هێشتا بەنزینخانەكانی كەركوك جمەیان دێت؛ بەهۆی ئەو قەیرانەی نزیكەی مانگێكە بەردەوامە، سەرباری لانیكەم پێنج گردبونەوەی ناڕەزایی شۆفێران لەگەڵ دەركردنی چەندین بڕیار و راسپاردەی جیاوازی كۆمەڵێك كۆبونەوەی لایەنە پەیوەندیدارەكانی ئیدارەی پارێزگا.
بەپێی بەدواداچونی (كەركوك ناو)؛ هەر شۆفێرێك بۆ وەرگرتنی بەنزینی حكومی بەپێی رێكارەكانی كۆمپانیای دابەشكردنی بەرهەمە نەوتییەكان پێویستە لانیكەم دوو كاتژمێر لە سەرەیەكی دوردرێژدا چاوەڕێبكات، لەكاتێكدا گەرمای كەركوك زیاتر لە 42 پلەی سیلیزییە.
بەشدار جیهاد، شۆفێرێكی كەركوكە و دەڵێت لە هەفتەیەدا تەنیا بڕی 50 لیتر بەنزینی حكومی پێدەدرێت، ئەوەش بەشیان ناكات، "چونكە بەهۆی گەرمای زۆرەوە بەردەوام فێنككەرەوەی ئۆتۆمبێلەكانمان كاردەكات و بەنزینی زیاتر لە جاران سەرف دەكەین" ناوبراو بۆ (كەركوك ناو) وای وت.
دوایین گردبونەوەی ناڕەزایی دوێنێ پێنجشەممە 23ـی حوزەیران بوو، تیایدا شۆفێران داوایانكرد، لەبری هەفتەیەك یان هەشت رۆژ، بە پێنج رۆژ جارێك بەنزینی حكومییان بەسەردا دابەشبكرێت.
هەر ئۆتۆمبێلێكی تایبەت لە پارێزگای كەركوك، بەپێی كۆبۆنی حكومی، بە هەشت رۆژ جارێك بڕی 50 لیتر بەنزینی حكومی بە نرخی 450 دینار بۆ هەر لیترێك پێدەدرێت، هەروەها ئۆتۆمبێلی تاكسی لەو ماوەیەدا بڕی 120 لیتر و بارهەڵگریش بڕی 80 لیتریان بە هەمان نرخ پێدەدرێت.
ڤیدیۆ: 23ـی حوزەیرانی 2022/ گردبونەوەی شۆفێران لە كەركوك دژی قەیرانی بەنزین
ئەوەش لەكاتێكدایە بەوتەی شۆفێران، ئەو بڕە بەنزینە بەشی هەشت رۆژیان ناكات بەهۆی كارپێكردنی فێنككەرەوە، بۆیە زۆرینە دەچنەوە بەردەم بەنزینخانەكان و دەیانەوێت هەرچۆنێك بێت جارێكیتر بەنزین وەربگرنەوە، بەوەش قەرەباڵغی دروستدەبێت.
راكان سەعید جبوری، پارێزگاری كەركوك بەوەكالەت لە چاوپێكەوتنی (كەركوك ناو)ـدا وتی یەكێك لە چارەسەرەكانی قەیرانی بەنزین ئەوەبووە بەشە بەنزینی ئۆتۆمبێلی هاوڵاتیانیان بە رێژەی سەدا 30 زیادكراوە بەراورد بە مانگی پێشوو، تا ئەو رێكارەش بەردەوامبێت داواكارن لە وەزارەتی نەوت، بەشە سوتەمەنی كەركوك نزیكەی 300 هەزار لیتر لە رۆژێكدا زیادبكات.
ئەو بڕیارەی پارێزگار باسیدەكات؛ دابەشكردنی بەنزینی حكومی بوو بەسەر شۆفێراندا هەر پێنج رۆژ جارێك لە بری هەشت رۆژ جارێك، بەڵام تەنیا چەند رۆژێك بڕیارەكە كاری پێكرا.
لقی كەركوكی دابەشكردنی بەرهەمە نەوتییەكان لە چەناڵی تایبەتی خۆی لە تیلیگرام، شەوی چوارشەممە 22ـی حوزەیران بڵاویكردەوە، كاركردن بە رێكاری پێدانی بەنزین هەر پێنج رۆژ جارێك بەردەوامدەبێت، بەڵام كاتێك رۆژ بۆوە، بەپێچەوانەوە رایانگەیاند لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی گشتییەوە لە بەغدا ئاگاداركراونەتەوە، ناتوانن ئەو رێكارە جێبەجێبكەن و پێویستە هەشت رۆژ جارێك بەنزین بە شۆفێران بدرێت، بەوپێیەی لە هەموو ناوچەكانی دیكەش خواست لەسەر بەنزین زۆر بووە.
عومەر حەمەساڵح، بەڕێوەبەری لقی كەركوكی دابەشكردنی بەرهەمە نەوتییەكان پێشتر بە (كەركوك ناو)ـی وت بەپێی چەند رێكارێكی نوێ لەمەودوا كار بە سیستەمی ئەلیكترۆنی كۆبۆنی بەنزین دەكرێت، بەشێوەیەك هەر ئۆتۆمبێلێك لە داتایەكی یەكگرتودا تۆماردەكرێن تا نەتوانن لەو ماوەیەی دیاریكراوە دووجار و لە دوو بەنزینخانەی جیاواز هەوڵی وەرگرتنی بەنزین بدەن.
بەپێی رێكارەكانی دیكە وەك ناوبراو رونیكردەوە، دابەشكردنی بەنزینە بەسەر شۆفێراندا لە هەفتەیەكدا دووجار.
هەر لە كەركوك، سێ بەنزینخانە تەرخانكراون تا بەنزینی حكومی بە نرخی هەزار دینار بۆ لیترێك بەو شۆفێرانە بفرۆشن كە كۆبۆنیان نییە یاخود گەشتیارن یان هاتوچۆ بە سنوری كەركوكدا دەكەن، بەڵام ئەو بەنزینخانانەش سەرەی دوردرێژیان بۆ گیراوە.
كۆبۆنی بەنزین بەپێی چەندین رێنمایی و مەرج دەردەكرێت؛ لەوانە پێویستە ئۆتۆمبێلەكە بەناوی خۆتەوە بێت، یان بریكارنامەی پەسەندكراو بۆ ئەوانەی ئۆتۆمبێلەكە بەناوی خۆیانەوە نییە، لەگەڵ وێنەیەكی ئۆتۆمبێلەكە، بەشێوەیەك تابلۆكانی بەڕونی دەركەوتبن و بۆنیتەكەی كرابێتەوە، هەروەها شۆفێر و ئۆتۆمبێلەكەی لەبەردەم وێستگەیەكدا ئامادەبن و ساڵنامەكەی بەسەرنەچوبێت.
"پێشتر هیچ نەبێت هاوكاری ئافرەت دەكرا تا زوتر بەنزین وەربگرن و بەبێ ئەوەی لەسەرەدا بوەستێت، بەڵام بەپێی رێكارەكانی كۆمپانیای دابەشكردنی بەرهەمە نەوتییەكان دەبێت هەر شۆفێرێكی ئافرەت ئۆتۆمبێل بەناوی خۆیەوە بێت ئینجا بەنزینی پێدەدەن" شەهلا عەلی بۆ (كەركوك ناو) وای وت، ئەو دەڵێت فەرمانبەرە و ناتوانێت كاتێكی زۆری رۆژەكەی لەسەرەی بەنزیندا بەڕێبكات چونكە ئەركی دەرەوە و ماڵەوەشی لەسەرشانە.
لیژنەی باڵای ئەمنی پارێزگای كەركوك، لە ناوەڕاستی ئەم مانگەدا رەزامەندی وەزارەتی نەوتی عیراقی وەرگرت تا گۆڕانكارییەكانی پێدانی بەنزین جێگیربكات، بەوەش هەر پێنج رۆژ جارێك شۆفێرانی ئۆتۆمبێلی تایبەت بڕی 50 لیتر بەپێی كۆبۆن وەربگرن، سێ بەنزینخانەش بەنرخی 900 دینار بۆ لیترێك و بەبێ كۆبۆن بەنزین دابەشبكەن.
لە كەركوك بە ئامانجی نەهێشتنی قەرەباڵغی بەنزینی موحەسەن نەماوە و لەبری ئەوە بەنزینی حكومی بەپێی رێنمایی و رێكارە حكومییەكان دابەشدەكەن.
سەرچاوەیەكی ئاگادار لە دۆسیەی بەنزین بە (كەركوك ناو)ـی وت "هەموو كێشەكە لە ئەستۆی حكومەت نییە، هاوڵاتیانیش هۆكارن و سەرباری ئاگاداركردنەوەی زۆر، بەڵام كۆبۆنی بەنزین وەرناگرن و ناچارن بەنزینی بازرگانی (لیتری بە 1200 دینارە) بكڕن و لە بەنزینی حكومی بێبەشدەبن".
لە كەركوك 27 بەنزینخانەی حكومی و 68 بەنزینخانەی ئەهلی هەن، كە بەنزینی حكومی 450 دیناری بەپێی كۆبۆن دابەشدەكەن، لەو ژمارەیەش سێ بەنزینخانەیان بەنزینی حكومی بە نرخی بازرگانی بۆ هەر لیترێك هەزار دینار بەبێ كۆبۆن دابەشدەكەن.
بەنزینخانەكانی ناوشار تا 12ـی شەو كراوەن، سێ بەنزینخانە ئەوانیش ئەندەلوس، بەلەدیە و باباگوڕگوڕ 24 كاتژمێر كراوەن و لە قەزا و ناحیەكانیشدا تا كاتژمێر 8ـی ئێوارە بەنزین دابەشدەكرێت.
گەیلان قادر، ئەندامی پەرلەمانی عیراق لە پشكی كەركوك بە (كەركوك ناو)ـی وت ئەوە یەكەمجارە نییە قەیرانی بەنزین روبدات و هۆكارەكەیشی تەنیا كەمی بەشە بەنزینی كەركوك نییە، بەڵكو نەمانی بەنزینی جۆری موحەسەن و هەروەها تارادەیەك قەیرانێكی جیهانیشە، بۆیە هەوڵدەدەن لەگەڵ پەرلەمانتارانی دیكە و ئیدارەی پارێزگاكە تا چارەسەرێكی یەكجاریی بۆ ئەو قەیرانە بدۆزنەوە.
پارێزگای كەركوك (ژمارەی خەمڵێنراوی دانیشتوانەكەی زیاتر لە ملیۆنێك و 700 هەزار كەسە)، رۆژانە بڕی ملیۆنێك و 500 هەزار لیتر بەنزینی حكومی بۆ دابیندەكرێت.
راكان جبوری دەڵێت هەوڵیانداوە بۆ بەرەنگاربونەوەی قەیرانی بەنزین پشت بە چارەسەری واقیعی ببەستن، كە هۆكارێكی ئەو كێشەیەش جیاوازی نرخی بەنزینە لە نێوان كەركوك و هەرێمی كوردستاندا، چونكە ئەو جیاوازییە دەگاتە سەدا 60، بۆیە تا وەزارەتی نەوت هاوكاری زیاتری پارێزگاكە نەكات لەروی دابینكردنی سوتەمەنی زیاترەوە، ئەوا قەیرانەكە هەر لە كەركوك دەمێنێت.
نرخی یەك لیتر بەنزینی نۆرماڵ لە هەرێمی كوردستان 1200 دینارە و بەهۆیەوە بەشێك لە شۆفێران دەچنە كەركوك و ناوچەكانی دیكەی هاوسنوری پارێزگاكانی هەرێم بۆ وەرگرتنی بەنزین.