ڤاکسین وەرناگرن و كارتی ڤاكسینیان لە گیرفاندایە

كفری/ یەكی نیسانی 2021/ وەرگرتنی ڤاکسین لەلایەن کارمەندێکی تەندروستییەوە لە سەنتەری ڤاکسینی کۆرۆنا. فۆتۆ: سامان کەریم

سامان کەریم

هەژار قادر (51 ساڵ)، هاوڵاتییەکى دانیشتوى قەزاى کفرییە لە ئیدارەى گەرمیان و کارمەندى یەکێک لە فەرمانگەکانى حکومەتە؛ بڕى 60 هەزار دینارى داوە لە بەرامبەر ئەوەى کارتێکى وەرگرتنى هەردوو ژەمى ڤاکسینى (کۆڤید١٩)ى بۆ بەدەستبخەن. ئەو كارتەكەی دەستكەوت، لەكاتێكدا هیچ ژەمە ڤاكسینێكی وەرنەگرتووە.

ئەو فەرمانبەرەى حکومەت کە بەهۆى مەترسى (سزادانى) نەیویست ناوەکەى ئاشکرابکات وتى "بڕوام بە وەرگرتنى ڤاکسین نییە و پێموایە زیانى بۆ تەندروستیم دەبێت. بۆیە، ئامادەنیم وەریبگرم. لەبرى ئەوەش، بە پارە کارتەکەم کڕیوە. چونکە، حکومەت بڕیاریداوە ئەو فەرمانبەرەى کارتى ڤاکسینى نەبێت، لێپێچینەوەى لەگەڵ بكات''.

ئێستا هەژار بەو کارتى ڤاكسینە مامەڵەكانی خۆی بە بێكێشە راییدەكات.

هەژار، تەنها کەسێک نییە ئەو کارەى کردبێت. بەڵکو، لە سنورى ئیدارەى گەرمیاندا سەدان هاوڵاتی و فەرمانبەرى حکومەت لەڕێى چەند کەسێکەوە و بەپارە کارتى ڤاکسین لە پارێزگاى سەڵاحەدین و کەرکوک و دیالە بەدەستدەخەن.

سازان محەمەد (24 ساڵ)، فەرمانبەرى بەگرێبەست دامەزراوە لە ناوەندێکى ئەکادیمى گەرمیاندا. بە بڕى 100 هەزار دینار کارتەکەى لە کەرکوک کڕیوە.

''ترسم لە وەرگرتنى ڤاکسین هەیە و كڕینی كارتەكەش هیچ كێشەیەكی بۆ دروستنەكردوم... کارتەکەم رەسمییە و لە وەزارەتى تەندروستی تۆمارکراوە"، سازان وایوت.

بەبێ وەرگرتنی ڤاكسین، کارتی ڤاكسینم دەستكەوتووە، كارتەكە رەسمییە و لە وەزارەتى تەندروستی تۆمارکراوە

بابەتى بازرگانیکردن بە کارتى ڤاکسینى (کۆڤید19)ەوە لەگەرمیان بڵاوە. بەڵام، هیچ لایەنێکى حکومەت خۆى لێ ناکاتە خاوەن و دەڵێن ''بابەتەکە تەنیا دەنگۆیە و کەیسێک بەو بابەتە تۆمارنەکراوە''.

عەباس عەبدولعەزیز، جێگرى بەڕێوەبەرى گشتی تەندروستیی گەرمیان رایگەیاند، ئەوانیش گوێیان لەوە بووە کە خەڵک لە ناوچەکانى دوزخورماتوو لە پارێزگاى سەڵاحەدین و کەرکوک کارتى ڤاکسین بە پارە پەیدادەکەن. بەڵام، هیچ شتێکى رەسمى نییە و دۆسییە لەبەردەستدا نییە.

''سیستمى تۆمارکردنى کارتى ڤاکسین لە هەرێمى کوردستان و پارێزگاکانى عیراق جیاوازە. هەر کەسێک لەو ناوچانە ناوى تۆماربکرێت، لاى ئێمە دەرناکەوێت و بەپێچەوانەشەوە هەر راستە'"، جێگرى بەڕێوەبەرى گشتى تەندروستى گەرمیان دانى بەوەشدا نا، کە چەندین کەس ویستیانە لە گەرمیاندا بەبێ وەرگرتنى ڤاکسین کارتەکەیان پێبدرێت. بەڵام رێگەیان پێنەدراوە.

santari vaccin
كفر/ 16ی ئایاری 2021/ چاوەڕوانی ھاووڵاتیان بۆ وەرگرتنی ڤاکسین-سەنتەری ڤاکسینی کۆرۆنا لە کفری.
فۆتۆ: سامان کەریم

ئیسماعیل حەسەن (ناوى باوکى خوازراوە)، هاوڵاتییەکى دانیشتوى قەزاى خورماتووە لە پارێزگاى سەڵاحەدین. ئەو ئاشکراى کرد تا ئێستا چەندین کارتى ڤاکسینى بۆ خەڵک دەرکردووە و بە پارە فرۆشتویەتی.

ئەو هاوڵاتییە لەبارەى شێوازى پرۆسەى دەرهێنانى کارتى ڤاکسینى (کۆڤید١٩) بە پارە و بەبێ وەرگرتنى پێکوتەکە؛ وتى ''کەسێک دەدۆزینەوە کە خزم و ناسیاوى خۆمان بێت، دەیبەین بۆ یەکێک لە بنکەکانى تەندروستیی و لەگەڵ ئەو کارمەندەى ڤاکسینەکە لێدەدات، پێشتر رێککەوتوین؛ لەبرى ڤاکسین، ئاو دەکاتە ناو سرنجەکەوە و نایخاتە ناو لەشى کەسەکەوە. یان، هەر ڤاکسینەکە دەخاتە ناو سرنجەکە و لەبرى قۆڵى کەسە، دەیڕێژێتە زەوى''.

ئیسماعیل ئەوەشى راگەیاند ئەو کارمەندى تەندروستییەى کارەکە دەکات، "بڕێک پارەى پێدەدەین. گەرەنتى ئەوەش دەکات کە ناوى ئەو کەسەى کارتەکەى بۆ دروستدەکرێت، لە سیستمى وەزارەتى تەندروستى عیراق تۆمار بکرێت و هەرکاتێک ویستى، بکرێت بە پێناسى تایبەتیش بۆی".

تەندروستى پارێزگاى سەلاحەدین ئەوە رەتدەکاتەوە، کە لەبنکە تەندروستییەکانى سنورى ئەو پارێزگایەدا بازرگانى بەکارتەوە کرابێت. جێگرى بەڕێوەبەرى گشتى تەندروستى سەڵاحەدین رایگەیاند؛ هەر بنکەیەکى کوتانى ڤاکسین زیاتر لە کارمەندێکى تیایە و چەند فلتەرێکیش هەیە بۆ ئەوەى کەسێک ڤاکسین وەربگریت و ببێتە خاوەنى کارتەکە.

دکتۆر ئەحمەد عەلى، جێگرى بەڕێوەبەرى گشتى تەندروستیی سەلاحەدین کە لەهەمانکاتدا بەڕێوەبەرى نەخۆشخانەى گشتى دوزخورماتووە وتى "ئێمەش ئەو بابەتەمان گوێ لێبووە. بەڵام، بەدواداچونمان کردووە و نەمانتوانیوە بەڵگەمان دەستبکەوێت".

ئێمەش ئەو بابەتەمان گوێ لێبووە. بەڵام، بەدواداچونمان کردووە و نەمانتوانیوە بەڵگەمان دەستبکەوێت

ئەوەشى ئاشکراکرد لاى ئەوان بەشى پشکنین هەیە و بۆ ئەو کارانە لێپێچینەوەى قورس هەیە. وتیشى "لە هەموو بنکەکانى تەندروستیدا کامێراى چاودێریمان داناوە بۆ رێگرتن لەو بابەتانە".

