سوپا و پەرلەمان لەسەر هێڵن
كەركوك: كێلانی نزیكەی 25 هەزار دۆنم زەوی رادەگیرێت

كەركوك/ تشرینی دووەمی 2020/ یەكێك لە كێڵگە كشتوكاڵییەكانی ناوچەی حەفتەغار لە قەزای داقوق فۆتۆ: كەركوك ناو

كەركوك ناو

جوتیارانی پێنج گوندی كوردنشین لە قەزای دوبز لە پارێزگای كەركوك ئاشكرای دەكەن كە سوپای عیراق، ئاگاداریكردونەتەوە نابێت زەوییەكانیان بكێڵن، بۆ ئەو مەبەستەش هەینی رابردوو چونەتە سەریان و لەكاتی كێڵاندا رێگرییان لە جوتیاران كردووە. ئەوەش بەهۆی بونی سكاڵا لەسەر زەوییەكان لەلایەن ژمارەیەك عەرەبی هاوردەوە.

بەپێی بەدواداوچونی پەیامنێرانی (كەركوك ناو)، كە ئەمڕۆ شەممە 5ی تشرینی دووەم چونە گوندەكانی سنوری ناحیەی سەرگەڕان لە قەزای دوبز، زەویی ئەو پێنج گوندە كە كێلان تێیاندا راگیراوە، نزیكەی 25 هەزار دۆنم دەبێت و دابەشبووە بە سەر گوندەكانی پەڵکانە، گابەڵەک، خەرابەڕوت، سەربەشاخ و شەناغە.

محەمەد ئیسماعیل، نوێنەری جوتیارانی سنوری ناحیەی سەرگەڕان، بە (كەركوك ناو)ی وت "سوپای عیراق هاتونەتە سەر گوندەكان و جوتیارانی هەر پێنج گوندەكەیان ئاگاداركردۆتەوە كە بەهیچ شێوەیەك ناتوانن زەوییەكان بكێڵن"، زیاتر وتی "ئێستا كێلان راگیراوە، لەكاتێكدایە پێشتر لەڕێی دادگاوە سەلماندومانە كە ئەمانە زەویی ئێمەن و گرێبەستە كشتوكاڵییەكانی جوتیارنی عەرەبمان هەڵوەشاندۆتەوە... ئەوانیش پارەی ماددەی 140ی دەستوری عیراقیان وەرگرتووە و چەند ساڵێكە كەركوكیان بەجێهێشتووە، بەڵام ئێستا ناوبەناو دەگەڕێنەوە و سكاڵایان تۆماركردووە".

ئەوەش لەكاتێكدایە، چەند رۆژێک لەمەوبەر، شاخەوان عەبدوڵا، جێگری دووەمی سەرۆکی پەرلەمانی عیراق، كە هاوكات یەكێكە لە نوێنەرەكانی پارێزگای كەركوك، جوتیارانی ئاگاداركردۆتەوە لەوەی كێشەكانیان چارەسەركراوە و دەتوانن بچن زەوییەكانیان بكێڵن، بەڵام هەینی 4ی تشرینی دووەم جارێكی تر سوپای عیراق چونەتە سەر جوتیاران و رێگرییان لێكردون.

kelan
كەركوك/ 5ی تشرینی دووەمی 2022/ كۆبونەوەی گوندنشیانی لە چاوەڕوانی چونی عەلی فرێجی، فەرماندەی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەكانی كەركوك، تا كێشەكانیان بۆ چارەسەر بكات. فۆتۆ: كەركوك ناو 

محەمەد ئیسماعیل وتی "جارێکی تر جێگری دووەمی سەرۆکی پەرلەمانی عیراقمان ئاگاداركردەوە، ئەویش لەگەڵ عەلی فرێجی، فەرماندەی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی کەرکوک گفتوگۆی کردووە، بۆ ئەوەی رێگریی نەكەن".

سوپای عیراق لە پارێزگای كەركوك بەشێكی دۆسییەی ئەمنی پارێزگاكەی لە ئەستۆیە و لەژێر فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەكاندا كاردەكەن.

بڕیاربوو فرێجی، ئەمڕۆ شەممە 5ی تشرینی دووەم سەردانی ئەو گوندانە بكات، بۆ كۆبونەوە و چارەسەركردنی ئەو پرسە، بەڵام تا ئامادەكردنی ئەم هەواڵە سەردانەكەی نەكردووە.

شکور نازم، جوتیارێكی تری ناوچەكە، وتی "لە دوای ساڵی 2003 گەڕاوینەتەوە سەر زەوییەكانمان، كاتێك ئەوكات گەڕاینەوە، جوتیارە عەرەبەكان ناوچەكەیان چۆڵكرد، ئەگەر موڵكی خۆیانە بۆ ئەوكات چۆڵیان كرد".

"كێشەكە تادێت گەورەتردەبێت، لێپرسراوانی عەرەب مەیلیان بەلای عەرەبدایە و كوردەكانیش مەیلیان بەلای كورد-دایە، پێویستە ئەم كێشەیە لە بنەڕەتدا چارەسەر بكرێت، پێموایە چارەسەری ئەم كێشەیە لەمكاتەدا تەنیا پارەیە نەك یاسا، ئەوان بۆ پارە وادەكەن، ئەگەر هەندێك پارەیان پێبدرێت چارەسەر دەبێت"، شكور نازم وایوت.

كێشەكە تادێت گەورەتردەبێت، لێپرسراوانی عەرەب مەیلیان بەلای عەرەبدایە و كوردەكانیش مەیلیان بەلای كورد-دایە

گەڕانەوەی بەشێك لەو عەرەبە هاوردانە كە گرێبەستی سەردەمی رژێمی بەعس بە سەرۆكایەتی سەدام حوسێن-یان پێیە، لەكاتێكدا هەر خێزانە و بڕی 20 ملیۆن دیناری وەرگرتووە بۆ گەڕانەوە بۆ زێدی خۆیان لە چوارچێوەی جێبەجێكردنی ماددەی 140ی دەستوری عیراق.

(كەركوك ناو) نەیتوانی لێدوان لە جوتیارە عەرەبەكان وەربگرێت و ئەمڕۆ شەممە 5ی تشرینی دووەم لە ناوچەكە نەبون،

گەڕانەوەی ئەو جوتیارە عەرەبانە بۆ سەر زەوییەكانیان كە پێشتر گرێبەستی كستوكاڵیان هەبووە، لەكاتێكدایە، وەزارەتی دادی عیراق، لە 23ی ئەیلول ی 2020ەوە بڕیارێكی ئاراستەی حەوت پارێزگای عیراق كرد لەنێویاندا كەركوك، تیایدا جەختدەكاتەوە لە راگرتنی كاركردن بە گرێبەستە كستوكاڵییەكانی سەردەمی دەسەڵاتدارێتی حزبی بەعس.بەڵام فەرمانگەی كشتوكاڵی كەركوك رەتیكردەوە پێوەی پابەندبێت.

زەوییە كشتوكاڵییەكانی كەركوك و چەند پارێزگایەكی تر، لە سەردەمی دەسەڵاتدارێتی حزبی بەعس، بەشێوەی گرێبەست بەسەر عەرەبی خواروو و ناوەڕاستی عیراقدا دابەشكران، تا روخانی رژێمی بەعس لە ساڵی 2003 مامەڵەیان پێوەدەكرا و دواتر بەجێیانهێشت.

لەو ساڵەوە جوتیارانی كورد زەوییەكان بەكاردەهێننەوە، تا دوای روداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەری 2017، كاتێك دەسەڵاتی حكومەتی ناوەند بۆ كەركوك گەڕایەوە و هێزە ئەمنییەكانی هەرێم لەناوچەكە كشانەوە، ناوبەناو ناكۆكی و كێشمەكێش لەسەر زەوییە كشتوكاڵییەكان دروستدەبێتەوە.

بەپێی زانیارییەكانی (كەركوك ناو) لە ئێستادا ژوری ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەكانی كەركوك و بەشێك لە نوێنەرانی كەركوك لە پەرلەمانی عیراق لە هەوڵدان بۆ دۆزینەوەی چارەسەرێك بۆ ئەو كێشەیە.

لە كۆی 42 گوندی كوردنشین لە سنوری ناحیەی سەرگەڕان لە قەزای دوبز تەنیا ئەو پێنج گوندە كێلانی زەوییەكانیان راگیراوە، لەكاتێكدا ئێستا وەرزی كێڵان و تۆو كردنە.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT