دادوەر قاسم محەمەد، سەرۆكی دادگای تێهەڵچونەوەی كەركوك ئاشكرايدەكات زۆرینەی دۆسیەكانیان لەسەر تیرۆرە و لە ئاستێكی بەرزدا لێكۆڵینەوەیان تیادا دەكرێت، بەدوای ئەویشدا، ماددە هۆشبەرەكان زۆرترین دۆسیەیان هەیە كە زیاتر لە 10 ساڵە لە تەشەنەسەندندایە.
وتەكانی ناوبراو لە دیدارێكدا هات كە سایتی ئەنجومەنی باڵای دادوەری لە عیراق بڵاویكردۆتەوە دەربارەی چەند پرسێك تایبەت بە كەركوك.
سەرۆكی دادگای تێهەڵچونەوەی كەركوك دەڵێت "لەگرنگترین ئەو دۆسیەیانەی دادگای تێهەڵچونەوەی فیدراڵی كەركوك راییاندەكات، دۆسیەكانی تیرۆرە، ئێستا لێكۆڵینەوە لەو دۆسیەیانە مەركەزییە و لە دادگای لێكۆڵینەوەی كەركوك دەكرێن، لەكاتێكدا پێشتر ئەو لێكۆڵینەوەیە لە دادگاكانی دەوروبەر دەكران".
ئەو رێكارە نوێیە لەبارەی دۆسیەكانی تیرۆرەوە، بە سەرپەرشتی "دادوەری بە ئەزمون و لێهاتوی بواری لێكۆڵینەوە" بەڕێوەدەبرێت، لە قۆناغی دواتردا رەوانەی دادگاكانی تاوانی كەركوك دەكرێن بەپێی شوێنی تاوانەكە و لەوێشەوە تائێستا چەندین حوكمی جیاواز لە (لەسێدارەدان، زیندانی هەتاهەتایی و زیندانی كاتی) بۆ تاوانەكانی تیرۆر دەركراون.
سەرباری تێپەڕینی چوار ساڵ بەسەر كۆتاییهاتنی داعش لە عیراق، تائێستاش هەفتانە كردەوەی توندوتیژی لە كەركوك و ناوچەكانی دیكەی جێناكۆك هەن، بەپێی راگەیەندراوی هێزە ئەمنییەكانیش، كەم رۆژ هەیە تۆمەتبار و داواكراوی ئەو رێكخراوە دەستگیرنەكرێن.
سەرۆكی دادگای تێهەڵچونەوەی كەركوك وتی "هەڵگرتن و بەكارهێنان و بازرگانیكردن بە ماددە هۆشبەرەكانەوە لەو دۆسیە گرنگانەیە دادگاكانی تاوانی كەركوك وردبینییان تیادا دەكەن، لە ریزبەندی دوەمدا دێت دوای دۆسیەكانی تیرۆر، تائێستاش چەندین حوكم بۆ بازرگاكانی ماددەی هۆشبەر و بەكارهێنانی دەكراون".
بەوتەی دادوەر قاسم محەمەد تاوانی ماددە هۆشبەرەكان لە تاوانە نوێیەكانە، بەوپێیەی تا پێش ساڵی 2003 نەبووە، لە ساڵانی دواتریشدا بەرچاو و بەربڵاو نەبووە، بەڵام لەدوای ساڵی 2010ـەوە ئەو دیاردەیە تەشەنەی سەند و دۆسیەكانی بون بە چەند هێندە.
"زۆربەی كات دۆسیەكانی ماددەی هۆشبەر تاكەكەسییە دژی ئەوانەی بازرگانی پێوەدەكەن یان بەكاریدەهێنن، بەڵام لە لێكۆڵینەوەكاندا سەلمێنراوە هەندێك باندی رێكخراو لە پشت دۆسیەكانەوەیە، بۆیە هاوكاری و هەماهەنگی لەنێوان هێزە ئەمنییەكان و دەسەڵاتی دادوەریدا هەیە تا بەرەنگاری ئەو دیاردەیە ببینەوە".
بەپێی ئامارەكانی پۆلیسی كەركوك تەنیا لە شەش مانگی یەكەمی ئەمساڵدا 170 كەس بە تۆمەتی بازرگانی و بەكارهێنانی ماددە هۆشبەرەكان لە پارێزگای كەركوك دەستگیركراون.
سەبارەت بە كێشەی زەوییە كشتوكاڵییەكانی كەركوك، سەرۆكی دادگای تێهەڵچونەوە دەڵێت بە یەكێك لە دۆسیە گرنگەكان دادەنرێت و پێشتر لە دەسەڵاتی دادگاكانی تایبەت بووە و دواتر رەوانەی دادگای بەرائی كراوە.
"یاسا و دادگا ئەو كێشەیە یەكلاییدەكەنەوە، زۆرێك لە هاوڵاتیان بە دانیشتوانی رەسەنی ئەو ناوچانەشەوە كە ساڵی 2003 دەركراون، لە هەموو پێكهاتەكان كە بەڵگەنامە و نوسراوی سەلماندنیان هەیە، توانیویانە گرێبەستە كشتوكاڵییەكانیان بەدەستبهێننەوە دوای ئەوەی لە دادگا سكاڵایان تۆماركردووە".
دادوەر قاسم محەمەد ئەوەشی رونكردەوە كێشە و سكاڵاكانی پەیوەست بە زەوییە كشتوكاڵییەكان، بابەتێكی كۆنە و دادگاكانی بەرائی لەسەر ئاراستە و راسپاردەی دادگای تەمییز بڕیارەكانی لەوبارەیەوە دەردەكات، "گرێبەستی كشتوكاڵی هەیە بە سڕكراوی دەمێنێتەوە، چونكە خاوەنی گرێبەستەكە لە دانیشتوانی كەركوك نین، بەڵام ئەوەی خەڵكی رەسەنی شارەكە بێت و رەگەزنامەی كەركوك بێت دەتوانێت ئەو سڕكردنە لابدات، بەڵام ئەگەر قەرەبوی وەرگرتبوو، ئەوكات شایستەی خۆی وەرگرتووە و ناتوانبێت سڕكردنەكە هەڵبگرێت".
ئەو گرێبەستە كشتوكاڵییانە وەك سەرۆكی دادگای تێهەڵچونەوە باسیكرد، پێشوتر كراون و بەپێی رێكارەكانی ماددەی 140ـی دەستور سڕكراون، بەڵام خاوەنی گرێبەستە سڕكراوەكان سكاڵا لە دادگاكان تۆماردەكەن تا سڕكردنەكە لابدرێت، بەپێی راسپاردەی دادگای تەمییزیش، هەر كەسێك خەڵكی پارێزگاكە بێت ئەوا هیچ پاساوێك نییە تا سڕكردنی گرێبەستەكەی هەڵنەگیرێت، بە مەرجێك قەرەبوی وەرنەگرتبێت لەبەرانبەر ئەوەی لە مافەكانی گرێبەستەكەی خۆشبێت.
بهپێی بڕیارهكانی ئهنجومهنی باڵای شۆڕش و لیژنهی كاروباری باكوری سهردهمی دهسهڵاتدارێتی حزبی بهعس، كه سهدام حسێن سهرۆكایهتی دهكرد، زهوییه كشتوكاڵییهكانی كورد له كۆتایی حهفتاكانی سهدهی رابردوو بهشێوهی گرێبهست بهسهر عهرهبی ناوهڕاست و خواروی عیراقدا دابهشكران، ئهوهش لهچوارچێوهی پرۆسهی تهعریب و راگواستنی خێزانه كوردهكان، لهگهڵ روخانی رژێمی بهعسیش له ساڵی 2003، كورد بۆ تهواوی زهوییه كشتوكاڵییهكانی گەڕایەوە.
بهڵام جوتیارانی عەرەب دەڵێن "بەڵگەنامەی بڕاوپێكراو"یان هەیە كە ئەوان خاوەندارێتی ئەو زەوییانە دەكەن، نەك كورد، بۆیە گەڕاونەتەوە ناوچەكە. لەنێو بەڵگەنامەكاندا ئاماژە بە گرێبەستی كشتوكاڵی دەكەن.
سەرۆكی دادگای تێھەڵچونەوەی كەركوك دەڵێت دۆسیەی تاوانەكانی دیكەی وەكو كوشتن، "كەمن لە پارێزگاكەدا" و لە دۆسیەكانی نەزاهەشدا تائێستا چەندین سزا دژ بە لێپرسراوان و فەرمانبەران دەركراون.
هەروەها وتی پارێزگاكە ئێستا پێكەوەژیانی تەواوەتی تێدایە و پەیوەندی نێوان پێكهاتەكان لەوپەڕی باشیدایە، بەپێچەوانەی ئەو تێڕوانینەی لە دەرەوەی پارێزگاكە بۆ كەركوك هەیە.
سەرۆكایەتی دادگای تێهەڵچونەوەی كەركوك؛ لە پارێزگاكەدا 10 دادگای هەیە كە چواریان لە حەویجە، پردێ و دوبزن.