بەشێك لە شۆفێرانی كەركوك ئۆتۆمبێلەكانیان لە بەنزینەوە بۆ غاز دەگۆڕن، بەهۆی كەمی تێچوی غاز لە بەرامبەر بەنزیندا. ئەوەش سەرەڕای بەردەوامی ترسیان لە لێكەوتەكانی، بەڵام هاتوچۆی كەركوك دڵنیایی دەدات و رێنمایی هەیە.
نرخی لیترێك بەنزینی بازرگانی لە جۆری نۆرماڵ لە كەركوك، لە ئێستادا 950 دینارە، بەڵام لە بەنزینخانە حوكمییەكاندا كە بڕەكەی هەفتانە بەپێی كۆبون دەدرێت بە شۆفێران 450 دینارە، لەكاتێكدا نرخی غاز، بۆ هەر لیترێك 200 دینارە.
ئەو جیاوازییە لە نرخی بەنزین و غاز، وایكردووە شۆفێران پەنا بۆ بەكارهێنانی غاز ببەن بۆ ئۆتۆمبێلەكانیان، بەتایبەت شۆفێرانی تەكسی، هەرچەندە پێشتر ئەزمونی هاوشێوەیان تاقینەكردۆتەوە.
هیوا محەمەد، شۆفێری تەكسییە و دانیشتوی شاری كەركوكە، یەكێكە لەو هەزاران شۆفێرەی ئۆتۆمبێلەكەی لە بەنزینەوە بۆ غاز گۆڕیوە، وتی "خۆم و هاوڕێیەكانمان پێكەوە ئەو بڕیارەماندا... من شەش مانگە ئۆتۆمبێلەكەم بۆ غاز گۆڕیوە، چونكە كاتێك بەنزین گرانبوو، پەیداكردنی بژێوی ژیان بە تەكسی قورس بوو، دەبوو پارەیەكی زیاتر لەسەر كرێی گواستنەوە دابنێین، ئەوەش نەدەكرا".
من شەش مانگە ئۆتۆمبێلەكەم بۆ غاز گۆڕیوە، چونكە كاتێك بەنزین گرانبوو، پەیداكردنی بژێوی ژیان بە تەكسی قورس بوو
هیوا وتی بەر لە گرانبونی بەنزین و بە ئاسانی دەستكەوتنی، كێشەیان نەبووە و بەئاسانی بژێوی ژیانیان پەیداكردووە و هاوڵاتیانیش گلەییان لە نرخی گواستنەوە نەبووە.
بەگشتی ساڵێك زیاترە قەیرانی بەنزین لە بەنزینخانە حكومییەكانی كەركوك و تەواوی عیراق دروستبووە، ئەوەش وایكرد لەچەند پارێزگایەك لەوانەش كەركوك پێدانی بەنزین بكرێت بە كۆبون، بەو مەرجەی شۆفێر خەڵكی هەمان پارێزگا بێت.
هیوا وتی "سەربارى ئەوەى ترسی تەقینی تەنكی غازەكەمان هەبوو وەك هەندێك دەڵێن مەترسیدارە، بەڵام كە بەنزین گرانبوو ناچاربوین بیكەنە غاز".
وەزارەتی ناوخۆی حكومەتی عیراق لە ساڵی 2019ەوە شۆفێرانی تەكسی ناچاركردووە ئۆتۆمبێلەكانیان بكەن بە غاز،بەبێ ئەوە، ساڵنامەكانیان بۆ نوێنەدەكرایەوە.
"ئەو بڕیارە ناچاریی بوو، بەڵام گرانبونی بەنزین هۆكاری سەرەكی بوو"، هیوا وایوت.
لەگەڵئەوەشدا هیوا وتی "متمانەم بە غاز نییە بۆ ئۆتۆمبێل، هەركات بەنزین هەرزان بێت، دەیكەمەوە بە بەنزین". لەبارەی ئەوەی بۆچی متمانەی بە غاز نییە، وتی "دەڵێن دەتەقێتەوە، بۆیە دەترسین، لەگەڵ بەنزین راهاتوین و پێمانباشترە".
ئەوە چیرۆكی هەزاران شۆفێری تەكسی و ئۆتۆمبێلی تایبەتە لە كەركوك.
گۆڕینی بەنزین بە غاز، بریتییە لە دانانی تەنكی غاز و چەند كارێكی تری میكانیكی كە وەستای تایبەت دەیكات.
محەمەد ئەکرەم، فیتەرە و كاری گۆڕنى تۆتۆمبیلى بەنزین بۆ غاز دەکات، دەڵێن لە دوو ساڵی رابردودا تەنیا شۆفێرانی تەكسی دەهاتنەلای، بەهۆی بڕیارەكەی وەزارەتی ناوخۆی عیراقەوە، بەڵام ئێستا شۆفێرانی ئۆتۆمبێلی تایبەتیش سەردانی دەكەن، وتی "سەردانیكەرم زۆر بووە".
لەبارەی ئەوەی ئایا تاچەند مەترسی هەیە، محەمەد وتی "كەوتۆتە سەر كواڵیتی تەنكییەكە، لێرە تەنكی ئیتاڵی و توركی كواڵیتی زۆر باشە و جێی مەترسی نییە، بەڵام تەنكی ئێرانی باش نییە، ئەوە دەكەوێتە سەر خواستی شۆفێر".
سەرەڕای ئەوەش وتی ئەوان گرەنتی نادەنە هیچ شۆفێرێك كە مەترسی بۆ ئۆتۆمبێلەكەی دروستنەبێت، "بەگشتی ساڵانە پێویستە سەیر بكرێتەوە تا بزانرێت كێشەی هەیە یان نا، چونكە هەموو تەنكییەك دوای چەند ساڵێك نیشانەكانی بەكەڵكنەهاتنی دەردەكەوێت". وتیشی كە لەم چەند ساڵەدا نەیبیستووە لە كەركوك ئۆتۆمبێلێكی غاز تەقیبێتەوە.
محەمەد زیاتر وتی "زۆرینەی هەر زۆری ئەوانەی سەردانم دەكەن، دەڵێن غاز لەڕوی ئابورییەوە تێچوی كەمترە، بۆیە پەنا بۆ گۆڕینی تەنكی بەنزین دەبەن".
زۆرینەی هەر زۆری ئەوانەی سەردانم دەكەن، دەڵێن غاز لەڕوی ئابورییەوە تێچوی كەمترە
بۆ هەر ئۆتۆمبێلێكی تایبەت، ئیدارەی كەركوك لە پێنج رۆژ جارێك 50 لیتر بەنزین بە شۆفێران دەدات، بەڵام بڕەكە بۆ تەكسی و ئۆتۆمبێلی بارهەڵگر زیاترە.
بەگشتی شۆفێران دەڵێن تێچوی غاز دوو هێندە كەمترە لە تێچوی بەنزین.
هیچ ئامارێكی رەسمی نییە ژمارەی ئەو ئۆتۆمبێلانە بخاتەڕوو كە لە پارێزگای كەركوكدا كراون بە غاز، بەڵام بەگشتی شەش مانگی رابردوو خواست لەسەر بەكارهێنانی غاز زیاتر بووە.
حسێن عەلى، شۆفێرێكی تری تەكسییە لە كەركوك، وتی "من سێ ساڵ لەمەوبەر كردمە غاز، چونكە هاتوچۆی كەركوك ئامادەنەبوو ئۆتۆمبێلەكەم بەناومەوە بكات، بەڵام توشی هیچ مەترسییەك نەبوم".
لە سەرەتای ئەمساڵەوە وەزارەتی ناوخۆ بڕیارەكەی بۆ شۆفێرانی تەكسی گۆڕی و ئازادی كردن لەوەی غاز بەكاردەهێنن یان بەنزین، وەك عامر نەریمان، وتەبێژی هاتوچۆی كەركوك جەختیلێكردەوە، بەڵام لەگەڵئەوەشدا حسێن عەلی دەڵێت "بەنزین گرانە و من هەر غاز بەكاردەهێنم".
عامر نەریمان، بە (كەركوك ناو)ی وت "بڕگەی ناچاركردنی شۆفێرانمان بە گۆڕینی تەنكی ئۆتۆمبێلەكەی لە بەنزینەوە بۆ غاز لابردووە و ئێستا ئازادان و دەتوانن هەرچۆنێك بێت ساڵنامەكانیان نوێبكەنەوە".
بڕگەی ناچاركردنی شۆفێرانمان بە گۆڕینی تەنكی ئۆتۆمبێلەكەی لە بەنزینەوە بۆ غاز لابردووە
بۆ ئەو شۆفێرانەی ئۆتۆمبێلەكانیان دەكەن بە غاز، بەگشتی هاتوچۆی كەركوك رێنمایی شۆفێران دەكات كە پێویستە ئۆتۆمبێلەكانیان نوێ بێت، تا كێشەیان بۆ دروستنەكات. لەگەڵ دڵنییایپێدانی شۆفێران و هاوڵاتیان لەوەی جێی مەترسی نییە.
بەپێی بەدواداچونی (كەركوك ناو)، ئەو غازەی بەكاردەهێنرێن بۆ ئۆتۆمبێل، بەرهەمی ناوخۆییە و بە ئاسانی دەستدەكەوێت.
حسێن عەلی كە سێ ساڵ لەمەوبەر ئۆتۆمبێلەكەی كردووە بە غاز، دەڵێن ئەوكات بە ئاسانی فیتەرت دەستدەكەوت، ئێستا دەبێت چەند مانگێك سەرەبگرێت.
زۆرینەی شۆفێران پەنا بۆ كۆمپانیای غازی كەركوك دەبەن كە لە ئێستادا بەشێكی تایبەتیان كردۆتەوە بۆ كاركردن بۆ ئەو شۆفێرانەی ئۆتۆمبێلەكانیان دەگۆڕن بە غاز. زیاتر شۆفێر لێرەدا پێویستە سەرەبگرێت.
لایەنێكی باشی پەنابردن بۆ كۆمپانیاكە لای شۆفێڕان ئەوەیە خزمەتگوزاریی چاككردنەوەیان هەیە ئەگەر دەركەوت ئۆتۆمبێلەكە بەهۆی غازەوە كێشەی هەیە.
حسێن عەلی وتی "ئەگەر لای ئەوان تەنكییەكەت نەگۆڕیبێت، لەو خزمەتگوزارییە بێبەش دەبیت".
"سەرەتا و تاڕادەیەك ئێستاش هەر سەرنشینێك بیزانیایە تەكسییەك بە غاز كاردەكات، زۆر دەترسا و تا دەگەیشتینە شوێنى مەبەست دوعاى خێرى دەکرد".
یاسین عەبدوڵا (48 ساڵ)، هاوڵاتییەكی كەركوكە، یەكەم چیرۆكی گەشتكردنی لە كەركوكەوە بۆ بەغدا بە ئۆتۆمبێلی غاز گێڕایەوە و وتی "كۆتایی مانگی رابردوو (تشرینی یەكەم)، ویستم بە كیا بچم بۆ بەغدا لە گەراج سەركەوتین و هەر لەناو شاری كەركوك وتی غازم نەماوە با غاز تێبكەم، ئیتر ترس دایگرتین، تا گەیشتمە بەغدا هەستمكرد لەسەر تێنتییەك دانیشتوم".
ئەو وتی "كێشەكە متمانەیە، من متمانەم بەم حكومەتە نییە كە ئەو غازە بەرهەمدەهێنێت، ئێرە وڵاتێكی گەرمە و بەڕاستی لێی دەترسم".