بەڵام، ئیسماعیل حەسەن کە خۆى چەند جارێک لە دوزخورماتوو کارتى ڤاکسینى بە پارە دەرکردووە، دەڵێت "مەبەست لەوەى کە ئێمەش کەسێکى خۆمان دەبەین و گوایا ڤاکسینەکەى لێدەدرێت، بۆ هەڵخەڵەتاندنى کامێراکانە".

ئامارێکى رەسمى لەبەردەستدا نییە کە ژمارەى ئەو کەسانەى لەناوچەکانى گەرمیاندا بەو رێگایە کارتى ڤاکسینى (کۆڤید١٩)یان دەستخستووە، چەندە. بەڵام بەپێى ئامارە ناڕەسمییەکان زیاترە لە هەزار کەس.

3-7
وێنەی كۆمەڵێك نامەی وەزارەتی تەندروستی بۆ هاوڵاتیان، كە تیایدا نوسراوە خۆتان كوتاوە، بەبێ ئەوەی ڤاكسینیان وەرگرتبێت، لەگەڵ نمونەیەكی داخلكردنی داتا و زانیاریی ئەو هاوڵاتییانە لە ناوەندێكی تەندروستی ناوچەی رەسافەی بەغدا.

ئەوانەى بەم رێگایە کارتەکە دەستدەخەن، زۆرینەیان فەرمانبەرى دەوڵەتن، یان ئەو کەسانەى بەمەبەستى گەشتى وڵاتان پێویستیان بە کارتى ڤاکسینە و نایانەوێت بە رەسمى لەگەرمیاندا دەریبهێنن.

ئەم بابەتە زیاتر دواى بڕیارێک پەرەیسەند کە حکومەت هەموو فەرمانبەرانى ناچارکرد کارتى ڤاکسینیان هەبێت. لیژنەى باڵاى ربەڕوبونەوەى کۆرۆنا بە بڕیارى ژمارە (٣١) لە  25ی تشرینی یەكەمی 2021 و ئەنجومەنى وەزیرانى هەرێمى کوردستانیش بە بڕیارى ژمارە (١١٨) لە 27ی هەمان مانگ هەموو فەرمانبەرانیان ناچارکرد کارتەکەیان هەبێت، بەپێچەوانەوە سزادەدرێن یان موچەکەیان پێنادرێت.

بەشێک لەو فەرمانبەرانە لەگەرمیاندا بەهۆى (ترس) و (نەبونى متمانە)یان بە وەرگرتنى ژەمەکانى پێکوتەى (کۆڤید١٩) پەنایان بردەبەر ئەوەى بە رێگاى نایاسایی و بە پێدانى بڕە پارەیەک کارتەکەیان دەستبخەن.

عەلى جەمال قەدورى، وتەبێژى بەڕێوەبەرایەتى پۆلیسى گەرمیان رایگەیاند، ئەوانیش ئاگادارى ئەم بابەتەن. بەڵام، کەیسى وایان لە پۆلیسدا نییە و دۆسییەکەش پەیوەندى بە ئاسایشەوە هەیە. چونکە بەپێى قسەى وتەبێژى پۆلیس ''هەر کەیسێک لە ناوچەکانى دەرەوەى ئیدارەى هەرێمى کوردستاندا روبدات، ئاسایش لێکۆڵینەوەى تیادا دەکات''.

لەبەرامبەردا ئاسایشى گەرمیانیش دۆسیەى بۆ ئەم بابەتە نەکردۆتەوە و بەدواداچونیشى بۆ نەکردووە.

عوسمان عەبدولکەریم، وتەبێژى بەڕێوەبەرایەتى ئاسایشى گەرمیان دەڵێت ''ئێمەش تەنها وەک بابەتێک بیستومانە و کەسى لەسەر دەستگیرنەکراوە. تەنانەت بەدواداچونیش نەکراوە. چونکە بەڕێوەبەرایەتى تەندروستى هیچ داوایەکى لەئاسایش نەکردووە کە بەدواداچون بۆ بابەتەکە بکات''.

بەپێى ئامارێکى نەخۆشخانەى قەڵاى تایبەت بە نەخۆشییە گواستراوەکان لە كەلار، لە تەواوی ناوچەی گەرمیاندا لە ماوەى یەک ساڵ و 10 مانگدا (حوزەیرانی 2020 تا نیسانی 2022) و 472 كەس بە نەخۆشى کۆرۆنا گیانیانلەدەستداوە.

تەشەنەکردنى کۆرۆنا لەم ناوچەیەدا مەترسى لەسەر ژیانى هەزاران کەس و خانەوادە دروستکرد. وەرنەگرتنى ڤاکسین و بەدەستخستنى کارتەکەى بەڕێگاى نایاسایى و مەترسییەکانى زیاتر دەکات.

دکتۆر ئەحمەد سەعدى، پزیشکى پسپۆڕى هەناوى و شارەزا لە ڤایرۆسى (کۆڤید١٩) ئەوە دوپاتدەکاتەوە کە ئەو کارە هەڕەشە لە تەندروستیی کۆمەڵگا دەکات.

''بەکارهێنانى تەنیا یەک ژەم لە ڤاکسین دەبێتەهۆى دروستبونى وەڵامدانەوەیەکى باش لەبەرگرى لەش''. هۆشداریش دەدات، "ئەوانەى ڤاکسین وەرناگرن مەترسى توشبونی سەختیان بە کۆرۆنا دەبێت".

ئەوانەى ڤاکسین وەرناگرن مەترسى توشبونی سەختیان بە کۆرۆنا دەبێت

ژمارەى ئەو کەسانەى لە گەرمیاندا بە رێگاى نایاسایى کارتى ڤاکسینیان وەرگرتووە، بەراورد بە ژمارەى ئەوانەى کە بە رێگاى یاسایی و دواى وەرگرتنى ژەمەکانى ڤاکسین کارتەکەیان پێدراوە، کەمترە.

بەپێى ئامارى بەڕێوەبەرایەتى گشتى تەندروستى گەرمیان لەماوەى یەکساڵ و حەوت مانگدا (ئاداری 2021 تا تشرنی یەكەمی 2022) و 77 هەزار و 200 كەس ڤاكسینیان وەرگرتووە، بەو پێیەش دەكاتە لەسەدا 19.3ی كۆی ژمارەی دانیشتووانی ناوچەكە.

لە تەواوی عیراقیش بەپێى ئامارەکانى وەزارەتى تەندروستى، تا کۆتایى مانگى ئەیلولى رابردوو لەسەدا 19.6ی كۆی ژمارەی دانیشتووان هەردوو ژەمی ڤاكسینیان وەرگرتووە.

بە وردبوونەوە لە ژمارەکانى دەستخستنى کارتى ڤاکسین بە ڕێگاى نایاسایى و بەبێ وەرگرتنى ڤاکسین و بەراورد بەو ئامارە؛ گومان دەخاتە سەر راست و دروستى ئەو رێژەیەى کە حکومەتى عیراق پشتى پێدەبەستێت!. چونکە، بڕێک لەو ژمارەیە ئەوانەن کە هیچ ژەمێکى ڤاکسینیان وەرنەگرتوە و ناویشیان لەناو سیستمى وەزارەتى تەندروستیدا تۆمار کراوە.

تێبینی: ئەم بەدواداچونە لەلایەن رۆژنامەنوس سامان كەریم بەرهەمهێنراوە، لە چوارچێوەی پڕۆژەی (Rooted in Trust) كە لەلایەن رێکخراوی (ئینتەرنیوز) و بە هاوبەشی (كەركوك ناو) جێبەجێدەكرێت.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT