راكان سەعید جبوری، پارێزگاری كەركوك بەوەكالەت دەڵێت لە پێدانی كارەبادا دادپەروەری بەرانبەر پارێزگاكە ناكرێت و بەهۆی بنیاتنەنانی پاڵێوگەیەكی سوتەمەنیشەوە، روبەڕوی قەیرانی دابینكردنی بەنزین دەبنەوە.
جبوری لە چاوپێكەوتنێكی (كەركوك ناو)ـدا ئاماژەی بەوەدا هەوڵیانداوە بۆ بەرەنگاربونەوەی قەیرانی بەنزین پشت بە چارەسەری واقیعی ببەستن، كە هۆكارێكی جیاوازی نرخی بەنزینە لە نێوان كەركوك و هەرێمی كوردستاندا، چونكە ئەو جیاوازییە دەگاتە سەدا 60، بۆیە تا وەزارەتی نەوت هاوكاری زیاتری پارێزگاكە نەكات لەروی دابینكردنی سوتەمەنی زیاترەوە، ئەوا كێشەكە لە كەركوك هەر دەمێنێت.
نرخی یەك لیتر بەنزینی نۆرماڵ لە هەرێمی كوردستان 1200 دینارە و بەهۆیەوە بەشێك لە شۆفێران دەچنە كەركوك بۆ وەرگرتنی بەنزین كە نرخی یەك لیتر بەپێی كۆبۆنی حكومی تەنیا 450 دینارە.
پارێزگاری كەركوك دەڵێت یەكێك لە چارەسەرەكان ئەوەبووە بەشە بەنزینی ئۆتۆمبێلی هاوڵاتیان بە رێژەی سەدا 30 زیادكردووە بەراورد بە مانگی پێشوو، تا ئەو رێكارەش بەردەوامبێت داواكارن لە وەزارەتی نەوت، بەشە سوتەمەنی كەركوك نزیكەی 300 هەزار لیتر زیادبكات.
ئیدارەی كەركوك رۆژانە زیاتر لە ملیۆنێك و 100 هەزار لیتر بەنزین لەڕێی 22 بەنزینخانەی حكومییەوە دابەشدەكات.
راكان جبوری دەڵێت حكومەتە یەك لەدوای یەكەكانی عیراق پاڵێوگەی بەرهەمهێنانی بەنزینیان لە كەركوك بتیاننەناوە، بۆیە ئەوان بون بە قوربانی كۆمپانیا حكومی و ئەهلییەكان، بەوپێیەی بەنزینیان لە كۆمپانیاكانی قەیوان، كار و بێجییەوە بۆ رەوانە دەكرێت و هەر كاتێك لەو پاڵێوگانە كێشە هەبێت، ئەوا قەیرانی بەنزین لە پارێزگاكە سەرهەڵدەدات.
ڤیدیۆ: حوزەیرانی 2022/ چاوپێكەوتنی راكان جبوری، پارێزگاری كەركوك بەوەكالەت لەگەڵ (كەركوك ناو)
پارێزگاری كەركوك سەبارەت بە دۆسیەی كارەبای نیشتمانیی پێیوایە دادپەروەرییان بەرانبەر ناكرێت لەلایەن وەزارەتی كارەباوە، چونكە لە شەوو رۆژێكدا لانیكەم 11 كاتژمێر كارەبای نیشتمانیی نییە، لەكاتێكدا بۆ پارێزگاكانی دیكە بەوشێوەیە نییە و ناوچەكانی تر لە شەوورۆژێكدا نزیكەی 22 كاتژمێر كارەبایان پێدەدرێت.
كارەبای نیشتمانیی لە شەوو رۆژێكدا نزیكەی 15 كاتژمێر لە كەركوك هەیە، بۆ پڕكردنەوەی ئەو بۆشاییەی دروستدەبێت ئیدارەی كەركوك پشت بە 733 مۆلیدەی ئەهلی دەبەستێت.
خاوەنی مۆلیدە ئەهلییەكان زیاد لە جارێك بەهۆی كەمی بەشە گازەوە ناڕەزایەتییان دەربڕیوە و چاوەڕواندەكرێت بۆ مانگی حوزەیران نرخی هەر ئەمپێرێك كارەبا بگاتە زیاتر لە 16 هەزار دینار.
جبوری دەڵێت لەسەر داواكاری ئەوان؛ ئەنجومەنی وەزیران بڕیاریداوە بەپێی ئیشپێكردنی مۆلیدە ئەهلییەكان بڕە گازیان پێبدرێت و بۆ هەر لیترێك تەنیا 250 دینار وەربگیرێت، بۆیە داواكارن ئەو بڕیارە بە زویی جێبەجێبكرێت.
حكومەت لەم مانگەدا بۆ هەر (كەی ڤی ئەی)ـەك بڕی 20 لیتر گازی بەنرخی 400 دینار بۆ هەر لیترێك بۆ مۆلیدەكان دابینكردووە، ئەوەش بەشی پێدانی 110 كاتژمێر كارەبا دەكات، بەڵام مۆلیدەكان تا ئەمڕۆ (21ـی حوزەیران) زیاتر لە 220 كاتژمێر كارەبایان بە هاوڵاتیان داوە.
راكان جبوری دەڵێت یەكێك لە چارەسەرەكانی ئیدارەكەی ئەوەیە زیاتر پشت بە وزەی خۆر ببەستن، سێ ملیار دینار تەرخانكراوە تا خوێندنگە و دامەزراوە حكومییەكان ئەو سیستەمە دابنێن و لە وزەی خۆر كارەبا وەربگرن.