بەناز فاروق (22 ساڵ)، ئەو ژنەی لە ناوەڕاستی مانگی رابردوو لە روداوێكی تەمومژاویدا لە كەركوك سوتا، بەپێی وتەكانی لە پۆلیسی كەركوك وتویەتی "خۆم سوتاندووە"، بەڵام كاتێك هێنراوەتە نەخۆشخانەی ئیمرجنسی سلێمانی وتەكانی گۆڕیوە و بە پۆلیسی وتوە "خەسوم سوتاندومی".
بەناز فاروق دانیشتووی گەڕەكی پەنجا عەلی، نۆ مانگە هاوسەرگیری كردووە و دوو گیانە، لە 15ی تشرینی یەكەمی ئەمساڵ، گەیەنرایە نەخۆشخانەی ئازادی كەركوك بۆ وەرگرتنی چارەسەر.
بەپێی راپۆرتی پزیشكی نەخۆشخانەی ئیمرجنسی سلێمانی، بەناز لەسەدا 75ی جەستەی سوتاوە و لەژێر چاودێریدایە. تائێستا تەنیا لەسەدا 15ی سوتاوییەكەی چارەسەر بووە.
موقەدەم عامر شوانی، وتەبێژی پۆلیسی كەركوك، لە لێدوانێكیدا بۆ (كەركوك ناو) وتی "بەپێی لێکۆڵینەوەکانی ئێمە دەركەوتووە بەناز خۆی بەنزینی بەخۆیدا كردووە و خۆی سوتاندووە"، بەبێ ئەوەی هیچ زانیارییەكی تر ئاشكرابكات.
بەپێی لێکۆڵینەوەکانی ئێمە دەركەوتووە بەناز خۆی بەنزینی بەخۆیدا كردووە و خۆی سوتاندووە
لەگەڵئەوەشدا پۆلیسی كەركوك بە بڕیاری دادوەر و بەپێی ماددەی 408 لە یاسای سزادانی عیراقی، هاوسەری بەنازی دەستگیركردووە و لە ئێستادا لەژێر لێكۆڵینەوەدایە.
لە ماددەی 408ـی یاسای سزادانی عیراقیدا هاتووە هەر كەسێك یەكێكی هاندابێت بۆ خۆكوشتن یان بە هەر رێگایەك هاوكاری كردبێت بۆ خۆكوشتن، ئەوا سزای تا حەوت ساڵ زیندانی حوكمدەدرێت، بەڵام ئەگەر كەسەكە گیانلەدەستنەدات ئەوا كەسی هاندەر بە (حبس) سزادەدرێت.
كەسوكاری بەناز لە بنكەی پۆلیسی عروبە لە كەركوك سكاڵایان لەدژی هاوسەری بەناز تۆماركردووە و لەگەڵ گواستنەوەی بەناز بۆ سلێمانی، جەختدەكەنەوە لەوەی كچەكەیان لەلایەن "خەسویەوە سوتێنراوە". بەڵام خەسووی لەڕێی میدیاكانەوە هەموو ئەو هەواڵانەی رەتكردۆتەوە.
سەرکەوت ئەحمەد، وتەبێژی پۆلیسی سلێمانی رەتیكردەوە وتەكانی بەناز بۆ میدیا ئاشكرابكات، هەرچەندە جەختیكردەوە كە تیمەكانیان بەدواداچونی تەواویان بۆ وروداوەكە كردووە.
"لەئێستادا ناتوانین وەڵامى ئەو پرسیارە بدەینەوە کە چۆن بەناز سوتاوە، هەموی لەناو دۆسییەی لێكۆڵینەوەكانماندا هەیە، بەڵام روداوەكە و كەیسەكە لە كەركوكەوە و لە سلێمانی نییە"، سەركەوت زیاتر وتی "ناتوانین ئەوەش رونبكەینەوە ئایا ئەو ژنە وتەكانی لە كەركوك چۆن بووە و لە سلێمانی چی گۆڕیوە".
بەڵام بەپێی زانیارییەكانی (كەركوك ناو)، كە لەسەرچاوەی تری ئەمنییەوە وەریگرتووە، بەناز وتەكانی گۆڕیوە و لە سلێمانی خەسوو و مێردەكەی خۆی تۆمەتباركردووە بە سوتاندنی. هەر بۆیە كەسوكارەكەی داوایانكردووە كەیسەكەی بۆ سلێمانی بگوازرێتەوە.
بەناز كە هاتۆتە سلێمانی خەسوو و مێردەكەی خۆی تۆمەتباركردووە بە سوتاندنی
بەڵام خەسوی لەچەند رۆژی رابردودا چەند جارێك جەختیكردۆتەوە كە ئەو "خەوتووە" كاتێك لە دەنگی بوكەكەی خەبەری بۆتەوە و "دەركەوتووە ئاگری لە خۆی بەرداوە".
سەركەوت ئەحمەد لەبارەی ئەوەی ئایا هیچ هەماهەنگییەكیان لەگەڵ پۆلیسی كەركوكدا هەیە بۆ گەیشتن بەڕاستی روداوەكە، وتی "هیچ هەماهەنگییەكمان نییە، ئەوەی هەیە لەسەر ئاستی هەردوو وەزارەتی ناوخۆی حكومەتی هەرێم و فیدراڵدایە".
لەسەر ئەو كەیسە، قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆكی حكومەت، بەشى جێندەری نوسینگەكەی راسپاردووە بەدواداچونی تەواو بۆ ئەو كەیسە بكات.
ئاشتى عەبدوڵا، لە بەشی جێندەری نوسینگەی جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان، بە (كەركوك ناو)ی وت "لەسەر داواى ژنە سوتاوەکە و خێزانەکەى كە لە راگەیاندنەكانەوە داوای هاوكارییان كرد، بەڕێوەبەرایەتی بەرەنگاربونەوەی توندوتیژی خێزانیمان راسپارد بەزوترین کات ئاسانکاریى بکرێت و سەردانى ژنە سوتاوەکە و کەسوکارى بکەن، داوامانكردووە بە یاسا كار لەو كەسیەدا بكرێت".
تەنیا لە سەرەتای 2022ـەوە تا كۆتایی مانگی ئابی هەمان ساڵ؛ 190 كەس بەهۆی سوتان و خۆسوتاندنەوە رەوانەی نەخۆشخانەی سوتاوی كراون كە بەشێكە لە نەخۆشخانەی ئازادی شاری كەركوك، لەو ژمارەیە 29 كەسیان بەهۆی بەرزی رێژەی سوتاوییەوە گیانیانلەدەستداوە، لە كۆی ژمارەكەش تەنیا پێنجیان لەرەگەزی نێر بون و ئەوانیتر مێ بون، بەپێی ئامارێكی رەسمی كە (كەركوك ناو) دەستی كەوتووە.
لە تەواوی ساڵی 2021ـدا لەو نەخۆشخانەیە 242 حاڵەتی سوتان و خۆسوتاندن تۆماركراوە، لەو ژمارەیە 62 كەسیان گیانیانلەدەستداوە و تەنیا سێ كەسیان لە رەگەزی نێر بووە.