆك وەزیران بكات، هەر ئەویش كەسێكی دیكە بۆ بەڕێوەبردنی پۆستەكە رادەسپێرێت.

راكان سەعید جبوری، لە كۆتایی تشرینی دووەمی 2017ەوە، بە بڕیاری حەیدەر عەبادی، سەرۆك وەزیرانی عیراق، پۆستی پارێزگاری كەركوكی بەوەكالەت وەرگرت، دوای ئەوەی نەجمەدین كەریم، پارێزگاری پێشوو بە بڕیاری پەرلەمان لادرا.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT