پەرەگراف دوو سکاڵای یاسایی دەباتەوە

سورکێو محەمەد، سەرنووسەری ماڵپەڕی پەرەگراف و ئارام شێخ محەمەد، جێگری پێشووی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق

كەركوك ناو - پەرەگراف

سەرنووسەری پەرەگراف دوو سکاڵای یاسایی بردەوە کە ئارام شێخ محەمەد جێگری پێشووی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق لەسەری تۆمارکردبوو.

سکاڵاکان بە تۆمەتی "ناوزڕاندن" لە چەند ڕاپۆرتێکی ڕۆژنامەوانیدا تۆمارکرابوون کە بە بەڵگەوە لە ساڵی 2019ـدا بڵاوکرابوونەوە لەبارەی نەگەڕاندنەوەی ژمارەیەک ئۆتۆمبێل لەلایەن ئارام شێخ محەمەد بۆ دەوڵەت دوای تەوابوونی کارەکەی لە پۆستی جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق.

یەكشەممە 6ـی تشرینی دوەمی 2022 لە دووەم دانیشتنی دادگادا لەسەر ئەو سکاڵایانە، سورکێو محەمەد سەرنووسەری پەرەگراف و پارێزەرەکانی ئامادەبوون کە لەڕێکخراوی پەرەپێدانی دیموکراسی و مافی مرۆڤ (DHRD) و لە چوارچێوەی پڕۆژەی بەرگری لە ڕای ئازاد بە پاڵپشتی یەکێتی ئەوروپا ئەرکی پارێزەرایەتییان گرتبووە ئەستۆ.

لە دانیشتنەکەدا دادوەر بەپێی یاسای ڕۆژنامەگەریی تۆمەتی ڕوبەڕوی سەرنووسەری پەرەگراف کردەوەو ئەویش تۆمەتەکانی ڕەتکردەوە، پاشان داواکاری گشتی پاڵپشتی سەرنووسەری پەرەگراف و ئەو بەڵگەنامە فەرمییانەی کرد کە پێشکەشی دادگایکردوون و وتی، داوای ئازادکردنی دەکەین بەوپێیەی هیچ تەشهیرێکی نەکردووەو بەڵگەی پێویستی خستووەتەڕوو.

دواتر دادوەر بڕیاری دادگای ڕاگەیاند و بە سەرنووسەری پەرەگرافی وت "لەبەرئەوەی بەڵگەی پێویست نییە لەسەرت دادگا بڕیاریدا بە ئازادکردنت (افراج)".

سکاڵاکانی جێگری پێشووی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق لە ناوەڕاستی مانگی كانونی دوەمی 2020 لەسەر سەرنووسەری پەرەگراف تۆمار کرابوون، یەکەم دانیشتنی دادگا لەسەر ئەو سکاڵایانە لە ڕێکەوتی 14ـی حوزەیرانی 2022 بەڕێوەچوو، ڕۆژێک بەرلەو دانیشتنە سکاڵاکار وازهێناننامەی لە سکاڵاکانی پێشکەشی دادگا کردووە، بەڵام دادگا لە گرتنەبەری ڕێڕەوی یاسایی دۆسیەکە بەردەوام بوو تا رۆژی 6ـی تشرینی دوەمی ئەمساڵ بڕیاری یەکلاکەرەوەی تێدادرا.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT